631وتار

ئەم نادادیە تا کەى؟

12/17/2019 9:04:00 AM
د. ئیسماعیل نامیق


هاوڕێیەکم باسى جووتیارێکى بەتەمەنى بۆ کردم، کە ڕوبەهەنارى باش درووست دەکات، منیش پرسیارم لێکرد کیلۆى بەچەند ئەفرۆشێ ووتى کیلۆى بە دە هەزار، پرسیارم کرد لەساڵێکدا ئەتوانێ چەند کیلۆ بەرهەم بهێنێت، ووتى نزیکەى 100 کیلۆ.

سەرنج بدەن، جوتیارێکى تەمەن 60 ساڵ ساڵێکى تەواو خۆى وخێزانەکەى خەریکى بەخێوکرکردنى باخێکى هەنار بن، بەئاودان وچاودێرى کردن و پاککردنەوەو پاشان لێکردنەوەى هەنارەکان و وەراندن وکردنى بەروبە هەنار، لەکۆتاییدا تەنها یەک ملیۆن دینارى دەست بکەوێت.

لەبەرامبەریشدا کەسێک تەمەنى کەمتر بێت لە 30 ساڵ مانگانە شەش ملێون دینار بچێتە سەر هەژمارى بانکیەکەى، بەس لەبەر ئەوەى بەدەنگى ئەو جووتیارە ماندووە، چوار ساڵ یان کەمتر پەرلەمانتار بووە!!

ئەم نادادیە لەکوێى دونیادا هەیە؟

چۆن بەم شێوەیە کوردستان ئاوەدان دەکرێتەوەو بەرهەمى خۆماڵى زیاد دەکرێت؟ چۆن قەناعەت بەو جووتیارە ماندوەو هاوشێوەکانى بکەین ئینتیماى بۆ وڵاتەکەى هەبێت وحکومەتەکەى خۆش بوێت؟

بە چ ڕوویەکەوە بەکوڕ وکچى ئەم جوتیارە بڵێین ئێوە لەگەڵ کوڕ وکچى پەرلەمانتاران و وەزیرەکان و بەرپرسەکاندا یەکسانن وهەمان مافتان هەیە؟

دەمەوێت بڵێم، یاساکانى تایبەت بەخانەنشینى پەرلەمانتاران و وەزیرەکان وخاوەن پلە باڵاکان لەهەرێمى کوردستاندا، لەنمونەى خراپترین ونادادپەروەرترین یاساکانى جیهانن، حەق وایە لەبەر خراپى وغەریـبى و نادادیان بخرێنە کتێبى گینسەوە ولەناوەندەکانى خوێندندا لە ریزى پێشەوەى یاسا خراپەکان بەنمونە بهێنرێنەوە.

ئەم یاسایانە لەهەر وڵاتێکى دیکەدا بوونایە، حکومەتیان لەسەر ئەڕوخێنرا و داڕێژەران و جێبەجێکەرانی یاساکەش دەخرانە کونجى زیندانەوە.

سەیرى بەغداد بکەن، ئەم یاسا خراپانەشیان نییە، ئێستا لەهەرێمى کوردستاندا داوا دەکرێت، یاساى خانەنشینى وەکو بەغدادى لێبکرێت، کەچى لەبەغداد حکومەت روخێنراوە، ئەنجوومەنى نوێنەران وسەرۆکایەتى کۆمار و سەرجەم حیزب وسەرکردە سیاسیەکانیش لەژێر هەڕەشەو مەترسیدان.

بەڵام کاربەدەستانى هەرێمى کوردستان بێ ئەوەى سوود و ئامۆژگارى لەکەس وەربگرن، لەم دۆخە خراپ و پڕدژواریەى گوزەراندا، دەیانەوێت بەناوى چاکسازیەوە، مووچەیەکى خانەنشینى زۆر بۆ پەرلەمانتار و وەزیر و ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگا و خاوەن پلە باڵاکانى تر ببڕنەوە، بێگوێدانە پێوەرە جیهانیەکان.

بۆیە لەئەگەرى بەیاساکردنى ئەم نیەتە خراپە، دادپەروەرى و ئومێد بەدادپەروەرى، بە تەواوى لەگۆڕستانى چاکسازاندا لەگۆڕ دەنرێت.

کەواتە ئێستا دەرفەتێک هاتۆتە پێش بۆ راستکردنەوەى هەڵە ونادادیەکانى رابردوو، تکایە با ئەمە دەرفەتێک بێت بۆ هێنانە دى دادپەروەرى، نەک بیکەن بەهەلێک بۆ زیاتر چەسپاندنى ستەم و نادادى بەناوى چاکسازیەوە


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن