40وتار

پەرلەمانێک بۆ ئایندە؛ بچووکتر و کاراتر

11/30/2024 2:19:00 PM
هەردی مەهدی میکە

پەرلەمانی کوردستان و بەدوویدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەزیر و گزیریەوە، تا ئەم سی و دوو ساڵەی هێناویانە، بە جۆرێک بەشێک بوون لە کێشە سیاسی و حزبییەکان لە بریی چارەسەر و چارەساز. پەرلەمان لەو کاتەی کە دەبوو وەک دەزگایەک ڕێگر بێت لە لەتبوونی نێوماڵی کوردستان و دروستبوونی گوتاری مەترسیداری دووجەمسەری و شەڕی نێوخۆ و خراپ بەڕێوەبردنی کوردستان، ڕێک بوو بە بەشێک و بەرهەمهێنەری ئەو دۆخەی ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان و هاونیشتمانییەکانی گیرۆدەی بوون. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو نەدات، دەبێت گوتارێکی کۆکەرەوە بینا بکات کە بیرکردنەوە لە کوردستان پێش پەرلەمان و پەرلەمان بەر لە حکومەت و حکومەت پێش حزب و هەرێم پێش نێوچەگەرێتی و  کوردستان و هاونیشتمانیانی پێش هەموو پرسێکی دیکە بن.

چی بکرێت بۆ ئەوەی پەرلەمان کارا و نیشتمانساز و پەرلەمانتار بیرکەرەوە و بەشێک بێت لە چارەسەر و تێپەڕاندنی قەیران نەک قەیرانساز بێت؟

1)دیاریکردنی مەترسییە هەنووکەییەکان:

 ئەو کێشانەی ئێستا یەخەی هاوڵاتییانی هەرێمی گرتووە (تێیدا پەرلەمان بەشێک نەبووە لە چارەسەر)، بوونەتە هەڕەشە لەسەر هاوڵاتی و قەوارەکەی، ئەمانەن: لەتبوونی نێوماڵی کورد، ونیی گوتارێکی ڕاستەقینەی نیشتمانساز، دووجەمسەریی مەترسیداری سیاسی، بەڕێوەبردنی فرە جەمسەری ناتەبای هەرێم، بژێویی ناجێگیر و ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییان و نادیاریی داهاتی هەرێم و نەبوونی یاسای بودجەی حکومەت و حزب و داهاتیان… تاد.

گەر وردی بکەینەوە، لە بنچینەدا یەکنەخستنی دیدگای بەڕێوەبردن (بە مانای تەگبیر و ئیتیفاق نەک یەکگرتن وەک کەرەستەی سڕینەوەی یەکدی) و جڵەوداریی پەرلەمان و حکومەت سەرچاوەی کێشەی مووچە و بژێویی هەرێمی کوردستانن، چونکە گەر بە گوتارێکی بیرلێکراوە و یەکخراوەوە کورد بچێتە بەغدا و لەسەر بنەمای سێکوچکەی شەراکەت لە هەرێم، یەکگووتاری لە بەغدا و دانوستاندنی هەرێم تەوەرانە (وەک ئەزموونی ساڵانی (٢٠٠٦-٢٠١٢))، ئەوا جەمسەرە جیاوازەکانی بەغداش هێندەی دی بەشێک نابن لە لەتکردنی نێوماڵی هەرێم و مل دەدەن بۆ یەک ئیرادەیی هەرێم نەک یاریکردن بە ئیرادە جیاوازەکانی.

2)ڕێکخستنەوەی دیدگا:

 لە وڵاتێک کە بەڕێوەبردنی تا ڕادەیەک تەندروستە و پەرلەمانی کارایە، سیاسییە پلەیەکەکانی لە ڕیزی پێشەوەی کورسییەکانی نێو پەرلەماندان (بە ئۆپۆزسیۆن و حکومەتدارەوە) و ململانێ سیاسییە حزبییەکان و کێشەکان بۆ بەرژەوەندیی هاوڵاتییان و نیشتمان ئاڕاستە دەکەن و بگرە ململانێ توندەکان بە فەڕ و بەهات بە دیوی خزمەتدا دەشکێننەوە و ناکۆکییەکان دەکەنە داینەمۆی تەواوکاری بۆ باشترکردنی بژێویی خەڵکەکەیان و وێنا گشتییەکەی نیشتمان و نیشتمانسازی کە پڕۆسەیەکی بەردەوامە و ئێمە هێشتا دەستمان پێ نەکردووە.

دەبێت ئەوە وەک خەتی سووری سیاسەت بچەسپێنرێت کە دەزگا نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستان (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) بەر لەوەی بەرهەمی هەڵبژاردن و خەڵک و دۆخی هەنووکەیی بن، بەشێکن لە ئامانج و ئەنجامی بەرخودانەکانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی هەموو کوردستان (نەک تەنها هەرێم)، ئەمە لە پەرلەمانی هەرێمەوە بیگرە تا دەگاتە بنکەیەکی پاسەوان و پۆلیسی سەرسنوور پێویستە بەر لەوەی ئاگایان لە ئەرکی ڕۆژانەیان بێت، لە چوارچێوەی دیدگای ئامانجە گشتییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا ئەرک و ڕەفتاریان ڕێک بخەنەوە.

دامودەزگایانێک کە بە جۆرێک پەیوەندییان بە ئازادیی تاکی کوردستان و ڕەوایەتی و شوناسی کولتووری و نیشتمانیی کوردستان و هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەبێت سەرووتر لە کاری هەنووکەیی؛ دیدگا و کار و ئەرکی خۆیان ڕێک بخەنەوە و هەستیار بن بەرامبەر پرسێکی دەیان ساڵە کە تێیدا کورد خەباتی بۆ ئەوە کردووە تا ڕۆژانێک دابێت ئەم دەزگایانە دابمەزرێنێت لە لایەک شکۆی مرۆڤی کورد بپارێزێت و چیتر وەک پلەدوویەک تەماشا نەکرێت لە بەردەم داگیرکەرە سەردەستەکانی دراوسێیدا، لە لایەکی دیکەشەوە وەک بەشێک لە خەباتی پێشینەی، ئەم دەزگایانە بەکار بهێنێت بۆ پارێزگاری لە ئامانجەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و پارێزگاریی سنوور و شوناس و جوگرافیا و بەهەدەرنەدانی ئاواتی هەبوونی نیمچەکیانێکی ئاوا، نەک بە پێچەوانەوە ببێتە هۆی نائومێدی و بەرهەمهێنانی دیدی پووچگەرایی کوردستانیانی پارچەکانی دیکەش بەرامبەر خەباتی نیشتمانی و شوناستەوەریی کورد.

بۆیە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان وەک چۆن دروستبوونیان تەنها بەرهەمی پڕۆسەکی کارگێڕی و دەستوور و یاسایی نییە، ئاواش ئەرکیان قەتیس نابێت لە جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی عێراق و ڕێکخستنی کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی.

3)ئەرکە هەنووکەیی و ئایندەییەکان:

 ڕابردووی ئەو پەرلەمانەی هەمانبووە، دیارە کە خۆی بەشێک بووە لە کێشەکان، نە قەبارەکەی و نە دیدگاکەی و نە جۆری بەڕێوەبردنی و نە ئەو پەرلەمانتارانەی کە دەستەسێی حزبەکانن ئەندامن، گەر وەک ڕابردوو بن ناتوانن بەشێک بن لە چارەسەر و بنیادنان. بۆ ئەوەی پێچەوانەی ئەمە بسەلمێنرێت و نوقڵانەکەی ئێمە بە ڕاست وەرنەگەڕێت، دەبێت لەسەر چوار ئاست ئەم هەنگاوانە بنرێن:

کارکردن بە ئاڕاستەی پێکهێنانی حکومەتێک کە بنەمای پێکهێنانی هاوبەشی ڕاستەقینە، ڕێکخستنەوە و ئامادەکردنەوەی ساڵانەی یاسای بودجە و دابەشکردنەوەی داهاتی نێوخۆ کە تێیدا مووچە و بژێویی خەڵک پێشینەی ئامانجەکانی بێت، تا لە هەڕەشەی هەنووکەیی نائومێدی دەرباز ببین و هاوڵاتییان متمانەدار بکرێنەوە، پاشان یەکگووتاری و کوردستانتەوەری بۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا پێشمەرجی دەنگدان بە حکومەتی هەرێم بێت.

سیاسەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم کە ئێستا بەم دوو جەمسەرییەی هەرێم و بەو دیدگا دەستووری و یاسایی و سیاسییانی جەمسەرانەی بەغدا کە هەن، جۆرێک دڵنیایی تاڵ دەدەن کە ئایندەی پەیوەندییەکانی هەرێم و نووسینگەکانی و دەسەڵاتەکانی لە مەترسیدان و بگرە دوور نییە سەرجەمیان بچووک یان دابخرێن و ببنە بەشێک لە پاشکۆی کولتووریی باڵوێزخانەکانی عێراق، ئەمەش واتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار، نەک ئایندەی پەیوەندیی هەرێم بگرە ئایندەی هەبوونی قەوارە و خودی حزبەکانیش دەخاتە مەترسییەوە. گرنگە ئەم پەیوەندییانە نیشتمانی و کوردستانتەوەر و یەکخراو و یەکگووتار بن تا بتوانرێت بە ئیرادەی هاونیشتمانییان و بە ئیدارەی یاسایی هەرێمی کوردستان پشتیوانییان لێ بکرێت، نەک تەنها یەک دوو حزبێک پشتیوانیان بن و پاشان بکەون.

پرسی دۆسێی نێوچە دابڕێنراوەکانی هەرێم و مادەی ١٤٠ و مافە دەستوورییەکانی بەغدا بکرێتە بەرنامەی لەپێشینە بۆ کارنامەی پەرلەمان و حکومەتی ئەم چوار ساڵە، لە لایەک وەک بەشێک لە ئەرکی پاراستنی شوناسی کوردستان و جووڵانەوەکەی بەرگرییان لێ بکرێت و لە لایەکی دیکەوە وەک “پشتیوانە”یەک بۆ گفتوگۆکانی هەولێر-بەغدا بکەونە کار و پرسی خاک و ئاسایش و خەڵکی هەرێم بکرێتە ئەولەویەتی دانوستاندن لە بریی پرسی بڕێکی مووچە و بڕە پارەی هەناردەکراوی بەغدا بۆ هەولێر.

پرسی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بکرێتە پرسێکی نیشتمانی و کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان و وەک پاکێجێک و نەگۆڕی سیاسی و هێڵی سوور و سەوز بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو هێزانەدا دیاری بکرێت و ئەرک و مافیان بڕێکی ئاشکرا و بڕێکیشی نیمچەنهێنی بۆیان دیاری بکرێت، نەک وەک ئێستا هەر حزبە و بە جیا یاری و موزایەدەیان بەسەردا دەکات، چونکە وەک وترا پەرلەمانی کوردستان (بەدەر لە دیوە یاسایی و فیدراڵییە عێراقییەکەی) تەنها موڵکی ئەم پارچەیەی هەرێم نییە و دەبێت لە چوارچێوەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و وەک ئومێد و نموونە دیدگا بنیات بنێت نەک وەک ئەرکێکی بەڕێوەبردنی یاسایی ڕووت.

کەمکردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتار لە پێناو کاراییدا

 کەمکردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتارانی پەرلەمان گرنگە ئەرکی خولەی پەرلەمان بێت، ئەم قەبارەیە (بەراورد بە دانیشتووان و ژمارەی پەرلەمانتارانی وەک تورکیا، ئێران، ئازەربایجان، ئەمەریکا و بگرە عێراقیش) هەر زۆر زیاترە بۆ دانیشتووانێکی (بە نزیکەیی) شەش ملیۆنی، ١٠٠ پەرلەمانتار زۆرە و  ٥١ پەرلەمانتار زۆریشی زیادە. بڕوانن:

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زیاتر لە ٣٤٥ ملیۆن دانیشتووانی هەیە، بە هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانەوە ٥٣٥ ئەندامیان هەیە (١٠٠ پیران و ٤٣٥ سیناتۆری نوێنەران).

پەرلەمانی تورکیا (ئەنجوومەنی گەورەی ئوممەتی تورکی): بۆ زیاتر لە ٨٧ ملیۆن دانیشتووان، ٦٠٠ ئەندامی هەیە.

پەرلەمانی ئێران بۆ زیاتر لە ٩١ ملیۆن دانیشتووان، ٢٩٠ کورسیی پەرلەمانی هەیە.

پەرلەمانی (ئەنجوومەنی نەتەوەیی) کۆماری ئازەربایجان، بۆ زیاتر لە ١٠ ملیۆن دانیشتووان، ١٢٥ پەرلەمانتاری هەیە.

کەواتە بە بەراوردی دانیشتووان و ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەو پەرلەمانانەی ئەو وڵاتانە ئاماژەیان پێ درا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەو ڕێژەیە وەک ئەندام چەند بەرامبەر زیاترە و وەک ئەرکیش نیوەی ئەوان ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەڵنەگرتووە و بەشێک نەبووە لە چارەسەری قەیران و کێشەکانی هەرێم و نێو ماڵی کوردستان، بۆیە بچووکردنەوەی ئەرکە و هەم وەک کاراکردن و سەنگینیبەخشین پێی و هەم وەک کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر هاوڵاتییان.

ئەمەش وا دەکات کە حزبەکان ناچار بن کەسانی بەهێز و کاریگەر و دەستەیەک بنێرنەوە پەرلەمان و بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی هەرێم و ئامانجەکانی جووڵانەوەی درێژخایەنی سەرجەم کوردستانییانی نێوخۆ و دەرەوەی هەرێمیش وەئەستۆ بگرن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن