933وتار

شەڕى بوک و خەسوو

6/3/2019 8:49:00 AM
د. ئیسماعیل نامیق

لەکۆمەڵگەى کوردیدا وا سەیرى پەیوەندى نێوان بوک وخەسوو دەکرێت، کەپەیوەندییەکى ناسەقامگیر وناجێگیرە، لەهەڵکشان وداکشانى بەردەوامدایە، وە لەعورفى کۆمەڵایەتیدا ئەوکەسانەى کەبەردەوام ناکۆکن ودەمەدەمێیانە پێیان دەوترێت ئەڵێى بوک و خەسوون.

چونکە بوک وخەسوو نەئەتوانن بەیەکەوە بژین، وەنەئەشتوانن بێیەک بژین، قەت دانویان بەیەکەوە ناکوڵێ، پەیوەندیان لەباشترین حاڵەتیدا موعەڕەزە بۆ شەڕ ولەخراپترین حاڵەتیشدا موعەڕەزە بۆ خۆبەختکردن لەپێناو یەکتریدا، لەوکاتەى موو بەنێوانیاندا ناچێ، بەئەندازەى رۆژهەڵات ورۆژئاوا لەیەکدى دوورن، لەوکاتەش کەبەئەندازەى رۆژهەڵات ورۆژئاوا لەیەکدى دوورن بەتاڵە مویەک بەیەک دەگەنەوە. بەکورتى لەحاڵەتى شەڕو ئاشتیەکى هەمیشەیدان.

شەڕ وناکۆکیەکانیشیان بەوە دەستپێدەکات کە لەپاشملە بەخراپە باسى یەکدى دەکەن، بەتوانج وپلار ودەمەبۆڵێ وروبەڕوبونەوەى راستەوخۆدا تێپەڕدەبێت تا دەگاتە تۆران وجیابونەوە، جارێکى تر ئاشتبونەوە وپێکهاتنەوە، ئەمە سروشتى پەیوەندى نێوان بەشێکى زۆرى بوک وخەسووەکانە، بەڵام زەرەر مەندى یەکەم لەم پەیوەندیە ناجۆر وناجێگیرە تەنها خێزانە، چونکە بەهۆى ئەم پەیوەندیەوە خێزان بەدۆخێکى دڵەڕاوکێى بەردەوامدا  گوزەر دەکات.

شەڕى نێوان یەکێتى وپارتیش کت ومت لەشەڕى نێوان بوک وخەسوو دەچێت. تەماشا کەن لەبەرەى کوردستانیەوە، بۆ یەکەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەساڵى 1992 ودابەشکارى پەنجا بەپەنجا وحکومەتى هاوبەش وپاشان شەڕى ناوخۆ وجیاکردنەوەى ئیدارە و دواتر ئاشتەوایى وپێکهاتنەوە تا ئەندازەى یەک لیستى ویەک گوتارى. جارێکى تر لەیەک دورکەوتنەوە، پاشان پێکهاتنەوە. ئەنجامدانى ریفراندۆم بەیەکەوە، بەڵام 16 ى ئۆکتۆبەر دژى یەکتر. ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەیەکەوە، بەڵام هەڵبژاردنى سەرۆکى کۆمارى عێراق دژى یەکتر. بۆ دانانى سەرۆکى حکومەت بەیەکەوە، بەڵام بۆ سەرۆکى هەرێم مەگەر خودا بۆ خۆى بزانێت بەیەکەوەن یان نا. بۆ دانانى پارێزگارى هەڵەبجە بەیەکەوەن، بەڵام بۆ پارێزگارى کەرکوک دژى یەکترن. لەهەولێر کۆکن، کەچى لەسلێمانى ودهۆک وبەغداد وهەڵەبجە وکەرکوک ناکۆکن وهەریەکە ولەڕێیەکە.

ئەم دوو حیزبە لەوکاتەى یەکتر تەخوین دەکەن وهەڕەشەى ئەوە لەیەکتر دەکەن پێڵاوى لاستیک دەرخواردى یەکتر ئەدەن، بەیەک تەلەفۆن یان نامە دەکرێت ببنەوە بەبرا وئامادەیى پیشانبدەن بۆ ئەوەى خۆیان بەخت وفیدای یەکتر بکەن ومیللەت بەهۆکارى ناکۆکیان تۆمەتبار بکەن.

دیارە نابێت کەس خۆشحاڵ بێت بەناکۆکى نێوان دوو کورد، بەڵام لەهەمان کاتدا نابێت حەقیقەتى پەیوەندى ناجۆرى نێوان ئەم دوو لایەنەش نادیدە بگیرێت وقسەى لەسەر نەکرێت، چونکە ئەم پەیوەندیە لەهەردوو حاڵەتى باشى وخراپیشدا هەر بەزیان شکاوەتەوە بۆ میللەت.

بۆیە رێگەى دروست ئەوەیە، هەموو لایەنەکان لەسەر بەرژەوەندیە بنچینەیى وباڵاکانى وڵات وپرەنسیپە گشتییەکانى حوکمڕانى ودەستاودەستکردنى ئاشتییانەى دەسەڵات هاوڕا بن، لەسەر بابەتەکانى تر و ووردەکاریەکانى سیاسەت وبەڕێوەبردن لەململانێ وکێبرکێى بەردەوامدا بن، دەنگى خەڵکیش سەنگى مەحەک بێت لەوەى ئەم ململانێیانە بەسودى کام هێزى سیاسى بشکێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن