هەواڵ

بەر لەوەی خودا دەستی بمگاتێ

05:23 - 18/10/2019 289 جار خوێندراوەتەوە

ڤینۆس فایەق

سەدەیەک بەر لە ئێستا
کە ویستی بمکوژێ، “خودا”
یەک شەوم بەس بوو،
تا خۆر هەڵهاتن
لە باوەشی “سروشت”ا راکشێم
بۆ بەیانی، “ئاو” لە رۆحمەوە هەڵقوڵێ 
تینوێتی تاریکی پێ بشکێنم.. 
دوو بەیانی، “خۆڵ”م ببێ و
درەخت بیکاتە نیشتیمان
سێ بەیانی، “با” چاوی بە دونیا هەڵهێنی و
گوڵەکان زاوزێ بکەن
چوار بەیانی، “ئاگر”م ببێت و
بەر لەوەی خودا دەستی بمگاتێ
خۆم بسوتێنم

“ئاو”
گەر نەتوانی لە زمانی “ئاو” تێبگەیت
هەرگیز بە ئاسانی 
ناتوانی خنکان دەستەمۆکەیت و 
لە چوارچێوەی پێکەنینی بگریت..

“خۆڵ”
تا باوەڕ بە دڵسافیی “خۆڵ”
نەهێنی
لەوە تێناگەی، چ ئازارێکە
وەختێ کە خۆڵ باوەش بە ئاوا دەکات و
وردە وردە دەبێتە “قوڕ”...!!

“با”
هەتا خۆڵ نەبێتە 
دوا وێستگەی گەشتی جەستەت
لە نیازی دڵی “با” تێناگەیت،
بۆچی قوڕی دڵت دەکاتە بەرد؟ 

“ئاگر”
لە سوتانەوە بۆ سووتان
جەستەت لە ژێر ئاسمانا هەڵخە
با بزانیت لەوەتەی هەیە، “ئاگر” 
نە “با” دڵی لە سوتان سارد دەکاتەوە
نە “ئاو” دەرەقەتی هەڵقرجانی دێت
نە “خۆڵ” باکی بە قوڵپی گریانی هەیە..

* ئەم شیعرە، لە ژمارە (١٧)ی ڕۆژنامەی کولتووری "زەمەن" بڵاوبۆتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن