268وتار

هۆشیاریمان لە چ ئاستێکدایە؟

9/1/2024 2:32:00 PM
مەڵبەند ئەحمەد


لە دنیادا حیزبەکانی دەسەڵات لە ماوەی خولێک یان دوو خولی هەڵبژاردندا هەوڵ ئەدەن بایی ئەوەندە خزمەت بکەن کە جاری داهاتوو شانازی پێوە بکەن.

بۆ نمونە فڵان وڵات لە ڕیزبەندی باشترین وڵاتی پیشەسازیدا چۆتە پلەی ئەوەندە! یان فڵان وڵات لە ماوەی ئەوەندە ساڵدا ئەوەندە پلە لە ڕیزبەندی خزمەتگوزاری تەندروستیدا پێشکەوتووە. لە پەروەردەدا وا باڵایە، لە سەروەری خاکەکەیدا تا ئەو ڕادەیە سەربەخۆیە، واتە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک ئەبێت پێوەری جیهانی و گەشەسەندنی ئاستی خۆشگوزەرانی خەڵک پیشان بدەن، تەنها بۆ ئەوەی بتوانن دەنگ بهێنن!

لای گەلانی هۆشیار ،خزمەتی ژینگە، ئاستی پەروەردە، پاراستنی کلتورو مێژوو،هونەرو زمان، یەدەگی دراو مایەی شانازی پێوە کردنن کەچی هێشتا بە ترسەوە بۆ هاوڵاتیەکانیان باسی دەکەن،چونکە گەلی هۆشیار ئەمە بە ماف دەزانێت نەک خێرو چاکە.

 لەم هەرێمە بێ دەرگاو پەنجەرەیەی ئێمە ۳۳ ساڵە دوو حیزب کێبڕکێیانە لەسەر بڕینەوەو سوتاندنی دارستان و قەدپاڵەکان، هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پەروەردە، بە بازرگانی کردنی هەموو خزمەتگوزاریە نیشتیمانی و دەوڵەتیەکان، بنپێ خستنی یاساو دادگاکان، گێڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ سەردەمی خێڵ و تیرەو عەشیرەت و گروپ، قەرزاری و دزی و گەندەڵی و بێ موچەیی و بێ کارەبایی ، شکاندنی عززەت و ئیرادەی خەڵک، خزم خزمێنەو تەکلیف و واستەو بەرتیل، سەرەڕای ئەمانەو سەدان عەیبەی گەورەی تری حوکومڕانی، کەچی تاکە شانازیەک کە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە گوێی هاونیشتیمانیانی ئەدەن بریتیە لە شانازی کردن بە بۆگەنیەکانی شەڕی ناوخۆو کولاندنەوەی برینی کەسوکاری شەهیدان و خیانەتەکانیان.

لەپاش دەیان ساڵ حوکمڕانی شانازیەکەیان خۆ بادانە بە چاوساغی کردنی دوژمنانی کوردوە کە بۆ ڕشتنی خوێنی براکانیان و ئەتککردنی نیشتیمانی دایکیان هێناویانە.

 بانگەشەی هەڵبژاردن بە خیانەتی وەک ۳۱ ی ئاب و ۱٦ ی ئۆکتۆبەر،  جگە لە بە گێل و نەفام سەیرکردنی خەڵکی کوردستان هیچی ترمان پێ ناڵێت، دەنا هیچ گەلێکی هۆشیار پاداشتی دەنگی خۆی نابەخشێتە دەسەڵات و ئیدارەیەکی خائین و خۆفرۆش کە نەک ئامادە نەبێت داوای لێبوردن بکات، بەڵکو بە شانازی بزانێت و ئامادەی دوبارە کردنەوەشی بێت.

ئەوان ئەوەندە بە سوک و ناهۆشیاڕ دەڕواننە خەڵکی، کە پێیان وایە نەک لە پای خیانەتەکانیان ڕاناکێشرێنە بەر دادگای نیشتیمانی، بەڵکو ئەگەر ساڵانە ئەم خیانەت و مافیاگەریەیان وەک هێزو بەهرەو داهێنان و پێشکەوتن پێ بفرۆشتنەوە، ئەوا دەنگیان زیاد دەکات و هەڵبژاردنی پێ دەبەنەوە، بەڵام ئەوە خەڵکە کە پێویستە هەڵوەستەیەک بکات و بزانێت لەڕیزی گەلانی هۆشیاردایە یان تێڕوانینی خیانەتکاران!!!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن