1106 کەلتور

وەرگێڕان و وەرگرتنی کولتووری دیکە

08:50 - 09/10/2019

وریا غەفوری

ئایا ئێمە لەو گەلانەین کە زۆر پشت بە وەرگێڕان دەبەستین؟ ئایا ئەوەندە کەڵک وەرگرتن لە وەرگێڕان واتایەکی کولتووریی تایبەتی هەیە؟
بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە، پێویستی بە لێکۆڵینەوە و شیکاریی ورد هەیە، بەڵام دەبێ بڵێین کەڵکوەرگرتنی زۆر لە وەرگێڕان نەک هێمایەکی خراپ نییە، بەڵکو هێمای ویستی کولتووریی گەلی کوردە. ئەمەش دوو واتا دەگەیەنێت:
یەکەم: ئەوەی کە ئیدی جیهان ئەو جیهانە کۆنە نییە کە گەلان بتوانن خۆیان لە بازنەیەکی بەرتەسکدا بهێڵنەوە. ئێستا ئیدی وڵاتان لێک نزیک بوونەتەوە و پێویستی به دانوستانی کولتووری و هزری بووەتە پێویستییەکی ژیانی، ئەم نزیکبوونەوەی جیهانە، پێویستیی ئاشنابوون و دەسڕاگەیشتن بە ئەزموون و دەسکەوتە کولتوورییەکان زیاتر دەکات و وەرگێڕان یەک لە کەرستەکانی ئەم ئاشنابوونەیە.
دووەم: ئەوەی کە دەبێ ئەم راستییە تاڵە قەبووڵ بکەین، کە ئێمە وەک گەلی کورد داهێنەری هیچ یەک لە تەکنۆلۆژیا و زانستە نوێکانی جیهانی مودێرن نین و تا ئاستێکی زۆریش لێی دوورین. بۆیە پێویستە بۆ دەسڕاگەیشتن به دەسکەوتەکانی جیهانی مودێرن و خوڵقکارییە کولتوورییەکانیان، کەڵک لە وەرگێڕان وەربگرین.
وەرگێڕانی دەقەکان یەک لە رێگەکانی دروستکردنی دانوستانی کولتووریی لە نێوان نەتەوەکاندایە. لە راستیدا وەرگێڕان، گواستنەوەی ئەزموونە زانستی و ئەدەبییەکانە لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێكی دی. تەنانەت دەکرێ وەک ئەدیس گراسمان Edith Grossman وەرگێڕی ئینگلیزی ‌زمانی بەرهەمە ئەدەبییەکان لە زمانی سپانیاییەوە، بیر بکەینەوە و بڵێین؛ وەرگێڕان بابەتێکە ناتوانین لێی هەڵبێین و هیچ مرۆڤ و کولتوورێک ناتوانێ خۆی به موحتاجی ئەزموونە زانستی و ئەدەبییەکان، کە بە سەدان و هەزاران زمانی زیندووی جیهان دەنووسرێن و پێشکەش دەکرێن، نەزانێ.
یەک لە دەورە سەرەکییەکانی وەرگێڕان، دروستکردنی رەوت و تەوژمی گۆڕانکارییە و بە گشتی قۆناغەکانی ژیانەوە و خوڵقێنەری و هەنگاوە ژیارییەکانی، بەرهەمی قۆناغەکانی وەرگێڕانی لە کولتوورە جیاوازەکانە. بۆ نموونە وەرگێڕان لە یۆنانی کۆنەوە بۆ رۆمی و لاتینی و بە پێچەوانەشەوە. هەروەها دەستپێکردن و بەردەوامیی رێنێسانس و گۆڕانکارییەکانی دواتری بەهۆی وەرگێڕانی دەقە یۆنانی و لاتینی و عیبری و عەرەبییەکانەوە بووە.
لە رۆژگاری ئەمڕۆشماندا، رۆژانە شایەتی فراوانبوون و پەرەسەندنی سەفەرەکان و سەرهەڵدانی تەکنۆلۆژیای نوێین. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پێوەندییەکی چڕوپڕ لە نێوان زمانە جیاوازەکاندا و لە ئەنجامدا، وەرگێڕان زیاتر پەرەی سەندووە و شێوازی جۆراوجۆر و تازەی وەرگێڕان سەری هەڵداوە. پێویستە ئەم دیاردە نەک تەنیا لە لایەن پسپۆڕانەوە، بەڵکو لە سەردەستی کەسانی ناپسپۆڕ و ئاساییش، لێی بکۆڵدرێتەوە.
سەرەڕای ئەمە، پڕۆسەی وەرگێڕان هەنووکەش بە تەواوەتی لە کوردەواریدا نەناسراوە، چونکە هەموان پێیان وایە کە وەرگێڕان تەنیا بواری کاری وەرگێڕ و پسپۆڕانی بوارەکەیە. بەڵام لە راستیدا، وەرگێڕان پانتاییەکی بەرفرە و فراوانە و پێش لەوەی بواری کاری وەرگێڕ بێت، کردەوەیەکی بنەڕەتیی زمانییە.
بە پێچەوانەی ئەوەی کە باس دەکرێ، پانتایی وەرگێڕان زۆر بەرفرەیە، چونکە هەموو زمانێک لە ناخی خۆیدا وەرگێڕانیشی هەڵگرتووە. هەربۆیە بۆ دروستکردنی پێوەندیی دەروونیی نێوان زمانێک یان چەند زمان، کەڵک لە سەرلەنوێ داڕشتنەوە وەردەگیرێت.
وەرگێڕان چییە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە بێ رەچاوکردنی مێژووی وەرگێڕان، مەحاڵە. لێرەدا سێ تەوەری سەرەکی جێی باسە. ئاریشەکانی زەین و دەربڕین کە جیاوازییەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی وەرگێڕانی دەقە یۆنانییەکان بۆ رۆمی و وەرگێڕانی ئینجیل بۆ زمانی لاتین و دواتر بۆ زمانەکانی دیکە. یەکەم قۆناغی وەرگێڕان تا سەردەمی رێنیسانس بەردەوام بوو، بە دوای چەشنێک بەوەفابوون بۆ دەقی سەرەکی بوو. بەڵام لە سەدەی ١٧ و ١٨دا، ئەو بڕوایە زاڵ بوو کە وەرگێڕانی جوان ئەوەیە کە هیچ وەفایەکی بۆ دەقی سەرەکی نەبێت. هەر بۆیە وەرگێڕەکان چۆنیان پێخۆش با، لە دەقی سەرەکی دوور دەکەوتنەوە. بەڵام ئەمڕۆ و لە سەردەمی ئێمەدا، ئەم چەشنە گۆڕانکارییە لای کەس پەسەند نییە. چونکە زیاتر لە وەرگێڕان دەبێتە وەرگرتن و بڕوای سەرەکی ئەوەیە کە وەرگێڕان دەبێ لەگەڵ دەقی سەرەکی بێتەوە.
شێوازەکانی وەرگێڕان و چوارچێوەی تیۆریکەکانی هەرکامیان لێک جیاوازە. هەر بۆیە پیشاندانی شێوازێکی وەرگێڕان به شێوەی راستەقینە گرنگییەکی زۆری هەیە، هەندێک بژاردەیان ئەوەیە کە چ شێوازێک بۆ وەرگێڕان بەکار هێنراوە، یان با بڵێین چۆن وەردەگێڕن، هەندێكی دیکە بژاردەیان شێوازێکی کارپێکردنە، واتا چۆن دەبێ وەربگێڕین. کەسانێکیش هەن کە تەنیا لە رووی تیۆریکەوە لێکدانەوە بۆ وەرگێڕان دەکەن و لە روانگەی ئەوانەی گرنگ ئەوەیە کە وەرگێڕان چییە؟
وەرگێڕان یەکێک لە مەرجەکانی مانەوە و پێشکەوتنی زمان، زمانێک کە نەکرێ پێی وەربگێڕی، زمانێکی مردووە و تەنیا وەرگێڕان دەتوانێ زیندووی بکاتەوە.
سەرەتا وەرگێڕان دەکرێت، لەگەڵ وەرگێڕان ئاشنابوون بە کولتوورەکان روو دەدات، ئەگەر کولتوورێکی بەتوانامان هەبێ، شیکردنەوە و لێکدانەوەی پێ دەکەین و ئەگەر زۆر بەهێز بین، خوڵقێنەر و داهێنەریش دەبین. هەندێک بوار و پانتایی هەیە کە کولتووری ئێمە خۆی ئەزموونی نەکردوون، ئەمە بابەتێکی گرنگە. کولتووری ئێمە هیچکام لە زانستە مرۆییەکانی بەرهەم نەهێناوە، بۆ ئەوەی پێی ئاشنا بین دەبێ سەرەتا لە رێگەی وەرگێڕانەوە بیانناسین.
وەرگێڕان یەک لە ئەزموونە کولتوورییەکانی وڵاتان، کە دەبێ پێگە و واتاکەی بە دروستی بناسرێت. دیارە کە وەرگێران قەت جێگەی داهێنان ناگرێتەوە، بەڵام ناشکرێ پێویستیی بە وەرگێڕان پشتگوێ بخرێ، دەبێ رێزی بگێڕدرێت و رەهەندو کارتێکەرییە جیاوازەکانی بناسرێ و شیبکرێتەوە. هەر بۆیە گرنگیدان بە شیکردنەوەو رەخنەو هەڵسەنگاندنی ئەو لێشاوە وەرگێڕانەی ئێستا لە زمانە جیاوازەکانەوە بۆ سەر زمانی کوردی دەکرێت، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرەو دەبێ بیرمەندانی ئێمە راوەستەیەکی تایبەت لەسەر بواری وەرگێڕان و هەڵسەنگاندنی بکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن