261وتار

کورد و تاوانبارانی مێژوو

2/27/2023 4:35:00 PM
پێشڕەو محەمەد

زۆر بە کورتیی

هەوڵی بەشێک لە سیاسەتمەدارانی کورد بۆ هاوپەیمانیی لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە لەوە دەچێت خەیاڵی ئەوە بکەن هیتلەر کوڕێکی لێ بەجێماوە و باوەڕی تەواوی بە کارەکانی باوکی هەیە و جووەکان بێن لەگەڵی دانیشن و سیاسەتی هاوبەشی لەگەڵ بکەن. بنەماڵەی ڕەزا پاڵەوی تاوانباری مێژوون، دامەزرێنەری فاشیزمی ئێرانیی/فارسیی و ئێرانیزمن. هەر هەوڵێک بۆ کاری هاوبەش و نزیکبوونەوە بێ ڕێزیکردنە بە هەموو ئەو قوربانیانەی لەسەر دەستی ئەم بنەماڵەیە بوونەتە قوربانیی.


هیوادارم و دووبارە هیواخوازم نەوە پێشکەوتووخواز و ژیرەکەی ئەمڕۆی کوردستان هەرگیز ڕێگە بە شتێکی وەها نەدەن. لەبری گەڕان بەدووی هاوپەیمانێتییدا لەگەڵ ئەوان، دەبێت ببنە دەنگ و هاوپەیمانی هەموو نەتەوە و گەلە ژێردەستەکانی ناو جوگرافیای ئێستای ئێران. دڵنیام لەناو حزبی دیموکرات و لەناو کۆمەڵەدا مرۆڤی زۆر ژیر و پێشکەوتوو هەن دژی ئەم پرۆسەیەن. هیواکە ئەوەیە بەرژەوەندیی ڕابردووی قوربانیان و ئێستا و داهاتوو گەورەترە لە بەرژەوەندیی بەرتەسکی حزبیی. هیوا بۆ داهاتوویەکی مرۆڤدۆستانەتر با گەورەتر بێت لە ئایدیۆلۆژیا و بەرژەوەندیی حزب.


بنەماڵەی شا و کوڕەکەی حەمەڕەزا شا، تاوانبارن، نەک پێشکەوتووخواز و دیموکراتیخواز. ئەوان ئێوەیان ناوێت، تەنها دەیانەوێت وەک داشی دامە بەکارتان بهێنن. لە جووەکانەوە فێرببن کە ئێستاش بەدووی تاوانباراندا دەگەڕێن دادگاییان بکەن. فاشیزم هاوڕێتان نییە، دوژمنتانە. لاوازتریان بکەن، نەک بەهێزتر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن