وتار

عومەری سەید عەلی و ئەشکەنجە

1/27/2021 4:10:00 PM 221 جار خوێندراوەتەوە
ئامانج مەلا عەلی

کاک عەلی بچکۆل کە ناوی ئەسڵی خۆی عومەر محەمەد قادرە لە بیرەوەرییەکانی دا لە کتێبی (سەختە ڕێ) دا نوسیویەتیەوە، باسی ئەشکەنجەدانی عومەری سەید عەلی دەکات لە زیندانەکانی بەعس دا.

ئەو باسی ئەوە دەکات کە شەوێکیان پۆلیسی سجنەکە دێ و بۆ ئەوەی ئیعترافی پێ بکەن دەیانەوێت بیبەن بۆ ئەشکنجە دان. پێشتر عەلی بچکۆل بۆ کاک عومەر و هاورێکانى باس کردوە کە ئەو پێی خۆشترە هەر لە سجندا بمێنێتەوە نەک ئەشکەنجەی بدەن.

شەوێک  پۆلیسێکی سجن دێ و هاوار هاوار بانگی عومەر محەمەد قادر دەکات (واتە عەلی بچکۆل) و کاک عومەری سەید عەلی کە دەشزانێت بۆ ئەشکەنجەدانە کەچی خۆی دەکات بە عەلی بچکۆل و لەگەڵ پۆلیسەکەدا دەچێت بۆ ژوری ئەشکەنجەدان.

رۆژی دواتر بە برینداری و سەرتاپای خوێن و بە شەکەتی دەیهێننەوە. دوای ئەوەی هەناسەیەک ئەدات بە عەلی بچکۆل دەڵێت: (برا گیان ئەم شەو تا بەیانی لە جیاتی تۆ لێیان داوم و ئەشکەنجەیان داوم).

پێش ئازادبونیشیان نوێنەرێکی کۆشکی کۆماری دەچێت بۆ لایان بۆ زیندان و داوایان لێ دەکات کە دەبێت ئەوان دوای  ئازاد بونیان پاکانە بکەن زانیاری و هەواڵ لەسەر هاوڕێ و ناوچەکانی خۆیان کۆ بکەنەوە و بینێرن بۆ حکومەت. 

کاک عومەر بە توندی وەڵامی نوێنەرەکە دەداتەوە و دەڵێ ئەوە قبوڵ ناکەین و ئازادبونی وا پڕ سەرشۆڕیمان ناوێت. دواتر هاورێکانیشی بەهەمان شێوە مەرج و داواکارییەکانی نوێنەرەکەی کۆشکی کۆماری رەت دەکەنەوە، بەڵام دواتر سەربەرزانە هەر ئازاد دەکرێن.

هەڵبەتە عومەری سەید عەلی و ئاوات عەبدولغەفور و عەلی بچکۆل و فەرەیدون عەبدولقادر و ئەرسەلان بایز لەگەڵ شێخ شیهاب و ئەنوەر زۆراب و جەعفەر عەبدولواحید دا لە لایەن رژێمی شاهنشاهی ئێرانەوە دوای نسکۆکی شۆڕش لە (١٩٧٥)دا تەسیلم بەعێراق کرانەوە.

رژێمى عێراقیش بە تۆمەتی ئەندام بون و سەرکردایەتیکردنی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، شیهاب و ئەنوەر زۆرابی لە سێدارەدا و عومەری سەید عەلی و ئاوات عەبدولغەفور و عەلی بچکۆل و فەرەیدون عەبدولقادر و ئەرسەلان بایزیش حوکمی زیندانی کردنیان لە نێوان (15بۆ 20) ساڵ بۆ دەرچو.

ئەوان دواتر و لە ساڵی (1979) دا بەر لێبوردنی گشتی کەوتن و هەر لە داوی ئازادبونیان پەیوەندیان بە هێزی پێشمەرگەوە کرد.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement