نەینەوا كراوەتەشامی شەریف
2/18/2019 2:39:00 PM
عەبدولواحید محەمەد
عەبدولواحید محەمەد*
هەموو لایەك ئەو راستیە دەزانین پارێزگای نەینەوا دووەم گەورە شاری عێراقەو رۆڵی بەرچاویشی لە جومگە هەستیارەكانی وڵاتدا بەتایبەت لە بواری خوێندەواری، رۆشنبیری، كلتوری، ئابووری هەبووە.
ئەو شارە بەهۆی كۆمەڵێك هۆكارەوە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق بەردەوام رووبەڕووی تیرۆرو لەژێر هەژموونی دەستەو تاقمە نامۆكان بووە، لە مانگی حوزەیرانی (2014)ەشەوە كەوتە ژێر دەسەڵاتی داعش و هەرچی لە رابردوودا بیناكرابوو كەوتە بەر شاڵاوی وێرانكاری، لەپێشەوەی هەموویان ناوەندەكانی خوێندن، بەشێوەیەك پرۆسەی پەروەردەیان بەتەواوی پەكخست.
دیارە ئەوە سروشتی ئەو تاقم و باندانەیە، ئەوەی جێگەی تێڕامانەو هەڵوێستەكردنە، زیاتر لە ساڵ و نیوێكە ئەو شارە ئازادكراوە كە ئەوە ماوەیەكی باشە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری فەراهەم بكردایە، بێگومان پرۆسەی پەروەردەش لەپێشی پێشەوەیە، بەو هەژمارەی هەمیشە خوێندن و فێركردن فاكتەرێكی گرنگ بووە بۆ ئاوەدانی و دڵنیایی دان بە كۆمەڵانی خەڵك كە زەمینە لەبارە بۆ حەوانەوەو بەردەوامیدان بە ژیان.
لەوبارەیەوە حكومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان بەتایبەت بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی نەینەوا ئاماژە بەوە دەدات، كە كاری باشیان كردووە، لە تویتێكدا ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت ئەمساڵ ئامادەكاریمان كردووە بۆ پێشوازیكردن لە قوتابیان و خوێندكاران، بەشی راگەیاندنی پەروەردەكەش دەڵێت (1850) ناوەندی خوێندنمان لەناو موسڵ و دەوروبەری نۆژەنكردۆتەوە لەبارەی پرۆگرامەكانیش دەڵێت 100% پەرتوك و پێویستیەكانی تری خوێندنمان ئامادەكردووەو دابەشكردنی بەردەوامە، بۆ میلاكیش لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ ئەوەی رێكی بخەینەوەو زیادەكان ببەینە ئەو شوێنانەی كەموكوڕیان هەیە، وەكو حاڵەتی فریاگوزاریش بۆ كەمی پۆل و هۆڵەكان دەڵێت پشت بە كەرەڤانە دەبەستین.
تا ئێرە وتەو لێدوانەكان بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی نەینەواو بەشی راگەیاندنەكەی بوو، كە نەینەوا كراوەتە شامی شەریف، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع ئەو وتانە زیادەڕۆیەكی زۆری تێدایەو پێچەوانەكەی بەدی دەكرێت، وەك گەواهیش بۆ ئەوەی كارێكی ئەوتۆ نەكراوە، مامۆستایەكی ئامادەیی كچان دەڵێت تا هەنوكە بایەخێكی ئەوتۆ بەدی نەكراوە ئێستا ژمارەی قوتابیەكان زۆر زۆرە، بۆ نموونە لە یەك هۆبەی ئامادەیی (50 -60) كچ هەن و لەسەر یەك مێز لەبری دوو خوێندكار چوار خوێندكار دادەنیشن، هاوكات مامۆستاشمان زۆر كەمە، هەر لەو بارەیەوە دایكان و باوكانیش دەڵێن هەموو رۆژێ منداڵەكانمان لەژێر مەترسیەوە ماوەیەكی زۆر دەبڕن تادەگەنە قوتابخانە، چونكە زۆربەی قوتابخانەكان كاول بوون و هیچی نزیك نەماوە، وێڕای ئەو رێگا دوورەش هیچ فێر نابن، چونكە ژمارەیان زۆرەو دەبێت لەسەر زەوی دابنیشن، بۆ نووسینەوەی ئەركەكانیان هەروەها ئەنجامدانی ئەزموونەكانیان، لە قەزاو ناحیەكانیش حاڵەكە زۆر خراپترە، بۆ نموونە لە شەنگال لەكاتێكدا بەڕێوەبەری پەروەردە دەڵێت 80%ی قوتابخانەكانمان نۆژەنكردۆتەوە، لەهەمان كاتدا باوكان و دایكان دەڵێن نۆژەنكردنەوە تەنها ئەوە نیە تۆ دیواری دەرەوە بۆیاخ بكەیت بەڵكو دەبێت مامۆستاو مێزو پێداویستیەكان دابینبكرێن. لە درێژەی وتەكانیان دەڵێن، چۆن دەبێت قوتابخانەیەكی 1000 خوێندكاری تەنها بەڕێوەبەرو یاریدەدەری هەبێت و هیچ میلاكێكی نەبێت؟ بۆیە كەمپی ئاوارەییمان پێ باشترە لەوەی منداڵەكانمان بێ سەواد بن، لە ناحیەی گەیارەش كە ژمارەی دانیشتوانی زۆرە، مامۆستایەك دەڵێت تەنها 4 قوتابخانەی سەرەتاییمان هەیە بۆیە هەموویان دوو دەوامی و سێ دەوامین و هێشتاش ژمارەی قوتابیان لە هۆبەیەك 50 -60 بگرە زیاتریش دەبن، مامۆستاشمان نیە و پەنامان بۆ وانەبێژان بردووەو كرێیەكەشی لەسەر قوتابیان و خوێندكارانە، دوو ناوەندی و یەك ئامادەیی كوڕان و دوو ناوەندی و یەك ئامادەیی كچانیش هەیە، لەو ناوەندانەش هاوشێوەی سەرەتاییەكان بە وانەبێژ چارەسەری میلاك كراوە بە بێ ئەوەی گوێ بدەنە پسپۆڕی پێویست.
ئەوەی جێگەی تێبینیە حكومەتێك بەو هەموو بودجەو هەروەها ئەو لێدوانە قەبانەو هیچ لەخۆنەهێشتنەوەیان، ئەوە حاڵی پەروەردەیان بێت، ئیتر دەبێ چاوەڕوانی چیان لێبكرێت؟ پسپۆڕێكی پەروەردەییش دەڵێت ئەوە حاڵی پەروەردەكەمانە بۆیە چۆن لە رابردوودا لەنێوان مەنگەنەی تیرۆرو كێشمەكێشی مەزهەبگەرایی بووین و ماڵوێران كراین، لێرەش بە دواوە ئەگەر خراپتر نەبین مەحاڵە باشتر بین، مەبەستم لەم وێنایە ئەوەیە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵێم، بۆ ئەوەی ئارامتر بژین بەرەو دوا ئامانج پەل بكوتین، دەبێت هەموو كارێك لەپێناو پەروەردەو فێركردن بێت، چونكە هیچ جومگەیەكیتر جێگرەوەی ئەو پرۆسەیە نیە.