693 کەلتور

ئەمڕۆ پێشانگەی کتێبی فرانکفۆرت دەستپێدەکات

08:52 - 15/10/2019

کولتووری زەمەن/ ئەڵمانیا

 ئەمڕۆ، سێ شەممە 15/10/2019  بە شەرەفی سەرپەرشتیاری وڵاتی نەرویج، خولی 71 هەمین پێشانگەی کتێبی فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا بە بەشداری زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان و دە هەزار رۆژنامەنووس و ژمارەیەکی زۆر نووسەر و هونەرمەند و ئەدیبە جیهانییەکان و سەرۆکوەزیری چەندین وڵات و هەرێم بەشداری پێشانگەکە دەکەن، ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو، وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم بە گرتنی ستاندێک بەشداریی لە پێشانگەکەدا دەبێت.!


یوسف مەنتک، ساڵانێکە وەک یەکێک لە رێکخەرانی ستاندی کوردیی، لە پێشانگەکە بەشداریی دەکات، لە بارەی خولی ئەمساڵی پێشانگەی کتێبی فرانکفۆرت و چالاکییەکان وتی: “لە خولی ئەمساڵدا، ستاندی کوردی، چەند چالاکییەکی دەبێت. لەوانە ناونیشانی کتێبی نووسەرانی کورد نمایش دەکرێت. ئەمە جگە لە میوانداریی رۆماننووسی بەناوبانگی کورد “جان دۆست” لە دووەمین رۆژی پێشانگەکەدا، ئیمزای کتێبەکانی بۆ خوێنەران دەکات”.


سەبارەت بە چالاکییەکانی تریش وتی: “دوو کۆڕی ئەدەبیی لە ستاندی کوردیی دەبێت، یەکەمیان بۆ بەیان سەلمان و دووەمیان بۆ حەمە مەنتک، رەنگە هەندێ گفتوگۆ و دیالۆگی کراوەش رێکبخرێت لە رۆژانی تری پێشانگەکەدا”.


لە راگەیەنراوێکی فەرمیی سایتی پێشانگەکەدا هاتووە، خولی ئەمساڵ:


* 109 وڵات، بەشداری ئەم پێشانگەیە دەکەن.
* زیاتر لە 7500 پێشانگەی جۆراوجۆری دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی جیهانیی نمایش دەکرێن.
* لەناو پێشانگەکەدا زیاتر لە 4 هەزار کۆڕ و سیمیناری ئەدەبی و سیاسی و رۆشنبیریی جۆراوجۆر پێشکەش دەکرێت.
* لە سەرتاسەری جیهاندا، زیاتر لە 1000 رۆژنامەنووس روماڵی چالاکییەکانی پێشانگەکە دەکەن.
* لە مەراسیمی دەستپێکی پێشانگەکەدا، 2200  میوانی فەرمیی، بەشداریی دەکەن و چەندین وتار پێشکەش دەکرێت، لەوانە وتاری (یورگن بۆس، سەرۆکی پێشانگەی کتێبی فرانکفۆرت، هاینڕیش موولەر،  سەرۆکی رێکخراوی  بۆرسەی بازرگانیی کتێبی ئەڵمانی، ئیرنا سۆڵ بێرگ سەرۆکوەزیرانی نەرویج، هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، پێتەر فێڵدمان پارێزگاری  فرانکفۆرت، فۆڵکەر بوفییەر سەرۆک وەزیرانی هەرێمی هێسن) ئەمە جگە لە کۆمەڵێ چالاکی تری هونەریی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن