134وتار

دیپلۆماسیی، سیاسەت و دوژمن

5/23/2024 4:30:00 PM
پێشڕەو محەمەد

ئەم چەند ڕۆژە ناکۆکیی زۆر لەنێو کورداندا لەسەر پرسەنامەی سیاسەتمەداران دوای ڕووداوی هەلیکۆپتەرەکەی ڕەیسیی دروستبووە. سەرەتا نێچیرڤان بارزانیی، مەسرور بارزانیی و پاشان قوباد تاڵەبانیی دەستیانپێکرد. شێوازی پرسەنامەی ئەوان هەندێک ڕەهەندی دیپلۆماسیی و حکومیی پێوەدیارە. بەڵام هاوکات ڕووبەڕووی دونیایەک هێرش بوونەوە، بەتایبەت لەلایەن ئەوانەی سەر بە هێڵی بیرکردنەوەی پەکەکە، چەپ و کۆمۆنیستە (کوردە) ئێرانییەکان و پاشان دیموکراتە (کوردە) ئێرانییەکان. شۆکەکە ئەو کات دەستیپێکرد، کە فەرماندەیەکی سەربازیی وەک مەزڵوم عەبدیی پرسەنامەی نارد. لایەنگرانی هێڵی «برایەتیی گەلان» دووچاری شۆک و تاسان هاتوون و نازانن پاساوی بۆ بهێننەوە یان ئیدانەی بکەن. پاساوی بۆ بهێننەوە، دەبێت ئەوانەی سەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر ئاساییتر وەرگرن، بەوەدا کە هی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر ڕەهەندی فەرمیی و دیپلۆماسیی هەیە تا هی فەرماندەیەکی سەربازیی. بەڵام وەک دەبینم زۆربەیان پاساوی بۆ دەهێننەوە. هەڵبەت هەر ئەمانە دژی پرسەنامەکەی مەزڵوم عەبدیی بوون کە بۆ کۆچی دوایی خوشکی مەسعود بارزانیی ناردبووی (بە بۆچوونی من کارێکی ئێجگار عاقڵانەی سیاسیی بوو).

خاڵێک لێرەدا ڕوونە: ئەم ڕووداوە دیسان دەریخست، کورد هێشتا لە فۆرمی خێڵدا بیردەکاتەوە، نەک نەتەوە و فۆرمە مۆدێرنەکانی سیاسەت. جگە لەمە: هێشتا پێیوایە پرسەنامە بۆ مرۆڤکوژێکی وەک ڕەیسیی (دوژمنێکی سەرسەختی کورد) ئاساییترە لە پرسەنامە بۆ سەرکردەیەکی کورد کە خوشکەکەی کۆچی دوایی کردووە (ئەمە بە هیچ شێوەیەک پاساو نییە بۆ کردەوەکانی مەسعوود بارزانیی). بەڵام کاتێک تۆ پرسەنامەی مەزڵوم عەبدیی بۆ ڕەیسیی بە دیپلۆماسیی و کارێکی دروست بزانیت، بەڵام بۆ مەسعوود بارزانیی بە خراپ، بزانە نەک تەنها لەناو دەبەنگایەتیی قووڵی سیاسییدا دەژیت، بەڵکو بگرە قووڵ لەنێو ئەو تەونە جاڵجاڵۆکە سایکۆلۆژییە دایت کە دوژمن بۆی دیاریکردوویت: بچووککردنەوەت بۆ ئاستێک ڕقت لە هەموو شتێک ببێتەوە هی خۆتە و هەموو شتێکت خۆشبوێت هی دوژمنتە.

دیپلۆماسیی، کە هاوکات دابڕاو نییە لە سیاسەت، بریتییە لە کێشانی ڕاشکاوی سنووری دۆست و دوژمن. لە مێژوودا هەمیشە ئەوەی وایکردووە کۆمەڵگە و گەلان بەرەو پێشەوە بچن، کێشانی ئەم سنوورانە بووە. کارل شمیت لە کتێبی «چەمکی سیاسیی» (Der Begriff des Politischen) لە ١٩٣٢دا دەنووسێت:

«بیری سیاسیی و غەریزەی سیاسیی لەڕووی تیۆریی و پراکتیکییەوە لەو شوێنەدا خۆیان دەسەلمێنن کە توانای دروستکردنی جیاکارییان لەنێوان دۆست و دوژمندا هەبێت. بەرزترین خاڵەکانی سیاسەتی مەزن ئەو سات و ڕەهەندانەن تێیاندا دوژمن وەک دوژمن بەوپەڕی ڕوونیی و ڕاشکاویی خۆیەوە، پێناسە و دەستنیشان دەکرێت» (ل.٥٤، چاپی ٢٠٢٣، بەرلین).

هەرکاتێک بەو ڕوونیی و ڕاشکاوییەی شمیت باسی دەکات، کورد بتوانێت لەڕێگەی سیاسییەوە سنووری دۆست و دوژمنەکانی خۆی بکێشێت، هەموو سەرەخۆشیی و پرسەنامەیەک جگە لە کۆمەڵێک گەمەی دیپلۆماسیی هیچ بەهایەکی دیکەیان نابێت. بێگومان ترەمپیش مابوایە، پرسەنامەی خۆی دەنارد. سیاسەتی کورد هێشتا هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئەم پرۆسەیەی نەناسیوە.

[تکایە ئەگەر گفتوگۆتان کرد، با لە ئاستی زمانی ئەم نووسینەدا بێت، نەک سوکایەتیی و گاڵتەکردن بە هیچ یەکێک لە خەڵک و لایەنگرانی هەموو لاکان].

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن