بۆچى دەنووسین
10:35 - 30/10/2019
(18)
وشە
3
من دەمویست و دەمەوێت بە شیعرنووسین هەڵەکانی زمان راست بکەمەوە. هەڵە بنەڕەتییەکان، ئەو هەڵانەی لەبەرچاوی ئێمە بوون بە راست، کتێبیان لەسەر نووسراوە، لە قوتابخانەکان بوونە بە وانە، لە ئەکادیمییەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێ.
ئێمە لە ناو زماندا لەدایک دەبین، لە دەرەوەی زماندا بوونمان نامێنێ. زمان بێلایەنانە قسە ناکات، هەمیشە لایەنگرە، بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەین لێمان دەدات، هەڕەشەمان لێدەکات، تەنانەت دارکاریمان دەکات، بگرە دەمانکوژێ. منداڵ لەنێو ئەم تەونە دەلالیانە لاسایی دەکاتەوە، پەروەردە دەکرێ، فێر دەبێ. تەنانەت تاکو ماوە ئەو وشانەی کە لە قۆناغی منداڵی فێریان کردوون، یا فێریان بووە لە هەستو هۆشی رەنگدەدەنەوە، یادەوەرییەکان زیندوو دەکەنەوە. لەم رووەوە وشەکان تەنیا نین، هەمیشە کۆنتێکستێکیان هەیە: کۆمەڵایەتی، خێزان، ژینگە، شوێن، کات، گەرما، سەرما هتد. وشە، پلەی گەرمای لەگەڵ خۆیدایە. شاعیر لەم نێوەندە وەکو بکوژی وشە سەرهەڵدەدا، بکوژی زمانی دایک، زمانی فێربوو، زمانی لاسایی. شاعیر تاوانبارانە دێتە پێشەوە، یا ئاشت دەکرێتەوە بۆ ئەوەی ببێ بە ئامێری دەسەڵات، یا شاربەدەردەکرێ، چونکە خەیاڵی شاعیر سنوورەکانی مەملەکەت تێدەپەڕێنێ. ئەو پەراوێزەی کە شاعیر لێی دەژێ، شوێنێکی چالاکە، هەواگۆڕە، زیندووە.
لە نووسینی دەقە شیعرییەکانی “زەردک” ئەم کارە دژوارەم هەڵبژارد. وەک یەکێک بیەوێ تۆڵەی خۆی لە زمان بکاتەوە، دواجار لەو زمانە بگەڕێ کە لە زمانی دایک شاردرابێتەوە، لەو زمانە بگەڕێ کە لەژێر توێژەکانی زمانی یەکەم دایە. ئەمە لە لای زۆربەی شاعیران دەستدەکەوێ، بەڵام بە ئاسانی نادۆزرێتەوە. لە ناو شادەمارەکانی شاعیرانی حوجرەدا زمانێک خۆی شاردۆتەوە، کە زمانی یەکەم تێدەپەڕێنێ. بۆ نموونە، حاجی قادری کۆیی لە دوو بیچمدا خۆیمان پێدەناسێنێ، بیچمی یەکەم وەک مەلایەکی شاعیر، دووەمیان وەک دەنگێکی هاوچەرخ، بەڵام لەو نێوەندە زمانێکی شاعیرانەش هەیە، کە لە دەرەوەی ئەم دوو بیچمە دایە: “چیایە شێخ و کەوای سەوزە”، یا “ئەمن شێخم، سەرم شاخە، هەناسەم/نەسیمە، دیدەکانی، مێزەرم تەم.” دەیان وێنەی دیکەمان هەن کە زمان لە چنگی دەسەڵاتگەرایی دەفڕێننو دەیدەنە دەما باوە. “مێزەری تەم” چیمان پێ ناڵێ!
“دانە دەم با” بە مانای بەفیڕۆدانی زمان نایەت، بەڵکو بە مانای گەڕانەوەی زمان دێ بۆ دۆخە سەرەتاییەکانی، دۆخە شیعرییەکانی. ئا لێرەوە دەتوانین چەمکەکەی سوزان بێرنار بە هەند وەرگرین: چەمکی خۆڕایی.
دەشێ شاعیر هەڵگری بارستاییەکانی زمان بێ، هەڵگری هەڵەکانی زمان بێ؛ ئەو دەمەی شاعیر بە پەنجەی شایەتمان رچەکانمان بۆ دەستنیشان دەکات، کاتێک وانەکانمان بۆ دووبارە دەکاتەوە، کاتێک سەیری رابردوو دەکات وەک هەڵگری گەنجینەکانی بێگەردی. تێکڕای ئەم هەڵە و بارستاییانە، نەک تەنها لە لای شاعیری حوجرەدا هەن، بەڵکو بە درێژایی مێژووی هاوچەرخمان دووپات بوونەتەوە. نموونەکان هەند زۆرن، لێرەدا جێیان نابێتەوە. یەکێک لەو دزێوییانەی کە تووشی شیعر دەبێ “کڵێشە شیعرییەکان”ن. با لە دەسپێکدا، ئەم کڵێشانە لە رێگەی داهێنانەوە بووبێتن، بەڵام وەکو ئاسنێکی زۆر کوتراو فۆرمێکی رەقی وەرگرتووە، تووشی چەقبەستن بووە، وزەی پێ نەماوە و وەکو کڵێشەی شیعریی حازربەدەست لە کۆیادەوەرییدا چەسپ بووە. کێ “ انا اللیل و الخیل و البیداء تعرفني...” موتەنەبی لەبیرچووە؟ چۆن دەتوانین ئەو سینگ دەرپەڕاندنەمان لەبیر بچێ کە مرۆڤی بادییە لەگەڵ ئەسپ و شەو و ئازایەتی هەیبووە؟ چۆن هەست بە گرێی ئازایەتی نەکەین، کە هەموو دەزانین کە تاکی عەرەبی بیابان بەبێ بوونی قەبیلە هیچ واتایەکی نەبووە؟ ئەم شاسوارییە هەندەی وابەستەی کۆنتێکستی قەبیلەیە، هەندە وابەستەی کۆنتێکستی شیعریی نییە. تەنانەت بادییە کەوتۆتە پێش تیانووس و پێنووس!
ئەم بابەتە لە ژمارە ١٩ی پاشکۆی کولتووری زەمەن بڵاوکراوەتەوە