بۆچى دەنووسین
03:20 - 18/10/2019
وشە
(17)
مەبەست لە “خۆڕایی” ئەوەیە کە چیدی لە دیدێکی سوودمەندییەوە نەڕوانینە شیعر، بەڵکو گوێ بۆ ئەو گۆرانییە هەڵخەین کە نازانین سنوورەکانی چۆن تەواو دەبن، لێواری جەستەی چۆن کۆتایی دێت. هەروەک دەزانین “عەشق” عەشقێکی سوودمەندانە تەواویی ئەدەبییاتی شیعری ئێمەی داگیرکردووە، هەر لە بەیت و داستانەکانەوە تا گۆرانی شایەرانمان، ئینجا تەواوی غەزەلیاتی حوجرەمان، بە سۆفیگەریی و پرۆفانییەوە، بە رەمزە دنیەویی و بەهەشتییەکەیەوە، عەشقێکی سوودمەندانە زەینی شاعیرانی ئێمەی داگیرکردووە. عیشقی سوودمەندانە لە سەر سنوور و گەمەکانی سێبەر و رووناکی ون و دیار، ئێرە و ئەوێ دەبارە و سەت بارە بۆتەوە. هەمیشە “منێک” خۆی قوت کردۆتەوە لە نێو هاوکێشەکانی عەشقدا و لە دەوەری چەمکێکی سوودمەندگەرادا خۆی کریستاڵە کردووە. وێنەکانی “مەستورە”، “حەبیبە”، “شیرین” هتد، تێکڕای “جەستەی ونی ئەوی دیکە” بووە بە خەون، خەونی گەیشتن بە یار، گەیشتن و دوورکەوتنەوە کۆتایی بەم گەمانە هێناوە و دەرگا و پەنجەرەی شیعرییمانی لەسەر داخستوون.
بەڵام شیعر بە لای منەوە، بە تێکشکاندنی هۆشیاریی دەستی پێکرد. چونکە ئەوەی شیعر تێکدەشکێنی خودی هۆشیارییە، کاتێک هۆشیاریی دارەڕا و ستوونەکانی شیعر رادەگرێ، وشە وەک یەکەیەکی واتادار دەکەوێتە بەر بەزەیی هۆشیارییەوە. شیعر دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکان، سەرەتای دروستبوونی زمان کە ئاماژەکان منداڵدانی زمانن. سەرەتا مرۆڤ بە ئاماژە دنیای خۆی دەستنیشان کردووە و دواتر ناوی لە شتەکان ناوە. “ناونان” بە واتای زیندانی کردنی وشە دێ، بۆ نموونە “گوڵ” لە زمانی ئێمەدا وەک لە زمانەکانی دیکەشدا، بە بەشێکی رووەک دەگوترێ کە هەم بۆ رازاندنەوە و جوانی دادەنرێ، هەم هەڵگری بەر و بەرهەمێکی دیاریکراوییشە. ئایا بەکارهێنانەوەی وشەی “گوڵ” لە نێو دەقێکی شیعریی، بە هەمان واتا و تێگەیشتنەوە چیمان پێ دەڵێ، جگە لە تێکدانی چێژی شیعریی و زاڵبوونی چێژێکی باو و سەپاو؟
ناشێ شیعر بگەڕێتەوە بۆ رێفێرانسە(مەرجەع) واقیعییەکەی، بەڵکو دەبێ لێی دووربکەوێتەوە تا دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ. کە دەگوترێ “شیعر”مەبەست لە تێکڕای وشەکانە. هەموو گەڕانەوەیەکی شیعر بۆ رێفێرانس، شیعر دەخاتە ژێر باری ئایدیۆلۆژی بە هەموو جۆرەکانیەوە. باختین دەڵێ هەموو دەربڕینێک ئایدیۆلۆژییە. بۆیە ئیشی شاعیر بە بۆچوونی من کوشتنی وشەیە، هەڵپچڕینێتی لە زەمینەکەی خۆی، تەنانەت دەبێ لە رەگەوە هەڵکێشرێ، کوشتن بۆ ئەوەی شاعیر بە نەفەسی تایبەتی خۆی زیندووی بکاتەوە، هەڵپچڕان بۆ ئەوەی سەرلەنوێ لە تەونێکێ نوێدا پەیوەندییەکانی بۆ دروست بکاتەوە، رەگهەڵكێشان بۆ ئەوەی لەسەر زەمینی خودی شاعیر سەرلەنوێ بیڕوێنێتەوە. زۆرجار تێنەگەیشتنی” خوێنەری ئێمە لێرەوە سەرچاوەی گرتووە. شیعر دەبێ خوێنەر بباتە نێو جیهانێکی ترەوە، جیهانێکی نوێیەوە و دەبێ سەیری هەموو ئاڕاستەکان بکات تووشی ساتمەکردن نەبێ.
دواجار هەموو وشەیەک “هەڵەیەکە”؛ واتە، تەنها رێککەوتنێکی زیمنی واتای پێبەخشیوە، بۆیە ئەوەی شاعیر دەیکات، چاککردنەوەیەکی هەڵەیەکی سەرەتاییە، تاکو دەسەڵاتی موتڵەق بگەڕێنێتەوە بۆ وشە. نەک تەنها هەڵەیەکە، بەڵکو هەموو وشەیەک زیاد لە پێویست بارگاوییە بە دەسەڵاتی ئایینی، بە دەسەڵاتی سیاسی، بە دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی هتد. کاتێک وشە دەگاتە لای خوێنەر، پێش ئەوەی شاعیر هیچی گوتبێ، سێبەری دەیان مانا لە لای خوێنەر ئامادەگییان دەبێ، کەواتە خوێنەر لەسەر رچەیەکی هەڵەیە، بۆیە شاعیر دەیەوێ راستەڕێی شیعر بگەڕێنێتەوە بۆ خوێنەر، راستەڕێیەکی سەختە و دژوارە، بەڵام شیعرییانەتریانە. هەموو کولتوورەکان ستەم لە وشەکان دەکەن، ئاوسی دەکەن، بۆیە دەبێ شاعیر ئەم وشانە لە کولتوور داببڕێ، لە رەگوریشەی مێژوویی خۆیان دایانماڵێنێ و رۆحێکی دیکەیان بکاتەوە بەر. ئایا ئەم کردیە بە شێوەیەکی رەها روودەدات، بە بڕوای من نەخێر، بەڵام شاعیر دەبێ چاوساغانە هەنگاو بەرەو ئەم هەرێمە دژوارە بنێ.
* ئەم بابەتە لە ژمارە (١٧)ی ڕۆژنامەی کولتووری "زەمەن" بڵاوبۆتەوە