486وتار

دو ئیدارەیی مۆتەکەی کورد!

4/20/2020 11:18:00 AM
د. ئیسماعیل نامیق

کورد دروستکراوە بۆ ئەوەی ھەمیشە ناکۆک بن:

ئەگەر مێژو لەھیچدا تەواو ئەمین و راستگۆ نەبوبێت، لەوەدا بەتەواوی ئەمین و راستگۆ بوە، کە ناکۆکیەکانی قەومی کوردی وەکو خۆیان تۆمار کردوە وگواستۆتەوە، کورد فەرمانڕەوا بوبێت، یان فەرمان پێکراو، لە شەڕدا بوبێت یان لە ئاشتی، بەردەوام لەناو یەکدا ناکۆک بوین، ھەمو کات لەلایەن دوژمن و نەیارەکانمانەوە بەکارھێنراوین، ھیچ کات یاریکەر نەبوین، بەڵکو ھەردەم یاری پێکراو بوین، ئەمە ڕاستیەکی تاڵە، وتنی قورسە، بەڵام پەند لێوەرنەگرتنی قورستترە.

دوئیدارەیی ئەزمونێکی تاقیکراوە:
یەکێتی و پارتی لەماوەی (28) ساڵی حوکمڕانیان، (27) ساڵی رەبەق دو ئیدارەیی، دو ئیرادەیی، دو لە ھەمو شتێکیان بەسەر ئەم چوار پێنج ملیۆن مرۆڤە بێ چارەنوسەدا سەپاندوە، لەو ماوە زۆرەدا کە دەتوانرا دەوڵەت یان لانیکەم ئیدارەیەکی نمونەیی ھاوچەرخی پێ دروست بکرێت، ئەم دو ھێزە بەھاوکاریی و یارمەتی دوژمنەکانی کورد، ھەریەکە و ناوچەیەکیان دابڕیوە و قەڵەمڕەویی خۆیان تیادا چەسپاندوە، بکوژ و ببڕ خۆیان بون، لە زۆر مومارەسە و کاری نایاسایی سڵیان نەکردۆتەوە.

لەگەڵ بونی ھەندێک جیاوازی لە نێوان ھەردو ناوچەی قەڵەمڕەویەکەدا، بە جۆرێک دەکرێت بوترێت، ناوچەی قەڵەمڕەوەی سەوز تارادەیەک کراوەتر و فرە ڕەنگ تر بوە، بەڵام ناوچەی قەڵەمڕەویی زەرد داخراو و خنکێنراو بوە، ئەزمونی ئیدارەدان لە ھەردو ناوچەی قەڵەمڕەویەکەشدا ئەزمونێکی پڕ شکست و گەندەڵی و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکان و کەرامەتی مرۆڤی کورد بوە، پاش تێکەڵکردنی ئەم دو ئیدارەیە و پیشاندانی ئیدارەیەکی یەکگرتوی روکەش بەدەرەوەو بەناوخۆش، پارتی لە ڕێگەی کۆمەڵێک کەناڵی ڕاگەیاندنەوە لەھەوڵی ئەوەدایە، ناوچەی قەڵەمڕەویی زەرد وەکو ئیدارەیەکی نمونەیی پیشانبدات، بچوکترین جوانیەکانی پیشان ئەدات، بەراوردی ئەکات بەپایتەختە عەرەبیەکان، کەچی لە ئاست گەورەترین ناشرینیەکانیدا ئەم کەناڵانە خۆیان ئەکەن بەکەڕەی شەربەت، لە بەرامبەردا بۆ ناوچەی قەڵەمڕەویی سەوز بە پێچەوانەوە مامەڵە دەکەن، کێوی جوانیی ئەم قەڵەمڕەویە بەکێچ پیشان ئەدەن، کێچی ناشرینییش بەکێو!.

لەکاتێکدا ناوچەی قەڵەمڕەویی زەرد وەکو زیندانێکی مۆدێرنی ھەڵخەڵەتێنەر وایە، ھیچ جوڵانەوەیەک یان ئاڕاستەیەکی سیاسی یاخود تەنانەت سیاسیەک یان کەسایەتیەکی خاوەن پێگەی جەماوەریی ناتوانێت تیایدا دروست بێت و گەشە بکات ئەگەر بەسەر ئەو ھێڵەدا ڕێ نەکات کە پارتی بۆی دەکێشێت، سزای سەرپێچی کردنی ئەو ھێڵەش بریتیە لەپاکتاو کردنی جەستەیی ومەعنەویی وسنورداشکردن وپەلاماردان وسوتاندن بەناوی خەڵکەوە، کەواتە، دو ئیدارەیی ئەزمونێکی تاقیکراوەی شکستخواردوە، ئەگەر وەکو چارەسەر باس دەکرێت، چارەسەر نیە، چونکە لە دو ئیدارەییدا، وەکو پێشتر ھەر ھێزە و بەئاگر و ئاسن حوکمی ناوچەیەک دەکات، بەردەوام ئەگەری شەڕی نێوانیان لە ئارادا دەبێت. ھەڵبژاردن یان ناکرێت، یان ھەڵبژاردنێکی ڕوکەشی کارتۆنی دەکرێت تەنھا بۆ تازەکردنەوەی بەیعەت بە پارتی لە ناوچەی قەڵەمڕەویی زەرد وە یەکێتی لە ناوچەی قەڵەمڕەویی سەوز.

دو ئیدارەیی لەروی سیاسی ودەستورییەوە.
لە روی دەستورییەوە، ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ، بەپێی دەستور ھەولێر و سلێمانی و دھۆک بەیەکەوە وەکو ھەرێمێک مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەم ھەرێمە لە روی ئیداریەوە ببێتە دو بەشەوە، ئەوا حکومەتی فیدراڵ وەکو دو ھەرێم مامەڵەی لەگەڵدا ناکات، ناشتوانێت مامەڵەی ھەرێم لەگەڵ لایەکدا بکات و لەگەڵ ئەوی دیکەدا نەیکات، بۆیە گریمانەی بەھێز ئەوەیە لەڕوی واقعیەوە پێگەی ھەرێم ھەڵدەوەشێتەوە، حکومەتی فیدراڵ مامەڵەی پارێزگا لەگەڵ ھەر سێ پارێزگاکەدا دەکات، ڕەنگە ھەموارکردنەوەی دەستوری عێراقیشی بەدوادا بێت و فیدراڵی لە عێراقدا بکرێت بەفیدراڵی پارێزگاکان، نەک فیدراڵی ھەرێمەکان، فیدراڵی پارێزگا، فیدراڵیەکی ڕوکەشە و تەنھا ناوی فیدراڵیە، لە ناوەڕۆکدا دەوڵەتێکی مەرکەزییە، جا خوانەخواستە ئەگەر شەڕ رو بدات لە نێوان ھەردو قەڵەمڕەوییەکەدا ئەوا بەپێی دەستور حکومەتی فیدراڵی ئەرکی سەر شانێتی تەدەخول بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات، بەدڵنیایشەوە تەدەخول دەکات، کەسیش رێگر نابێت، چونکە لە (31) ئابی (1996) حکومەتەکەی سەدام حسین تەداخولی کرد و کەسیش ھیچی نەوت، لە (16) ئۆکتۆبەری (2017) حکومەتەکەی عەبادی تەداخولی کرد و دەستخۆشیشی لێکرا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، ھەرچی تورکیا و ئێرانیشە کە دۆستی پارتی و یەکێتین، کاتێک تەداخول دەکەن کە لەزیانی کورد بێت، ھیچ کات لە بەرژەوەندی کورددا تەداخول ناکەن.

ھێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی:
بەڕای من ھێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی نابێت داوا لە یەکێتی و پارتی بکەن، تا کۆببنەوە بۆ ئەوەی ئەمجارەش بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە شەڕ نەکەن و دو ئیدارەیی دروست نەکەن، چونکە ئەم دو ھێزە ئەگەر جدی بن لەوەی شەڕێکی دیکە دەکەنەوە، ئەمڕۆش نەیکەن، سبەی دەیکەن، ڕیفراندۆم وغاز و کۆرۆناش پێیان نەکات، ڕوداو و بابەتێکی دیکە ھەر دێتە پێشەوە پێیان بکات، بەتایبەتی بڕیار بەدەستەکانی ئێستای ئەم دو پارتە، ئەزمونی شاخ و ڕاپەڕین و حکومەتی ھاوبەش و شەڕی ناوخۆ و نێوەندگیریەکانی خاتو مادلین ئۆڵبرایتیان بەیەکەوە نیە، ھەروەھا ئەوەندە شارەزای مێژوش نین، وانە وعیبرەتی لێ وەربگرن، لە ڕوی فکریشەوە ئەوەندە قوڵ نەبونەتەوە، تا بتوانن ململانێکانیان بگۆڕن بۆ ململانێی فکری. بۆیە مەترسی پێکدادانیان بەردەوام لە ئارادایە.

کەواتە پارتەکانی دیکەی دەرەوەی ئەم دو پارتە دو بژاردەیان لە بەردەمدایە، ئەوانیش:
یەکەم- یەکێتی و پارتی قەناعەت پێبکەن، وە ناچاریان بکەن دەستبەرداری چەک ببن لە بەرژەوەندی ھەرێم و دروستکردنی ھێزێکی رێکخراو کە پارێزەری ھەموان بێت و ئینتیمای بۆ حیزب نەبێت، ھەرچەندە زۆر ھەوڵ بۆ ئەم بژاردەیە دراوە، بەڵام ھاتنە دی زۆر سەختە و نزیکە لەئاستەمەوە.

دوەم- ھێزەکانی دەرەوەی یەکێتی وپارتی بەیەکەوە ئەگەر توانیان، ئەگەر نا بەجیا ھەوڵی ئەوە بدەن لە داھاتویەکی دور یان نزیکدا ببن بەئەڵتەرناتیڤی یەکێتی و پارتی، ئەم بژاردەیە ڕاستە قورسە بەڵام ئاستەم نیە، کەمێک پێویستی بەپشو درێژی وحیکمەتی سیاسی ومامەڵەی دروستە لەگەڵ کات وھەلەکاندا .

تێبینی و گەواھیدانێک بۆ مێژو:

ناوچەی قەڵەمڕەوەی سەوز لە (25/7/2009) جۆرێک لە گۆڕانکاری بەسەردا ھاتوە، لە ڕوی دەنگ و پشتگیری جەماوەرییەوە بوە بەزۆنی نیلی و سەوز یان سەوز و نیلی، بەڵام لە ڕوی ھێزی چەکداریی و سەربازییەوە، ھەنوکە ھەر دەکرێت بە ناوچەی قەڵەمڕەویی سەوز وەسف بکرێت، ھەرچەندە زۆر ھەوڵ درا ململانێکان لەکوردستاندا بگۆڕدرێت بۆ ململانێی مەدەنی وپەرلەمانی، ھەنگاوی زۆر باشمان بڕیبو، ئەنجامی ئەم ھەوڵە لە ناوچەکانی دەرەوەی قەڵەمڕەویی زەرد رەنگدانەوەیەکی باش و کاریگەری ھەبو، لەسەر پرۆسەی بەدیموکراسیکردنی دەسەڵات، لە ناوچەکانی قەڵەمڕەویی زەردیش دەستی کردبو بە دەرکەوتن، بەڵام رێگرییەکانی پارتی لە (12) ئۆکتۆبەری (2015) زۆربەی ڕێسەکەی کردەوە بە خوری، ئەگەر پارتی ئەوەی نەکردایە، ئێستا دۆخی کوردستان بەجۆرێکی دیکە دەبو، ھەر ئەم ڕێگرییانەش بو کە یەکێتی ھاندا مامەڵەی ھاوشێوەی پارتی لە تەک گۆڕان و ھێزەکانی تردا بکات، بۆ نمونە کارەسات و ڕوداوەکانی ھەڵبژاردنی (12/5/2018)ی پەرلەمانی عێراق و ھەڵبژاردنی (30/9/2018)ی پەرلەمانی کوردستان، یەکێتی بە گوتار و بەکرداریش بەھێزەکانی دیکەی وت" مادام پارتی بەھێز و سەرکوتکردن و ترساندن و تەزویر ھەڵبژاردن دەباتەوە و حوکم دەکات منیش بەھەمان شێوە حوکم دەکەم".

کۆتایی:

ململانێی سیاسی نێوان پارتەکان کارێکی ئاسایی و دروستە و سروشتی سیستمی دیموکراسی دەیخوازێت، بۆ زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵگە، بەڵام ئەوەی نادروست و نائاساییە، ململانێی چەکدارییە، ھەموی بە شکست و زیان دەشکێتەوە بەسەر کۆمەڵگەدا، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق زۆر تاوانی دڕندانە و نامرۆڤانەیان بەرامبەر بە گەلی کورد کرد، بە جۆرێک خراپی حوکمڕانی وھەڵسوکەوتی ئەوان بەھیچ بەراورد ناکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و لەژێر سایەی ئەو حوکمە خراپەدا، شەڕی نێوان شار و قەزا و ناحیە و گوند و گەڕەک لە نێوان کوردا دروست نەبو، نەھێڵی دێگەڵە کێشرا و نەسلێمانی ھەستی بەوە دەکرد ھەولێر ستەمی لێکردوە، نەزینی وەرتێش کێشەی ئەوەی ھەبو بزانێ سەر بەکام قەڵەمڕەویی و ئیدارەیە، لەئێستادا وانزیکەی (28) ساڵە ئەم خەت و ھێڵ و سنور و بازگە و دیوار و دەرگایانە بەڕوی پێنج ملیۆن ھاوڵاتی ئەم ھەرێمەدا کێشراون و دروست کراون، کە ھاوتای تەمەنی دیوارەکەی بەرلینە، کە توانی تەنھا ٢٨ساڵ بمێنێتەوە، ئەم ھێڵ و بازگانە، لەگەڵ ھەر ناکۆکی و روداوێکی بچوک توندتر و تۆختر و بەھێزتر دەکرێن و تەرویجیان بۆ دەکرێت، کاتی ئەوە ھاتوە خەڵکی کوردستانیش وەکو خەڵکی ئەڵمانیا بۆ ھەتا ھەتایە لە ڕەگ و ڕیشەوە دەریان بھێنێت و بیان سڕێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن