مەڕەکانی پانورگ،عەقڵی جەماوەری و نائاگایی سیاس
7/28/2025 3:03:00 PM
د. تارق جەوهەر سارمەمى
لە سەردەمی تەنگەژە سیاسییەکاندا، جەماوەر لە ڕووی سۆزەوە نەک ئەقلەوە زیاتر ئامادەی تێدایە بۆ ئەوەی بەڕێوەببرێت، ڕۆمانێکی تەنزئامێزی فرانسوا ڕابێلی فەرەنسی هەیە، بەناوی Gargantua and Pantagruel ( "گارگانتوا و پانتاگرول) کە لە سەدەی ١٦دا نووسراوە، من نامەوێ تەواوی ڕۆمانەکەتان بۆباس بکەم، بەڵام دیمەنێکی سەیری زۆر ڕەمزی تێدایە جێگەی سەرنجە.
لە ڕۆمانەکەدا پیاوێک بە ناوی (پانورگ) لەگەڵ بازرگانێکی مەڕداری چاوچنۆک کە ناوی (دۆندۆ)یە لەسەر کەشتییەک دەبن، دەبێتە شەڕ و دەمەقاڵیان، پانورگ هەست دەکات سوکایەتی پێکراوە و لە دڵی خۆیدا پلانێکی ژیرانە دادەنێت بۆ ئەوەی تۆڵەی دڵی خۆی لە دۆندۆ ی بازرگان بکاتەوە، بۆ بەیانیەکەی پانورگ دەچیتە لای دوندۆی و بە پارەیەکی زۆر باشترین مەڕی لێدەکڕێت، لە پێش چاوی ئەو مەڕەکەی فڕێی دەداتە ناو دەریاکە. هەر کە مەڕەکە دەکەوێتە خوارەوە، باقی مەڕەکانی دیکەی دوندی یەک بەدوای یەک خۆیان فڕێدەدەنە ناو دەریاکە وهەموویان دەخنکێن. تەنانەت خودی بازرگانەکەش، کە دەستی بەدوا مەڕی گرتووە ئەویش دەکەوێتە ناو ئاوەکە و لەگەڵ مەڕەکانیدا دەخنکێت. تائێرە ڕەنگە چیرۆکەکە وا دەبکەوێت کە بابەتێکی ئەدەبی و کۆمیدییە، بەڵام لە ڕاستیدا مانایەکی قووڵی هەیە و ئاوێنەیەکی ڕوونە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەفتاری مرۆڤەکان، کە لەهەموو سەردەمەکاندا لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی مرۆڤایەتی چەند بارە دەبێتەوە، کە پێی دەگوترێت: گوێڕایەڵی کوێرانە، ڕەفتاری مەڕانە و وازهێنان لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، کە ئەمە کڕۆکی سەرەکی ئەم نووسینەمانە.
بیرمەندی فەرەنسی گوستاڤ لۆبۆن لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی "سایکۆلۆژیای جەماوەر" بە قووڵی باسی ئەم بابەتەی کردووە و دەڵێت؛ «کاتێک کەسێک دەچێتە ناو حەشاماتی جەماوەر، واز لە هۆشیاری خۆی دەهێنێت، وەک ئەوەی هیپنۆتیزم ( خەواندنی موگناتیسی ) بۆکرابێت، بە وێنە و دروشمی بریقەدار سەرکردایەتی دەکرێت. لۆبۆن پێی وایە جەماوەر بیرناکاتەوە، بەڵکو هەست دەکات، لەلایەن سەرکردەیەکەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کە دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ هەستەکانیاندا بکات. مەسەلەکە پەیوەندی بە زیرەکی یان نەزانیەوە نییە، بەڵکو دۆخێکی دەروونی کۆمەڵایەتییە، کە دەبێتە هۆی پەکخستنی عەقڵ و گەورەکردنی غەریزە و قبوڵکردنی هەر کردارێک ئەگەر لە چوارچێوەی "کۆدەنگی"دا ئەنجام بدرێت.
ئەم ڕەفتارە دەستەجەمعییە کە لە مێژوودا لە کاتی قەیرانەکاندا دووبارە دەبێتەوە، پێدەچێت بە توندی لە دیمەنی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا ڕەنگدانەوەی هەبێت، چونکە لێرەش لە شێوازی حوکمڕانی و سەرکردایەتیکردنی خەڵکدا، گوتاری سۆزداری بەسەر دیدگای عەقڵانیەتدا زاڵە. لەدوای هەڵبژاردنەکان دەبینین چەندین کەس لە جەماوەر کەسێک یان حزبێک هەڵدەبژێرن دواجار خزمەتیان ناکات، زۆر جار خەڵک داکۆکی لە سیاسییەک کردووە، بەڵام لە کاتی تەنگانەدا بێ هیوایان دەکات، تەنها لەبەر ئەوەی شوێنپێی مێگەلی مەڕەکە کەوتوون، یان خۆیان داوەتە دەست پەتای ترس لە حیزب و ئیتیازات، مەزهەبی ئایینی وهێماسازییەوە.
ئامادەبووان بەبێ پرسیار
لە دۆخی سیاسی وکۆمەڵآیەتی زۆرێک لە وڵاتان بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە، بەئاشکرا هەست بەم حەڵەتەی مەڕەکانی بانورگ دەکەین چونکە؛
-تەنها بە قسەو ئاماژەیەکی سەرکردەکان یا سەرۆک هۆزو پیاوە ئایینیەکان بە شەو و ڕۆژێک هەڵوێستی تاک و بارودۆخەکان دەگۆڕدرێن.
-لەناو حیزبەکاندا تەواوی سەرکردایەتیەکان لە زۆرپرس و بابەتدا ناوێرن ڕای ڕاستەقینەی خۆیان دەربڕن لەترسی بێزاربوون وتوڕەبوونی سەرکردە باڵاکان، لەبەر ئیمتیازات و پۆستەکانیان لەگەڵ بڕیارەکەی سەرۆک یا سکرتێرەکەیان کۆکنین، بەڵام بێ هەڵویستانە خۆیان دەگونجێنن، ناوێرن ڕای ڕستەقینەی خۆیان دەربڕن.
-لەناو بەشێکی بەرچاوی نوخبەی ڕۆشنبیری و ڕاوێژکاران و میدیاکاران لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، لەکات و شوێنی خۆیدا لەگەڵ سەرووی خۆیاندا ناتوانن ڕای جیاواز و ڕاستەقینەی خۆیان بخەنەڕوو، یا لە هێلە سوور و گشتییەکەی حیزب یان دامەزراوەکەیان لابدەن، نەبادا بکەونە بەر هێرش و ڕەخنەی سەروویان و لە کارەکەیان دوور بخرێنەوە. دیمەنی ناو کایەی سیاسی و کۆبوونەوەی حیزبایەتی و دەرکەوتنی میدیایی و تەنانەت لە مەجلیسی نێو دیوەخانەکانیشدا؛ زۆر جار مرۆڤەکان، بە سیاسی و ڕۆشنبیر و هاوڵاتیانشەوە خاوەنی ڕا و هەڵوێستی خۆیان نین، دیمەنەکان وەک مەڕەکانی پانوگ وا دەردەکەوێت کە هەمووان چاوەڕێی "مەڕی یەکەم" بکەن تا باز بداتە ناو ئاوەکە و ئەوانی دیکەش بێ دوودڵی بەدوایدا بڕۆن.
بۆچی کۆمەڵگا دەبێت بە مەڕ؟
گۆڕینی ڕەفتاری مرۆڤەکان بۆ ڕەفتاری مەڕ ئاسا بێ هۆکار دروست نابێت، وەک دەڵین هیچ دووکەڵێک بێ ئاگر نییە، ڕەنگە بەشێکی زۆری پەیوەندیی بەمانە هەبێت:
- نەبوونی پەروەردەیەکی ڕاست ودروست بۆ بیرکردنەوەی سەربەخۆی تاک.
-بڵاوبوونەوەی وتاری دیماگۆجیەت، پۆپۆلیزمی و دروشمە پووچەکان لە سۆشیال میدیاکاندا.
-گۆڕینی سیاسەت بۆ بەیعەتێکی سۆزداری نەک ناعەقڵانییەت (کۆیلەبوون).
کاتێک هاووڵاتیان کە گوێ لە گوتاری سیاسەتمەدارێکی حیزبی یان ئایینی و ڕؤشنبیری دەگرن، لەخۆیان ناپرسن ئەو سیاسییە، جا لە (دەسەڵات بێت یان ئۆپۆزسیۆن) ئەوە"چی دەڵیت؟ بۆچی وادەڵێت؟ چۆن شتی وادەبێت؟" واتە پرسیاروگومان لەسەر قسە و هەڵوێستی سیاسییەکان و دەستەبژێران دروست ناکەن؟ وەک گۆستاف لۆبۆن دەڵێت: تاک کە دەکەوێتە ناو حەشامات کەسایەتی و تایبەتمندێتی بیرکردنەوەی خۆی لەدەست دەدات و دەکەوێتە ژێر کاریگەری حەماس و وروژاندنی دەستەجەمعی کۆبوونەوە حیزبی یا جەماوەری، بەم شێوەیە بەشێکی زۆری مرۆڤەکان دەکەونە ناو بازنەی تەسلیم بوون بە گوێڕایەڵی بەکۆمەڵ، کە کۆتایی بە هەر هەوڵێکی ڕەخنەگرتن یان گۆڕینی هەڵوێستی کەسەکە دەهێنێت.
مەڕی سیاسەت... یان قوربانییەکانی؟
جێگای داخە کە دەبینین توێژە گەورەکانی کۆمەڵگا بوونەتە ئامرازێک بە دەستی ئەو کەسانەی کە شارەزان لە هونەری وروژاندن و ئاراستەکردنی هەستەکان، بەداخەوە لەم زەمەنەدا بەتایبەتی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا:
-زۆربەی حیزب و سەرکردەکان لە عیراق و ناوچەکە، ترس و ناسنامە و سەربەخۆیی وەک چەکی کۆنترۆڵکردنی ئیرادەی تاکەکان بەکاردەهێن بەتایبەتی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا.
- بە ناوی پاراستنی "بەرژەوەندی باڵا" یان "سەقامگیری" وڵات، دەرگای پرسیارکردن و ڕای جیاواز بەڕووی تاکەکاندا دادەخرێن.
- زۆر جار لەلایەن دەستبژێری فەرمانڕەوا بە ئاسانی ئەوانەی رایان جیاوازە و ڕەخنەدەگرن وەک خیانەتکار یان لایەنگریکردن بۆ دوژمنان تاوانبار دەکرێن.
هەموو ئەمانە وامان لێدەکەن بپرسین: ئایا بەڕاستی ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و زیندوو و دیموکراتدا دەژین؟ یان وەک چیرۆکی مێگەلە مەڕەکە بەرەو دەریا دەڕۆین؟ ئایا کە کۆمەڵگا شاری گوێڕایەڵی کوێرانە بوو، ئەرکی دەستەبژێری سیاسی، ئاینی، ڕۆشنبیر، میدیاکار و چالاکوانی چاوکراوە ئەوەیە دەست بەچاویانەوە بگرن؟ یان پێشەنگایەتی خەڵک بکەن و مەشخەڵی ڕۆشنفکری و هۆشیارکردنەوەی تاک وکۆمەڵگا داگیرسێنن!
کەس ناچار نییە خۆی فڕێ بداتە دەریا
وەک دەزانین چیرۆکی "مەڕی پانورگە" بە ڕزگاربوونی کەس کۆتایی نەهات. هەموو مەڕەکان و خاوەنەکەیان خنکان. بەڵام ئەگەر تەنها یەک مەڕ بووەستابوا و بیپرسیبوا: بۆ کوێ دەڕۆین؟ بێگومان جیرۆکەکە بەشێوەیەکی تر کۆتایی دەهات. بۆیە لەم چیرۆکەوە دەربڕینی مەڕەکانی پانۆرگ "moutons de Panurge" بووە بە زاراوەیەکی باو لە زمانی فەرەنسیدا، واتە گروپێک بە نائاگایی یان بێ ئیرادەی خۆی بە دوای بۆچوون یان کردەوەی ئەوانی دیکە دەکەوێت.
هەموو جار سیاسەت قەدەر نییە، گوێڕایەڵیش فەزیلەت نییە، کۆمەڵگا بەهێزەکان ئەوانەن، کە منداڵەکانیان بە شێوەیەکی وا پەروەردە دەکەن، کە ڕەخنەگر و گوماناویەکی ئەرێنی بن، بەرپرسیارێتی تاکەکەسی هەڵبگرن، نەک کەسێکی ملکەچ و گوێڕایەڵبووی کوێرانەبن. لەم سەردەمی سۆشیال میدیای پڕ لە دروشمبازی و دووبەرەکی وەک ئەمڕؤدا، پێویستمان بە بوێری پرسیارکردن هەیە، نەک خێرایی گوێڕایەڵی وخۆ فڕێدانە نێو دەریای دەستەجەمعی مێگەل بوون. پێویستمان بە هاوڵاتیەکی بیرمەندە، کە خاوەنی ئیرادە و بیرکردنەوە و ڕای خۆی بێت، نەک وەک مەڕێک کە بەدوای مێگەلدا بکەوێت، بێ بیرکردنەوە، کوێرانە لاسایی ئەوان بکاتەوە وشوێن پێان بکەوێت.
پێویستە لە رۆژگاری باڵا دەستی سۆشیال میدیادا، کە پڕە لە پەیامی وروژێنەر و پۆپۆلیزمی و هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری، بە گومانێکی ئەرێنیانە، درۆ و ڕاستیەکان لە قسە و گوفتاری سیاسەتوان و مورید و میدیاکانیان لەیەکتر جیا بکەینەوە. چونکە بێ ڕەخنە و پرسیاری جدی و بیرکردنەوەی بابەتی وەک مێگەلەکەی پانوڕگ لە نێو گێژاوی دەریای سۆشیال میدیادا دەخنکێین!