559وتار

لەبارەى خانەنشنیبون و موچەى خانەنشینیەوە

8/3/2019 8:26:00 AM
د. ئیسماعیل نامیق

خانەنشینبون و موچەى خانەنشینى یەکێکە لەو بابەتانەى قسەى زۆر لەسەر ناڕێکى ونادادیەکانى کراوە، موزایەدەى زۆرى پێوە کراوە، بەڵام کاتێک بابەتەکە دەگاتە دو رێیانى جدیبون وهەنگاونانى کردارەکى، قسەکەرەکان بەجۆرێکى دیکە و بەئاراستەى جیاواز قسەدەکەن، یان لەباشترین حاڵەتدا بێدەنگ دەبن وخۆ وندەکەن، موزایەدەش دەگۆڕێت بۆ موناقەشە!! جار جاریش منەتبارمان دەکەن بەوەى کە لەهەوڵدان وەکو بەغدادى لێبکەن، وەکو ئەوەى بەغداد پێوەر ونمونەى باڵا بێت!! ئەى بڕیار نەبو لەجیاتى شمەک وکاڵاى بازرگانى ئەزمونى باشى حوکمڕانى وبەڕێوەبردنى هەرێمى کوردستان بۆ بەغداد وپایتەختەکانى دیکەى جیهان هەناردە بکەین؟!!

ناڕێکى و نادادیەکە لەکوێدایە؟
رەخنە و ناڕەزایەتیەکان سەبارەت بەخانەنشینى دەکرێت لەدو خاڵدا کورت بکرێنەوە:
1- نادادی لەچۆنێتى خانەنشینکردندا: لەماوەى رابردودا ژمارەیەکى زۆرى خەڵک بەناهەق ودور لەیاسا وپێوەرەکان، بەپلە وموچەى جیا جیا خانەنشینکراون، بۆنمونە، کەسەکە یەک رۆژ پێشمەرگە نەبوە، کەچى بەپلەیەکى بەرزى سەربازى وموچەیەکى باش خانەنشینکراوە، یان جاش وموستەشار بوە، کەچى لەسەر حسابى کەس وکارى شەهیدان وئەنفالکراوان، بەموچەیەکى زیاتر لەسەردەمى موستەشاریەکەى خانەنشینکراوە، وەکو ئەوەى موستەشاریەکەى بەخزمەت بۆ ئەژمار کرابێت وبەشداریکردنى لەئەنفال وکوشتن وئەزیەتدانى کورد بەئازایەتى دانرابێت ولەبەرامبەریدا سوپاس وپاداشتى پێ درابێت. یاخود کەسەکە یەک کاتژمێر وەزیر، بریکارى وەزیر، بەڕێوەبەرى گشتى وپلەکانى ترى وەزیفى نەبینیوە، کەچى حیزبەکەى بەیەکێک لەو پلانە خانەنشینى کردوە، یاخود هەر دانەمەزراوەو فەرمانبەر نەبوە، کارى تەنها راپۆرت نوسین وقسەهێنان وبردن بوە لەچوارچێوەى حیزبێکدا، بەڵام بەموچەیەکى باش خانەنشینکراوە، ئەمانەو چەندین ناڕێکى وبێسەروبەرەیى وگەندەڵى لەبابەتى خانەنشینیدا، بەجۆرێکى وا پریشکى گەندەڵى ئەم بابەتە بەر جەستەى بەشێکى زۆرى تاکەکانى کۆمەڵگە کەوتوە.

2-  نادادى لەموچەى خانەنشینیدا: بەدەر لەخاڵى یەکەم، ئەوانەى کە فەرمانبەر وموچەخۆرى میرى بون، سەرەڕاى ئەوەى لەکاتى خزمەتیاندا نادادی هەیە لەنێوان بڕى موچەکانیاندا، کەچى لەکاتى خانەنشینبونیانیشدا ئەم نادادیە زیاتر دەبێت وکەم نابێتەوە، بۆ نمونە، دەکرێت موچەى پەرلەمانتارێک تەنها بەدو ساڵ خزمەتەوە شەش ئەوەندە یان زیاترى موچەى مامۆستایەک بێت بەسى ساڵ یان زیاترى خزمەتەوە!! هەروەها دەگونجێت لەم هەرێمەى ئێمەدا موچەى خانەنشینى وەزیرێک لەگەڵ ئەو سامانەى کەلەسەردەمى کارەکەیدا کۆیکردۆتەوە لەسامان وداهاتى یەک گەڕەک فەرمانبەر زیاتر بێت!! لەکاتێکدا خزمەتى یەک هەفتەى مامۆستایەک، دەگونجێت لەخزمەتى هەردو ساڵەکەى پەرلەمانتارەکە بەسودتر وبەبەرهەمتر بێت بۆ کۆمەڵگە، یان خزمەتى یەک کاتژمێرى ئەو گەڕەکە فەرمانبەرە، لەهەمو تەمەنى وەزیرەکە بەسودتر بێت بۆ کۆمەڵگە، ئیتر ئەم جیاوازى ونادادیە فاحشە بۆ؟ ئەمانە وچەندین جیاوازى نادادپەروەرانەى دیکە لەنێوان موچەى فەرمانبەرانى دەوڵەت لەلایەک و وموچەى خانەنشینی لەلایەکى دیکەوە، بۆ نمونە موچە وموچەى خانەنشینى دادوەرەکان جیاوازیەکى زۆرى هەیە لەگەڵ فەرمانبەرانى دیکەى دەوڵەت وخانەنشینانى دیکەدا.

ئەو ناڕێکى ونادادیانەى لەخاڵى دوەمدا باسکران پێداچونەوەو چارەسەرکردنیان ئاسانترە لەنادادیەکانى خاڵى یەکەم، بەڕاى من چارەسەرکردنى ئەمەیان نیمچە ئاستەمە، چونکە ئەو ویستەى کە ئەو دۆخەى دروستکردوە وبەوشێوەیە خەڵکى خانەنشینکردوە، بەهیچ جۆرێک رازی نابێت بەهەڵوەشاندنەوەى ئەوەى کردوێتى، ئەوەى بۆتە گرێ کوێرەى چاکسازیکردن لەم دۆخەدا، ئەوەیە بەداخەوە ویستى هێشتنەوەى دۆخەکە وەکو خۆى لەناو زۆربەى حیزبەکاندا زاڵترە وەک لەویستى چاککردنى، وە بۆ ئەوەى ئەم گرێ کوێرەیە بەهیچ شێوەیەک نەکرێتەوە، بەردەوام کێشەکانى خاڵى یەکەم گرێدەدرێت بەکێشەکانى خاڵى دوەمەوە، سەرەنجام ئەوانەى خۆیان لەخاڵى دوەمدا سودمەندن وداواى چارەسەرکردنى کێشەکانى خاڵى یەکەم دەکەن، کەبابەتەکە وابەستدەکرێتەوە بەخۆیانەوە، ئیتر بێدەنگ دەبن وخۆیان وەکو قوربانى پیشاندەدەن.

فەلسەفەى خانەنشینبون
لێرەدا دەکرێت پرسیار لەفەلسەفەى پشت خانەنشینبون بکەین، بۆچى دەوڵەت هاوڵاتیەکانى خانەنشین دەکات؟ وەڵامى ئەم پرسیارە لەوەدا کورتدەبێتەوە، کەئەو هاوڵاتیە خزمەتێکى زۆرى دەوڵەت وکۆمەڵگەکەى کردوە، ئیتر تواناى خزمەتکردنى نەماوەو ماندو بوە، بۆیە پێویستە خۆى خزمەت بکرێت. باشە کەخانەنشین بکرێت ئایا پێویستە ئەو تەمەنەى ماوێتى خۆش بژى، یان هەرئەوەندە بەسە ژیانێکى ئاسایى بژى؟ ئایا ئاستى ژیانى لەکاتى کارکردنیدا پێویستە لەبەرچاو بگیرێت لەخانەنشینکردنیدا؟ ئایا بڕى موچەى خانەنشینى لەسەر چ بنەمایەک بۆ دیارى بکرێت، پلەى وزیفى، ئاستى خزمەتەکەى، یان لەسەر بنەماى ئەو بڕە پارەیەى کە لەکاتى کارکردنیدا وەکو لێبڕینى خانەنشینى داوێتى بەحکومەت؟.

وەڵامى ئەم پرسیارانە دیاریدەکەن، خانەنشینان چۆن بژین، ئایا وەکو یەک بژین یان جیاواز بژین وەکو پێش خانەنشینبونیان؟
بەرتێڕوِانینى من لەدو روانگەوە پێویستە یەکسانى تەواو پەیڕەو بکرێت لەنێوان خانەنشیناندا، ئەوانیش، یەکەم: هەمو خانەنشینان وەکو یەکن لەڕوانگەى ئەوەى هیچیان کار ناکەن و خزمەت ناکەن. دوەم: هەمویان لەکاتى کارکردنیاندا خزمەتیان بەوڵاتەکەیان کردوە، هەریەکەو لەبوارى خۆیدا.

لەهەمان کاتدا چەند هۆکارێکیش هەن بۆ نایەکسانى کردن لەنێوان خانەنشیناندا، لەوانە:
1-ئەوانەى خانەنشین دەبن، لەکاتى کارکردندا هەریەکەو بەپێى رێژەى داهاتى بەشداریکردوە، لەسندوقى خانەنشینیدا، مادام ئەو کات جیاوازبون لەپێداندا، ئێستاش واپێویست دەکات یەکسان نەبن لەوەرگرتندا.

2-لەکاتى کارکردندا لەتوانا وخزمەتکردندا جیاواز بون، سەرەنجام ئاستى بژێویشیان جیاوازبو، لەخانەنشینبونیشدا پێویستە هەمان جیاوازى بمێنێ.

3-ژیانى خانەنشین درێژکراوەى ژیانى کارکردنێتى، ئەو ئاستى بژێوییەى کەلەکاتى کارکردنیدا دەقى پێوە گرتوە، رەنگە قورس یان زەحمەت بێت بۆى، لەخانەنشینیدا بەتەواوى بگۆڕدرێت یان پێچەوانە بکرێتەوە، چونکە لەبارێکى وادا خانەنشینکردن لەباتى رێزگرتنى دەبێتە سزادانى.

پێداچونەوە ودوبارە داڕشتنەوەى موچەى خانەنشینان، پێویستە لەژێر رۆشنایى وەڵامى ئەو پرسیارانەى سەرەوەو چەندین پرسیارى هاوشێوەدا بێت، ئەم بابەتە پێویستە فەلسەفەیەکى جێگیر ودوربین تەحەکومى پێوەبکات، نەک تەنها بکرێت بە ماددەیەک بۆ بێدەنگکردن یان دەنگ پەیداکردن.

سندوقى خانەنشینى
یەکێک لەئەرکەکانى دەوڵەت دروستکردنى سندوقى خانەنشینیە، بۆ کۆکردنەوەو هەڵگرتنى ئەو بڕە پارانەى وەکو لێبڕینى خانەنشینى ودەستەبەرى کۆمەڵایەتى لەموچەخۆران وکرێکارانى وەردەگرێت، لەپارەى ئەم سندوقە موچەى خانەنشینان دابین دەکرێت ودەستەبەریەکیشە بۆیان، چونکە لەحاڵەتى نەمانى پارە لەگەنجینەى دەوڵەتدا نابێت ژیانى خانەنشینان تێک بچێت، ئەم سندوقەیە دەبێت دڵنیایان بۆ دروست بکات. بەڵام لەکوردستان ئەم سندوقە بونى نیە وحکومەت خۆى لەخانەنشینان جیانەکردۆتەوەو سیاسەتى ( برامان برایى وکیسەمان جیایى ) لەگەڵدا پەیڕەو نەکردون، لەبرى ئەوە دروشمى ( هەمومان یەک کیسەمان هەیە لەم ماڵە، ئەویش بەتاڵە ) ى بەرزکردۆتەوە!!

ئایا تەنها فەرمانبەر خانەنشین بکرێت؟
لەهەرێمى کوردستاندا کەباسى خانەنشینى دەکرێت، یەکسەر پەیوەستدەکرێت بەموچەخۆرى حکومەت وئەو خاوەن پیشە سەربەستانەى کەکارەکانیان وابەستە بەفەرمانگەکانى دەوڵەتەوە، وەکو پارێزەر وخاوەن پیشە سەربەستەکانى دیکە، هەروەها دەستەبەرى کۆمەڵایەتى ئەو کرێکارانەش دەگرێتەوە یان پێویستە بیانگرێتەوە کەلەکۆمپانیاکانى کەرتى تایبەتدا کاردەکەن وساڵانە بڕێکى دیاریکراو لەکرێکانیان دەبڕدرێت وەکو دەستەبەرى کۆمەڵایەتى دەدرێت بەحکومەت، بەدەر لەوانە هەمو تاقم ودەستە کۆمەڵایەتیەکانى دیکە، وەکو جوتیار ودوکاندار ودەستگێڕى ناوبازاڕ وکرێکار وسایەق تەکسى وچەندانى تر، دەبێت تامردن کاربکەن بۆ ئەوەى بتوانن بەردەوامى بەژیان بدەن، خۆ ئەگەر بەهۆى نەخۆشى یان پیرى پەکیان بکەوێ ونەتوانن کاربکەن، ئەوا یان دەبنە بار بەسەر کەس وکاریانەوە، خۆ ئەگەر کەسیش نەبو لەخۆیان بگرێت، ئەوا دەکەونە سەر جادە ودەبێت سواڵ بکەن. ئەمە واقعێکى خراپە دەبێت بیر لەچارەسەرى گونجاو بکرێتەوە بۆى.

دەرەنجام
کێشەکانى پەیوەند بەخانەنشینبون وموچەى خانەنشینى، قسە وهەڵویست وکردارى تاکەکەسى دروستى نەکردوە، بەقسەو هەڵوێست وبڕیارى تاکەکەسیش چاک ناکرێن، چونکە ژینگەیەکى خراپ وبۆگەنى بۆ دروستکراوە، ئەوەى بەتەنیا روى تێبکات، یان خۆشى دەبێتە بەشێک لەو ژینگەیە، یان ئەوەتا لەبەر بۆگەنى وناسازى ژینگەکە هەڵناکات ولێى هەڵدێت، کەئەمەى دواییان رەنگە دەگمەن بێت. کەواتە ئەم بابەتە پێویستى بەدروستکردنى راى گشتیە لەسەرى، پێویستى بەتێگەیشتن وبڕیارى بەکۆمەڵ هەیە، لەژێر رۆشنایى فەلسەفەیەکى جێگیر ودوربیندا، بەوردى وداپەروەرانە دابڕێژرێتەوە، بەجۆرێک بێت، مافى هەمو تاکێکى کۆمەڵگە لەبەر چاوبگیرێت، توانا وخزمەت ورێژەى بەشدارى خانەنشینان لەسندوقى خانەنەنشینى لەکاتى کارکردنیاندا وپێداویستیەکانیان لەکاتى خانەنشینیدا بکرێتە بنەما. تاکە ئامانجیش ئەوەبێت، خانەنشینان لەو تەمەنەى ماویانە خۆشترین ژیانیان بۆ فەراهەمبکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن