هەواڵ

جان دۆست: رۆمان داستانی سەردەمە و کتێبی پیرۆزی سەدەیە

03:26 - 17/10/2019 189 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: ئیدریس عەلی

جان دۆست، رۆماننووسی ناوداری کورد،  یەکێکە لە ناوە دیارەکانی ڕۆمان، کە بە زمانەکانی تورکی و عەرەبی و فارسی و کوردی خوێنەرێکی زۆری هەیە.

ئەو خەڵکی کۆبانێیە و لە ئەوروپا دەژی، لەم دیدارە تایبەتەی “کولتووری زەمەن” دا، سەبارەت بە ئەزموونی خۆی دەدوێت و باس لە نوێترین رۆمانیشی دەکات، کە لەم چەند رۆژەی پێشوودا کاری وەرگێڕانی تەواو بووە.

* لە زۆربەی رۆمانەکانتا بە قووڵی کار لەسەر ئایین و مێژوو، ململانێ کولتووری و بەریەککەوتنی شارستانییەتەکان دەکەیت، بەڵام خۆت وەک نووسەر بێلایەن دەگریت لەنێو رووداوەکاندا، تا چەند گرنگە نووسەر لە تێکستەکاندا تەنها گێڕەرەوە بێت و بێلایەنی خۆی بپارێزێت؟
-بێگومان پێویستە نووسەر پابەندبێ بە بێلایەنییەوە. لە کاتی خستنە رووی بابەتێكدا کە شوێنی ململانێیە، بەڵام ئەز بۆچوونم وا نییە کە بێلایەنی بە واتای ئەوە بێت کە رۆماننووس بیروبۆچوون و ئایدیاکانی لە رێگەی کەسایەتییەکانییەوە نەخاتەروو. بۆ نموونە با لە رۆمانی زۆربای یۆنانیی کازانتزاکیس بڕوانین، ئایا  بێلایەن بوو، یان زۆر بە روونی بۆچوونەکانی خۆی خستووەتە روو؟ ئایا “جاک لندن”ی ئیرلەندی لە رۆمانی گورگی دەریا بۆچوونی خۆی خستووەتە روو یان نا؟ ئەی جۆرج ئۆرێڵ”ی گەورە نووسەری ئینگلزی چی خستووەتە روو لە هەردوو رۆمانی (مەزرای ئاژەڵان و 1984)دا؟ ئەو بۆچوونانەی لە رۆمانەکانی فرانتز کافکا و دینۆ بۆتزای خراونەتە روو هی کێیە؟

بۆیە حەز دەکەم راشکاوبم لەگەڵت، من پێموایە پرسی بێلایەنی بۆ رۆماننووس بە واتای بە وریایی مامەڵەکردن لەگەڵ لۆژیکی کەسایەتییەکانیی دێت. بەڵام رۆماننووسی رۆشنبیر کاتێ لەسەر زاری کەسایەتیی ئافرەتێکی لادێیی سادە و ساکارەوە قسە دەکات، پێویستە زمانەکەی و بۆچوونەکانی بکات بە بەری خۆیدا. گونجاو نییە بۆ رۆماننووسێک باس لە جوتیارێکی سادەو ساکار بکات و گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایەکی زانکۆ بکات لەسەر پرسێکی مەعریفیی ئاڵۆز. یەکێ لەو لایەنانەی  رەخنەم لە مەولانا و ئەحمەدی خانی گرتووە ئەو بابەتەیە، زمانەکەی یەک شێوەو یەک ستایلە لەسەر زاری کەسایەتییەکانی، دواجار دەبینین بۆچوونە فەلسەفییەکان دەردەبڕێت، لەگەڵ ئەوەی کەسایەتییەکان سادەن، وەک فاڵچییە پیرەکە لە کۆشک، هەروەها تێبینی دەکەین سەلیم بەرەکات کەسێتییەکانی بە ئاستێکی زۆر بەرز قسە دەکەن، لە کاتێکدا لە بنەڕەتدا کەسایەتیی سادەی ناو ژیانن.!

 * ئیشکردن لەسەر کاراکتەرە مێژووییەکان قورسترین شێوازە بۆ نووسینی رۆمان، تۆ چۆن توانیوتە لەم بابەتەدا سەرکەوتوو بیت؟
- لەڕاستیدا لەوبارەوە زۆر نیگەرانیی و بارگرانیم هەیە، زۆرینەی رۆمانەکانم مێژوویین، ئەو کارەکتەرانەی تێیدان، ئەوانەن کە سنووردارن بە زەمەنێکی مێژوویی، کە دەکاتە سەدان ساڵ پێش زەمەنی خۆمان. ئەو کەسایەتیانەش دەیانکەم بە تەوەری رۆمانەکانم پێویستە تەوەری لێکۆڵینەوەو وردبوونەوە و تاوتوێکردنی قووڵ بێت. خۆ ناکرێت رۆمان لەسەر کەسێ بنووسم کە نایناسم،  بۆ نموونە رۆمانم لەسەر ئەحمەدی خانی نووسیووە، شارەزای زمان و بۆچوونەکانی خانی بووم لە رێگەی دیوانە شیعرییە نایابەکەی (مەم و زین) ئاوێتەی کەسایەتییەکانی بووم و خەم و ئازار و خەونەکانیم هاتووەتە بەرچاوو، بە خەیاڵێکی قووڵ لێی وردبوومەتەوە ئەوسا دەستمکردووە بە نووسینی رۆمانی(میرنامە) من هەموو کات ئەوەم وتووە گەر (مەم و زین)ی خانیم بەو قووڵییە نەخویندایەتەوە، نەمدەتوانی میرنامە بەو شێوەیە بنووسم.

* ھەمیشە لە رۆمانەکانتا فەزایەکی شیعری و عاشقانە ھەست پێدەکرێت، بەڵام عەشقەکە تەنکە و زۆر ناچێتە قووڵاییەوە و خوێنەر لە تامەزرۆییدا دەھێڵیتەوە... ئەم حاڵەتە بۆ وایە؟
-من بە شێوەیەکی گشتی چیرۆکی خۆشەویستیی نانووسم، یان راستترە لەوانەی خۆشەویستی وەک چوارچێوەیەک یان جیاکەرەوەیەکی لاوەکی کە بوونی هەبێ بەکار بێنم، بۆیە خوێنەر هەست دەکات ئەو چیرۆکە خۆشەویستییەی باسی لێوە دەکەم نەزۆکە. خۆشەویستی بەهای باڵایە. هێڵکاریی و رۆمانێکی دەستنووسم هەیە لەسەر خۆشەویستی، لەوانەیە سەرکەوتووبم لە گواستنەوەی کەشی گشتی خۆشەویستی، بە ناوەڕۆکە جوان و غەمگینەکانیەوە. گرنگ ئەوەیە چیرۆکەکانی خۆشەویستی لە رۆمانەکانم ئاوا نابێت، ئەویش چیرۆکە پەیوەستەکانە  بە رووداوی گشتییەوە. گەر سەرنج بدەن هەمیشە کۆتایی شادی و ئارامی بۆ رۆمانەکانم دانانێم، بە بۆچوونی من خۆشی و شادوومانی دژن، یان لانیکەم پێچەوانەی یەکترین.  

 * ئێستا لە باشووری کوردستان رۆماننووسین بووەتە مۆدێل و چاولێکەری... تۆ قسەت چییە لەم بارەوە؟ 
-ئەو دیاردەیە بە تەنها کوردستانی باشووری نەگرتووەتەوە، بەڵکو بووە بە دیاردەیەکی جیهانیی و لە ئاستی جیهاندا گرنگییەکی لە رادەبەر هەیە بۆ نووسینی رۆمان و بایەخی رۆمان. با وڵاتانی عەرەبی بە نموونە وەربگرین، ژمارەی ئەو رۆمانە عەرەبییانەی لە پێشبڕکێیەکدا هەڵبژێراون بۆ خەڵاتێکی گەورە، گەیشتووتە نزیکەی دوو هەزار رۆمان.! ئەمەش شتێکە جێگەی بڕواپێکردن نییە و جێگەی سەرسوڕمانی خوێنەرانە.! راستە رەنگە زۆریان بە رۆمان ئەژمار نەکرێن، بەڵام ئەم کرانەوە گەورەیە بە رووی رۆماندا هێمایەکی گەورەیە بۆ بایەخی رۆمان لەناو رەگەزەکانی تری ئەدەبیاتدا. لە ئێستاماندا رۆمان داستانی سەردەمە و کتێبی پیرۆزی سەدەیە.!

*هۆکاری ئەمە چییە؟ بۆ ئەو هەموو بایەخە بە ڕۆمان؟
-هۆکار زۆرە، رەنگە بوونی ئەو هەموو پێشبڕکێیەی رۆمان و ئەو گرنگی و بایەخە زۆرەی کە خوێنەر پێی دەدات، هۆکاری سەرەکی بێت. ئەمە جگە لەوەی هەمیشە مرۆڤ پێویستی بە حیکایەت و گێڕانەوە هەیە. ئەگەر سەیری مێژووی مرۆڤایەتی بکەین، هەزاران ساڵ پێش ئێستا کاتێ بۆ گوزارشتکردن لە ژیان و گوزەرانیان لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان، وێنە و شێوەیان دروستکردووە. دواتر چیرۆکەکانیان تۆمار کردووە لەسەر دیواری پەرستگاکان  و گەڵاو بەرد. بۆیە هیچ نەنگی و لاسەنگییەک نابینم لە بڵاوبوونەوەی ئەو ئاستە فراوانەی رۆمان لە جیهاندا. چونکە هەمیشە رۆمان زمان پێش دەخات، گەشە بە شارستانییەت دەدات، لەناو ئەدەبیاتیشدا سیمای بەرز و باڵا وەردەگرێت.

* ھیچ بیرۆکەیەکت لایە رۆمانێک لەسەر رووداوەکانی باشووری کوردستان بنووسیت، بۆ نموونە لەسەر ئەنفال و کیمیاباران؟
-بەڵێ بە دڵنیاییەوە بیرۆکەی رۆماننوووسینم لەسەر رووداو و کارەساتەکان هەیە، بەتایبەتی لەسەر شەنگال و تراژیدیا و چیرۆکە غەمگینەکانی، بەڵام ناتوانم کات دیاری بکەم بۆ خوێنەران، هیوادارم تەمەن دەرفەتی ئەوەم بدات کە بتوانم ئەو رۆمانانە بنووسم، دەربارەی هەندێ لەو پرس و رووداوانەی کە لە رابردوودا لە کوردستانی باشوور روویانداوە. 

 * بە گشتی سەرنجی نووسەر و رەخنەگرە عەرەبەکان چییە لەسەر رۆمانەکانت؟
-لە راستیدا زۆرێ لە رەخنەگرە عەرەبەکان لەسەر رۆمانەکانم بە ئەرێنی نووسیویانە. سەرەتا هەندێ نووسین و وتاری نووسەران و رەخنەگرانی عەرەبم بینی بەلامەوە سەیربوو بەسەر رۆمانەکانمدا هەڵدەدەن و بایەخی زۆری پێدەدەن و بەدڵیانە. لەوەش سەیرتر رۆمانەکانم بە کلیلی تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی کوردی و  پرسی کورد دادەنێن.! هەر بۆیە خۆشم هەموو رۆمانەکانم وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی، ئەم رۆمانانەشم پاڵێوراون بۆ گرنگترین خەڵاتی پێشبڕکێ عەرەبییەکان. بە رۆمانی (میرنامە) دەستپێدەکات و بە رۆمانێک کۆتایی دێت، کە باسی کارەساتی داگیرکاریی تورک دەکەم بۆ عەفرین، کە ماوەیەک لەمەوبەر (وریا غەفووری) لە وەرگێڕانی بۆ کوردیی تەواو بووە. 

*هەرچەندە لە مێژوودا وا ناسراوە ئێمەی گەلی کورد، گەلێکی ئازا و جەنگاوەر و جوامێرین، بەڵام ئایا بە تەنها ئەوە بەسە بچینە ناخ و یادەوەریی خەڵک و دراوسێ و میللەتەکانی ترەوە؟
-بە بۆچوونی من، هێز و پرسی نەرموونیانی وەک “سینەما، موزیک، شێوەکاری، رۆمان” بۆ ئێمە  زۆر لە هەڵگرتنی چەکێک کاریگەرترە، کە جەنگاوەرێکی کورد هەڵیدەگرێ بە سەر شانییەوە و بەسەرکێشی تێکۆشاندا تێدەپەڕێت بە ناو چیاکانی کوردستان و چەم و دۆڵە پێچ و پەناکانیدا.!

* ئەم بابەتە لە ژمارە (١٧)ی ڕۆژنامەی کولتووری "زەمەن" بڵاوبۆتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن