208وتار

هەڵبژاردنە گشتییەکانی سوید

9/13/2022 1:29:00 PM
ئامانج مەلا عەلی

 

رۆژی ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٢٢ هەڵبژاردنە گشتییەکانی سوید کە هەڵبژاردنی (پەرلەمان و ئەنجومەنی دەڤەرەکان و شارەوانیەکان) لەخۆدەگرێت ئەنجام درا.

هەڵبژاردنەکان لە کاتێکدا ئەنجام درا پرسی هەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنی و بەنزین و کارەبا (بەهۆی جەنگی نێوان روسیاو ئۆکراینا)وە، باری ئابوری سویدییەکان کەوتوەتە بارێکی قورسەوە، لەلایەکی ترەوە شەڕی نیمچە رۆژانە (ژمارەی قوربانییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردۆتەوە) ئەمەش هاوڵاتیانی سەرقاڵ کردبوو، سەرباری ئەو گرفتانەش بابەتی سەرەکی دیبەیت و گفتوگۆو کێشمەکێشی پارتە رکابەرەکانی بەشداربوو لەم هەڵبژاردنەدا بوون.

ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی سوید (٣٤٩) ئەندامەو رۆژی هەڵبژاردن چوار ساڵ جارێک لە دووەم یەکشەممەی مانگی ئەیلولدایە، پێش رۆژی هەڵبژاردنیش دەرفەت بە دەنگدەر دراوە کە چەند هەفتەیەک پێش ئەوەش لە بنکەیەکی هەڵبژاردن دەنگ بدات و بەهەمان شێوەش ئەوانەی لەدەرەوەی سویدن لە نزیکترین باڵوێزخانە یان کونسوڵخانە دەنگ دەدەن. کورسییەکان بە پێی یاسای هەڵبژاردنەکانی سوید  بەپێی ژمارەی دانیشتوانی ناوچەو شارەوانییە جیاجیاکان دیاری کراوەو (فەرمانگەی هەڵبژاردن) ئەرکی ئامادەکردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی  پێ سپێردراوە.

 

هەمیشە هەمان شەوی هەڵبژاردن و دوای چەند کاتژمێرێک لە داخستنی بنکەکانی دەنگدان ئەنجامەکان رادەگەیەندرێت، بەڵام ئەم جارەو بەهۆی ئەوەی ژمارەکان زۆر نزیکی یەک بوون، دەبێ لانی کەم تا چوارشەممە و پێنجشەممە بگرە تا شەممەی داهاتوو چاوەڕوانی ئەنجامەکان بین.
تا ئێستا لە کۆی 6578ی بنکەی هەڵبژاردن ئەنجامەکانی 6264 بنکە بڵاوکراوەتەوە، ئەمە دەکاتە نزیکەی 97٪ی دەنگەکان.
حیزبە راستڕەوەکان بە کۆکردنەوەی 49,7٪ی دەنگەکان 175 کورسییان بەدەستهێناوە، کە بەمشێوەیە دابەش بوون:
سویدییە دیموکراتەکان: 20,6٪ (73 کورسی)
مۆدێراتەکان: 19,1٪ (67 کورسی)
لیبرالەکان: 4,6٪ (16 کورسی)
مەسیحییە دیموکراتەکان: 5,4٪ (19 کورسی)
لەبەرامبەردا بلۆکی چەپ و سەوز 49٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، دەکاتە 174 کورسی پەرلەمانی و بەمشێوەیە دابەش بوون:
سۆسیال دیموکراتەکان: 30,5٪ (108 کورسی)
حیزبی سەنتەر: 6,7٪ (24 کورسی)
حیزبی ژینگە: 5,1٪ (18 کورسی)
پارتی چەپ: 6,7٪ (24 کورسی).
بە بەراورد بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2018 تەنیا سویدییە دیموکراتەکان و سوسیال دیموکراتەکان و پارتی ژینگە رێژەی دەنگەکانیان زیادی کردووەو ئەوانی تر رێژەی دەنگەکانیان کەمی کردووە.
ئەو دەنگانەی هێشتا نەژمێردراون لەنێوان (٢٠٠ – ٢٥٠) هەزار دەنگدایەو نزیکەی یەک لەسەر سێی دەنگەکانی دانیشتووانی دەرەوەی وڵات پێکدێنن، لەگەڵ دەنگی ئەوانەی کە زۆر درەنگ دەنگیان داوە.
بەپێی رای شارەزایانی بواری هەڵبژارن ژماردنی ئەو دەنگانەی ماون بە قازانجی بلۆکی چەپ تەواو نابێت، بەجۆرێک بلۆکەکە بکاتە خاوەنی زۆراینەی پەرلەمانی، بۆیە وا چاوەڕوان دەکرێت کە ئەرکی دروستکردنی حکومەتی داهاتوو بسپێردرێت بە (ئولف کرستەرشۆن)ی سەرۆکی حیزبی مۆدێراتەکان.
ئەرکی کریستەرشۆن ئاسان نابێت بەوپێیەی دەبێت داواکارییە قورسەکانی حیزبی نەتەوەیی سویدییە دیموکراتەکان لەبارەی پەنابەران و دژایەتی تاوان و دەستکاری نەکردنی کۆمەک بۆ بێکاران لەبەرچاو بگرێت، ئەو پرسانە رێک دژی پرەنسیپ و بناماکانی لیبراڵەکانە کە لەهەمان بلۆکی راستن.
تێکڕای حیزبە سویدییەکان لە روانگەی پاراستنی مافی مرۆڤەوە هەمیشە لەگەڵ مافەکانی گەلی کورددا بوون لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان، بەڵام داواکاری سوید بۆ بوون بە ئەندامی لە پەیمانی ناتۆدا، وای کردووە کە وەک جاران گرنگی بەو پرسە نەدات، بەتایبەت بۆ بوون بە ئەندامێتی پێوستی بە رازی بوونی تورکیا هەیەو بوونی حکومەتێکی راستڕەو لە سوید کە هەمیشە لەگەڵ تورکیادا پەیوەندیان بەهێز بووە، بۆ پرسی کورد سەرەتایەکی باش نابێت.
لەسەر ئاستی هەڵبژارنەکانی دەڤەرو شارەوانییەکان دەبێت بڵێین کە سۆسیال دیمکراتەکان لە دەڤەرە گەورەکانی وەک شارەوانییەکانی (ستۆکهۆڵم، یۆتۆبۆری و مالمۆ) سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، بۆیە لەو دەڤەرو شارەوانیانە یان بەردەوام دەبێت لە بەڕێوەبردنیان یان دەسەڵات رادەستی راستڕەوەکان دەکات.
یەکێک لەو لایەنانەی کە تازە دامەزراوەو لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بوو ناوی (نییانس)ە. ئەم حیزبە لەو ناوچانەی کە مسوڵمانی لێیە زۆر چالاکە، هەرچەندە هیچ کورسییەکی لە پەرلەمانی یان دەڤەرایەتی یان شارەوانی بەدەست نەهێنا، بەڵام رێژەی دەنگەکانی بە بەراورد بە تەمەنی بە بەرز سەیر دەکرێت، جێی سەرنجی شارەزایانی هەڵبژاردنەو دەوترێت کە وڵاتێکی دەرەکی لەپشتیانەو ترس هەیە کە ئەجیندای ئەو وڵاتە جێبەجێ بکەن.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێمان دەڵێت کە یاساو رێوشوێنەکان بەرامبەر پەنابەران، ئەوەندەی تر قورستر دەکرێت و گرنگیدانیش بە پێکهاتەکان و پاراستنی زمانی دایک زۆر کەمتر دەبێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن