سەیرترین حكومەت لە هەموو دنیا
4/30/2022 2:36:00 PM
د. كامەران مەنتك
بەرلەهەموو شتێك دەبێت ئەو راستیە بدركێنین، كە
بەو ژێر خانە سیاسیەی لە هەرێم دا هەیە، هیچ كەسێك ناتوانێت بە شێوەیەكی تەندروست
حكومەت بەڕێوە ببات، لەبەرئەوەی بەڕێوەبردنی حكومەت بەر لەهەموو شتێك پێویستی بە
بوونی ئیرادەیەكی سیاسی ئەگەر نەڵێین تەواو سەربەخۆ، ئەوا بەدڵنییاییەوە تا رادەیەكی
زۆر سەربەخۆ هەیە، لە هەرێمی كوردستان كەمترین رادەی ئەو سەربەخۆییە بەدی ناكرێت،
ئەو فەوزایەی حكومداری كوردی گرتۆتەوە، كارەساتێكەو باجەكەی خەڵكی دڵسۆزو نیشتمان
پەروەری كوردستان دەیدات، لەبەرئەوەی حكومەت بۆتە مانگایەكی شیر دەرو بەناو حیزبەكان
بۆ بەرژەوەندی خۆیان دایدەدۆشن، ئەندامەكانی حزبەكانی خۆیان لەسایەی حكومەت ولەژێر
ناوی بن دیوارەكاندا دەژیێنن وپیاوەتی بەماڵی گشتی ووەك موڵكداریەتی تایبەتی مامەڵە
لەگەڵ پۆست وسامانی ئەو خەڵكە دەكەن، لەدۆخێكی وادا تەنانەت تەنیا باس كردنی
چاكسازیش مەهزەلەیەكی گەورە دەبێت!.
حكومەتێك لەو دۆخەی حكومەتی هەرێمدا بژیت هیچ شتێكی
لە حكومەتداری ناچێت وناتوانێت یەك تاقە هەنگاوی نیشتمانی هەڵێنێت وجگە لەوەی چەند
بنەماڵەیەك وەك بەلەمێك بۆ رزگاركردنی خۆیان بەكاریدەهێنن، هیچ سوودێكی تری بۆ خەڵكی
كوردستان نەماوە، بۆتە بارێك ولەژێر فشارە هەرێمیەكاندا هەموو بەهاكانی ئەو وڵاتەی
خستۆتە مەترسیەوە، تەنانەت حكومەتی هەرێم لەساڵی (2014) وەك ئامڕازێك بەكاردەهێنرێت
بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای وڵاتەكەی خۆی، لەپەنای دروشمی بە دوبەی كردنەوە، دەستیان بەسەر
خاك وداروبەردی ئەو وڵاتە داگرت و ئەپارتمان وڤیللای نایاب وگوندی ئەوروپیان
دروستكردو زۆرینەی هەرە زۆری ئەوانەشیان فرۆشتە عەرەب وتورك وئەو كوردانەی، لەرێگەی
ناشەرعی وتەنانەت دەتوانین بڵێێن لەرێگەی خۆیانەوە سامانێكی زۆر زەوەندیان بەیەكەوە
ناوە، لەهەموو رەفتارێكی سەیرتری حكومەتی هەرێم، ئەوەیە ئامادەیە بەیاننامەیەك لەسەر
رۆژنامەنووسێك دەربكات و بەتۆمەتی ئاكاری تاوانباری بكات، تەنیا لەبەرئەوەی وتارێكی
نووسیوە.
بەڵام بەرامبەر گەورەترین پڕۆسەی داگیركاری بێدەنگ
بووە، سوپایەكی گەورەی وەكو توركیا رۆژانە مرۆڤ و داروبەردی ئەو وڵاتە ئاگروئاسن
باران دەكات، كەچی حكومەت وەك ئەوەی نەچاوی هەبێت نەگوێچكە نقەی لێوە نایەت، بە پێچەوانەی
ئەمە، تەنانەت ئەو كەسانەش لە كونجی زیندانەكان داخنێ، كە دژی داگیركەرەكان رادەپەڕن،
سەیرە خەڵك لەشێلادزی دژی تاوانەكان وبوونی بنكەی سەربازی توركیا لە هەرێم راپەڕین،
حكومەت لەجیاتی ئەوەی پشتگیریان بكات، گەنجە نیشتمان پەوەرەركانی سزا دا! وادێتە بەرچاو
حكوومتی كوردی تەنیا بۆ ئەوە دانرابێت، تۆڵە لە خەڵكی دڵسۆزی ئەو وڵاتە بكاتەوە ووەك
دەڵێن سوێندی خواردبێت ئاتاری ئەو وڵاتە لەسەر پاتاری نەهێڵێت!.