سازان پێش دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردن
2/24/2022 5:24:00 PM
د. تارق جەوهەر سارمەمى
هەلبژاردنی پەرلەمانی
کوردستان پرسێکی نیشتمانیی جارەنووسازە، پێویستە هەر چوار ساڵ جارێک لەوادەی یاسایی
خۆیدا بکرێت. هەرچەندە لەسی سالی رابردوودا هیچ جارێک لەوادەی یاسایی خۆیدا نەکراوە
چەندین سال و مانگ دواکەوتوو. لەدۆخی ئێستای هەرێم، کە گیرۆدەی چەندین قەیرانی: سیاسی
وئابووری و کۆمەلایەتی یە، بەهۆی بەردەوامبوونی ناکۆکییە سیاسییەکان لەبارەی پلەو
پۆستەکانی بەغدا و نەبوونی شەفافیەت لە خەرجی
و داهاتەکانی نەوت وداهاتی ناوخۆو گومرگەکان و بەردەوامبوونی دواکەوتنی موچە وکێشەکانی
هەرێم لەگەل بەغدا، کە دوا بریاری دادگای فیدرالی بەهەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و
غازی هەرێم دۆخەکی هێندەی تر شلەژان.
وەک ئاشکرایە رێکخستنی
هەلبژاردن ژینگەیەکی لەباری سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و یاسایی و دارایی گەرەکە.
پرۆسەی هەلبژاردنیش پەیوەستە بەچەند بنەمایەک،
ئەگەر ئەم بنەمایانە لەئارادا نەبوون پرۆسەکە سەرکەوتوو نابێت، چونکە هەلبژاردن تەنیا
بریاردان نییە لە دیاریکردنی رۆژی هەلبژاردنەکە، بەلکو پێویستە خواست و داواکاری کۆمەلگاو
هێزە سیاسییەکان کەبەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن،لەبەرجاو بگیرێن، سەبارەت بە یاسای
هەلبژاردن و لایەنی سەرپەرشتیارو پێداویستی تەکنیکی و خەرجی دارایی و ئامارێکی
دروست بۆ لیستی دەنگدەران و بوونى چاودێرانی نێو دەولەتی و ناوخۆیی، کەگەرەنتی پاکی
و بێگەردی پرۆسەکە بکەن، هەموو ئەمانەى سەرەوە باسکران، دەبوایە پێش دیاریکردنی رۆژی
هەلبژاردنەکەوە یەکلایی بکرێنەوە.
ماوەی چەند مانگێکە، بەشێکی
زۆری هێزە سیاسییەکان بەوانەى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و خودی پێکهاتەکانیشەوە، داوای
چەند گۆڕانکاریەکى یاسایی و تەکنیکی بۆ سەرخستنى هەلبژاردنەکە دەکەن لەوانە :
🔸 گۆڕینی سیستمی هەلبژاردن لە یەک بازنەییەوە
بۆ فرە بازنەیی پارێزگاکان لەهەرێمدا.
🔸هەندێک لایەن داوای لیستی کراوە و هەندێکییش
داوای گەرانەوە بۆ لیستی داخراو دەکەن، هەشیانە داوای لیستێکی تێکەکەلە لەنێوانی هەردوو مۆدێلەکە دەکات.
🔸ئایا تەمەنی پەرلەمانتار هەر بە 25سالی و کۆتای
ژنانیش هەر بەرێژەی 30% وەک خۆیان دەمێننەوە یان پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە.
🔸 کێشەی بەسەرجوونی ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی هەلبژاردن
وراپرسی چارەسەر نەکراوە و لایەنەکانیش لەسەر درێژکردنەوەی ماوەکەی یان هەلبژاردنی کۆمسیۆنێکی تازەو گۆرینی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی
کۆمسیاران لە 9 کەسەوە بۆ 11 کەس هێشتان ناکۆکن و رێکنەکەوتوون.
🔸 نەبوونی سەر ژمێری گشتی و ئامارێکی دروست بۆ
دیاریکردنى ژمارەی دانیشتوانی هەریم و لیستێکی پاک و بێخەوشی دەنگدەران، یەکیکە لەم
گرفتانەى کە کاریگەرى نەرێنى بەسەر پرۆسەکەوە هەیە.
🔸یەکلایی نەکردنەوەی داواکاری رێکخستنەوەی
دادپەروەرانە بۆ سیستمی کۆتای پێکهاتەکان و بێبەشنەکردنی مەسیحیەکانی سلێمانی و
تورکمانەکانی کفری خاڵیکى گرنگى ناکۆکیەکانە هەملەنیو لاینە کوردییەکان هەملاى پێکهاتەکان.
🔸یەکلایی نەکردەنەوەی داواکاری جیاکردنەوەی لیستی
دەنگدانی کۆتاکان بۆ ئەوەی نوێنەری راستەقینەی
خۆیان بنیرنە پەرلەمان، ودوور بن لەدەست تێوەردانی حزبەکان بابەتیکى وروژێنراوى جدیە
لاى بەشێکى پێکهاتەکان.
🔸بەرەچاوکردنی هەلو مەرجی سیاسی و گۆرانکاریەکان
و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم، پێویستە ئەو پرسیارەش وەلام بدرێتەوە، ئایا
ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان هەر بە 111 ئەندام دەمێنێتەوە، یان پێویستی بە زیاد وکەمکردنەوە
هەیە. چونکە تەنیا لەهەلبژاردنی سالی 1992 هەر ٣٠٠٠٠ سی هەزار نەفەر کورسیەکی پەرلەمانى بۆدیاریکرابوو. دەستوری عێراقیش بۆ ئەنجومەنی
نوێنەران هەر 100000 کەس کورسیەکی بۆ دیاریکردووە. بەلام پێویستە ئەو بابەتە لەخولى
نویدا دیارى بکرێ ، بۆ ئەوەى هاوسەنگى ودادپەروەرى لەنوینەرایەتیکردنى پارێزگاکاندا
هەبێت لەسەر بنەماى رێژەو ژمارەى دانیشتنوانى هەر پارێزگایەک.
هەرچەندە من خۆم لەگەل
ئەوەم هەموو هەلبژاردنیک لەوادەى خۆیدا بکرێ، و بۆ یەک سەعاتیش دوانەکەوێ . بەلام هێشتا سەرۆکایەتى پەرلەمان کۆتایی بە گفتوگۆکانى
خۆى لەگەل سەرۆکى فراکسیۆنەکان نەهیناوە لەبارەى هەموو ئاستەنگ و کێشانەى لەسەرەوە
ئاماژەمان پێکردوە.
ئایا هەستیارى
دۆخەکە پیویستى بەوە نەبوو بەر لەوەى ١ى
تشرینى یەکەمى ئەمسال بۆ هەلبژاردن دیارى بکرێ، چاوەرێێ ئەنجامەکانى کۆبونەوەکانى سەرۆکایەتى پەرلەمان وسەرۆکى فرراکسیۆنەکان بکرابوایە؟ و ئایا
دیاریکردنی رۆژی هەلبژاردن بێ رێکەوتنى لایەنە سەرەکیەکانى پرۆسەکە دۆخەکە ئالۆزتر
ناکات، و قەیرانەکانی هەرێم قوڵتر ناکاتەوە?