648وتار

قوباد تاڵەبانی و گواستنەوەی نەوتی حەسیرە

4/3/2021 5:33:00 PM
ئامانج مەلا عەلی


حەسیرە پێنج کێلگەی نەوتی تیایە و ڕۆژانە بە هەمویان ٣٣ هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم دەهێنێت ولە رێگەی ١٣٠٠ تانکەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ بۆری نەوتگواستنەوەی خورمالە.

ئه‌م ٣٣ هەزار بەرمیلەی بەرمیلەی ڕۆژانە لە کێلگەکاندا بەرهەم دەهێنرێت و دەگوازێتەوە بۆ بۆری نەوت گواستنەوەی خورمالە لە مانگێکدا نزیکەی ٧٠ هەزار تەنە.

پرۆسەی گواستنەوەی نەوتەکە پێشتر بۆ ماوەی دوو ساڵ بە نرخێکی گران درابووە کۆمپانیای (بلاک پول) . بلاک پول یەکێکە لەو سەدان کۆمپانیا زەبەلاحانەی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان خاوەنێتی و زۆرجار لە ڕێی کاری ناياسایی و دەرچوون لە ڕێنماییەکان و بە قۆرخکاری بازار دروست کراون.

بەپێی رێککەوتنە دوو ساڵێیەکە  بلاک پول بۆ هەر تەنێک نەوتی گواستراوە ٢٧ دۆلاری وەردەگرت کە دەکاتە نزیکەی ١میۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار.

لە ماوەی پێشوودا ماوەی رێکەوتنە دوو ساڵییەکە بەسەرچوو. بەڵام بە هۆی ئاسانکاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئه‌نجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆمپانیای بلاک پول  سەرەرای بەسەرچوونی ماوەی رێکەوتنی نەوت گواستنەوەکە و دوور لە  یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان بە هەمان نرخە گرانەکە (٢٧ دۆلار بۆ هەر تەنێک نەوتی گواستراوە )بەردەوامی پێدرابوو.

دوای فشاری زۆری پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان (بە تایبەت دابان محەمەد و عەلی حەمە ساڵح) ئەو کارە نائاساییەی کۆمپانیای بلاک پولی یەکێتی نیشتیمانی ڕاگیراو بە پرۆسەیەکی ڕوون و لەرێی راگەیاندنی ئاشکرای تەندەرەوە ڕێکەوتن لە سەر گواستنەوەی نەوتەکەی حەسیرە لەگەڵ کۆمپانیایەکی تردا واژووکرا و ئەمان  بۆ هەر تەنێک ١٦ دۆلارو ٩٠ سەنتیان لە حکومەت دەسەند کە بە بەراورد لەگەڵ رێکەوتنەکە لەگەڵ بلاک پولی یەکێتی دا نزیکەی ٧١٠ هەزار دۆلاری بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەرانەوە.

ئێستا دیسان لەسەر داوای  قوباد تاڵەبانی و بە دەر لە یاساو رێنماییەکان مافی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەکانی حەسیرەوە بۆ بۆری نەوتی خۆرمالە بە هەمان نرخە گرانەکە دراوەتەوە بە کۆمپانیای بلاک پۆلی یەکێتی.

ئەم پرۆسەیە دەیسەلمێنێت کە پرۆسەی چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی و قۆرخکردنی بازار دوژمن و ڕێگری زۆرەو دوژمن و ڕێگرەکانیش چەندحیزبێکی دیاری کراوی ناو حکومەتن.
لێرە ئەم پرسیارانە قووت دەبنەوە کە:

ئایا بەراست قوباد تاڵەبانی و یەکێتی نیشتیمانی لەگەڵ چاکسازیدان یان رێگر؟

ئایا قوباد تاڵەبانی و یەکێتی نیشتیمانی دژی گەندەڵین یان خۆیان لە گەندەڵیدا تێوە گلاون؟

ئایا قوباد تاڵەبانی و یەکێتی نیشتیمانی لەگەڵ قۆرخنەکردنی بازارە یان یان دژین؟

تێبینی:

بۆ ئەم بابەتە بە سوپاسەوە سودم لە زانیارییەکانی پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان کاک دابان محەمەد کاک عەلی حەمە ساڵح وەرگرتووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن