کوژرانی سمایل هەنیە، هەڕەشەی تورکیا و دەرفەتی کورد:
7/31/2024 1:58:00 PM
پێشڕەو محەمەد
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ئەردۆغان وەک هەمیشە پەنجەی هەڕەشەی بەرزکردەوە و ڕووی لە ئیسرائیلییەکان کرد و گوتی: وەک چۆن چووینە ناو لیبیا و قەرەباغەوە، ئەوهاش دەتوانین بە سەربازەوە بێینە ناو دڵی ئیسرائیلەوە. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوا لە ناتۆ و بلۆکی خۆرئاوا دەکات تورکیا لە ناتۆ وەدەرنێن، ڕووداوێکی وەها دەکرێت وەک ساتی ڕوودانی مێژووی جیهانیی لەقەڵەم بدرێت. هەندێک ساتی مێژوویی هەن لە مێژووی جیهاندا وەک فلاشێکی کامێرا بەخێرایی دەردەکەون و یاخود دەتوانن ببنە نوێبوونەوە و دەرفەتی گەورە یان کارەسات بخوڵقێنن.
کوژرانی سمایل هەنیە لە تارانی پایتەختی ئێران و سەنتەری «بەرەی بەرەنگاریی» (محوەری مقاوەمە) دژی «ئیمپریالیزم» و «زایۆنیزم»، ئەگەر ئەو ئەگەرانەش ڕاست بن ئێران خۆی دەستی هەیە لە هاوکارییکردنی ئیسرائیلدا، بۆ کەمکردنەوەی گرژیی لەگەڵ خۆرئاوا، نیشانەی لاوازبوونی ئێرانە بە هەموو پێوەرەکانەوە.
لە هەمانکاتدا کوشتنی کۆماندۆیەکی حزبوڵا لە لوبنان بەدەستی ئیسرائیل نیشانەی لاوازبوونی ڕۆژبەڕۆژی «بەرەی بەرەنگاریی» (محوەری مقاوەمە) و کۆمۆنیستەکانی جیهانی سێیەمە.
سەرجەمی بەرەی بەرەنگاریی کە تا بینەقاقا بە ئایدیۆلۆژیای کوشندە و دژەمرۆڤەوە دەیەوێت جەنگ دژی «ئیمپریالیزم» و «زایۆنیزم» بکات، و هەموو شکستەکان، دیکتاتۆریی، قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و بگرە سەرجەمی قەیرانی پاشکەوتنی شارستانێتیی ئیسلامیی لەڕێگەی فەنتازیای پیلانگێڕییەوە بە دوژمنێکی وەهمییەوە هەڵبواسێت، نەک ڕەخنەییانە لەخۆی بڕوانێت، لە لاوازبوونی خۆی نزیک دەبێتەوە.
باشترین دەرفەت، بگرە دەرفەتی زێڕین لەبەردەست کورددا هەیە، وەک چۆن ئیسرائیل لە ١٩٤٩ خۆی خستە بەرەی خۆرئاواوە، کوردیش لەبەرەی «محوەری مقاوەمە» بێتە دەرەوە، کە لە هەموو ڕوویەکەوە نەک هەرداگیرکاریی و کوشت و جینۆساید بووە، بەڵکو ڕۆڵی لە لاوازکردن و پاشەکشێکردن بە ئایدیالەکانی مۆدێرنیتە، ڕۆشنگەریی و دیموکراسییشدا هەبووە. محوەری مقاوەمە واتا: دیکتاتۆریی، ستەمکاریی، نادیموکراسیی، دژە-ڕۆشنگەریی، دژە-مافی مرۆڤ، داگیرکاریی، هەژاریی (کولتووریی، سیاسیی، ئابووریی)، و قەیرانی شارستانێتیی.
ڕاستە خۆرئاوا تاوانباری یەکەمە لە دابەشکردن و لەدەوڵەتخستنی کوردستان، بەڵام هاوکات بەرەی بەرەنگاریی کارەساتی گەورەتری بۆ کورد خوڵقاندووە. پێموایە کورد دەبێت وریاتر و ڕەخنەییانە، نەک بچێتە باوەشی خۆرئاواوە، بەڵکو ڕێک قووڵ بەدووی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بگەڕێت. گرنگترین شتیش کورد بتوانێت فێری ببێت، خۆی شەڕ لەگەڵ تورکیا و ئێران نەکات، بەڵکو ئەو دوو وڵاتە بەشەڕ بدات. ئایا هێشتا ئەو توانای ستراتیژیی و جیهانبینیی داهاتووبینە لای سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر و بیرکەرەوەی کورد دروستبووە؟ باشترین شتێکیش لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە کورد دەستبەرداری گوتاری «دژە-ئیمپریالیزم» بێت، چونکە بۆ کورد «ئیمپریالیزمی ئەمریکیی» زیانە گەورە و دوژمنە سەرەکییەکە نییە، بەڵکو محوەری مقاوەمەی دژە-ئەمریکیی و دژە-ئیسرائیل کارەساتە گەورەکەیە.
وەڵامەکەی بۆ ئێوە جێدەهێڵم.