290 کەلتور

فێستیڤاڵی ئێمەو فێستیڤاڵی لوبنان

12:11 - 08/10/2019

دڵشاد حسێن

ماوەیەکە بەھۆی بارودۆخی ئابورییەوە لە لوبنان، دەوڵەت بودجەی ڤێستیڤاڵە هونەرییەکانی بڕیووە، کەچی ھیچ فێستیڤاڵێک نەوەستاو زۆربەی فێستیڤاڵە هونەرییەکان درێژەیان بە کارو پڕۆگرامەکانی خۆیان دا، بە شێوازو ستایلی جیاواز، لەوانە فێستیڤاڵی “بعلبگ” ی نێودەوڵەتی لە لوبنان.
بەدەر لەم فێستیڤاڵە، ساڵانە نزیکەی ١٨٠ فێستیڤاڵی تری رۆشنبیری و ھونەریی جۆراوجۆر لەو وڵاتەدا ساز دەکرێت، زۆربەیان بە چاودێری و پاڵپشتی وەزارەتی گەشتوگوزارو رۆشنبیرین. بەڵام گرنگترینیان فێستیڤاڵی رۆشنبیری “بعلبگ”ە، کە یەکێکە لە کۆنترین و بەناوبانگترین ئەو فێستیڤاڵە هونەرییانەی کە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی هونەر بەرهەم پێشکەش بە هونەرەمەندان دەکات و بەرهەمی هونەریی ناوخۆیی و دەرەوەی تێدا نمایش دەکرێت.
ئەم فێستیڤاڵە هونەرییانە ساڵانە بۆ لوبنان، زیاد لە ١٠٠ ھەزار گەشتیار لە جیهانەوە بۆ لوبنان رادەکێشن. بەڵام چالاکییەکانی فێستیڤاڵی “بعلبگ” نزیکەی ٤٠ ھەزار بینەری هەیە و  چالاکییەکانی بریتین لە: (مۆسیقا و ئۆپێرا و سینەما و شانۆ و سەما) ھەموویان لەو فێستیڤاڵەدا پێشکەش دەکرێن و بە درێژایی رۆژانی فێستیڤاڵ جووڵەیەکی فەرهەنگی و ئابووریی گەورە دەخەنە ئەو وڵاتەوە. بۆیە حکومەت ناچار دەکات، لەگەڵ ئەوەی بودجەی فێستیڤاڵەکەی بڕیووە، رێکخەرانی فێستیڤاڵ بە رێگە و شێوازی جیاواز، بەردەوامی بدەن بە فێستیڤاڵ و نەهێڵن بووەستێ و بگرە بە ستایل و شێوازی تر بەردەوامی بدەن بە فێستیڤاڵەکە و دانانیشن هەر چاوەرێی دەوڵەت بن تا بودجەیان بداتێ و ئەوانیش لە تێچووی فێستیڤاڵەکەیاندا سەرفی بکەن.!
ئەوە بارودۆخی لوبنان بوو لە سازکردنی فێستیڤاڵی هونەری، ئەی لای ئێمە چەند فێستیڤاڵ دەکرێت؟ بۆچی دەکرێت؟ وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار لە کوێی ئەم فێستیڤاڵانەدان؟ ئەم فێستیڤاڵانە لە ئێستا و لە رابردوودا چی جەدوایەکی ھونەری و ئابوری ھەبووە، چەند بینەری ھەیە؟ ئایا بەرپرسانی فێستیڤاڵەکان و رۆژنامەنووسان بەدوای ئەم پرسیارانەوە بوون؟ بە بڕوای من تا وەڵامی ئەو پرسیارانە نەدرێتەوەو بەدوادواچوونی لەسەر نەکرێت، فێستیڤاڵە هونەرییەکانی ئێمە هەروەک ئێستا دەبێت و چەند رۆژێ  هونەرمەندان کۆدەبنەوەو بەرهەمە هونەرییەکان نمایش دەکەن و بە بێدەنگی و بەبێ بەدواداچوون کۆتاییان دێت و هیچی تر.!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن