وتار

با خۆمان به‌هانای جووتیاری كورد بچین

7/7/2020 6:15:00 PM 62 جار خوێندراوەتەوە
د. كامەران مەنتك

هه‌نگاوێك بۆ كه‌مپینێكی سه‌رتاسه‌ری، كه‌ هیوادارم هه‌موو تاكێكی كورد به‌م ئه‌ركه‌ نیشتیمانیه‌ هه‌ڵسێت
 هه‌موو ساڵێك كاتێك به‌رهه‌می ناوخۆ پێده‌گات، كێشه‌ی به‌بازاڕكردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ دێته‌ به‌رباس و دیمه‌نی‌ ئه‌و جووتیاره‌ بێئومێدو ره‌نج به‌خه‌سارانه‌ی به‌دیار به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه‌ دانیشتوون، دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، هه‌میشه‌ ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌تیش ده‌گیرێت، كه‌ ناتوانێت ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكات، به‌بێئه‌وه‌ی بزانین هه‌ندێك كێشه‌ی گه‌وره‌ هه‌یه‌ به‌ هه‌نگاوی بچووك چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆ نمونه‌ كاتی خۆی هیچ كه‌سێك دۆشاوی ته‌ماته‌ی نه‌ده‌كڕی، كه‌لتوورێكی هینده‌ جوان له‌ ئارادابوو، كه‌ خه‌ڵك پێیان وابوو، دۆشاوی ته‌ماته‌ی قووتووكراو شتێكی پیس و قێزه‌ونه‌و ئه‌وانه‌ی به‌كاریانده‌هینا ژماره‌ی ئێجگار كه‌م بوو، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ كاتی رنینه‌وه‌ی ته‌ماته‌ هه‌ر ماڵه‌ی چه‌ند سندووقێك ته‌ماته‌ی ده‌كڕی و هه‌ندێكی وشك ده‌كرده‌وه‌، كه‌ پێیان ده‌گوت له‌تكه‌ ته‌ماته‌وه‌و بۆ زستانیان هه‌ڵده‌گرت، به‌شێكی تریشیان ده‌كرده‌ دۆشاوی ته‌ماته‌، ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌یری سه‌ربانی ماڵه‌كانت بكردبوایه،‌ به‌ڕێز سینی پڕ له‌ دۆشاوی ته‌ماته‌ت ده‌بینی له‌ ته‌ك یه‌كدا دانرابوو دیمه‌نێكی جوان و دڵڕفێنی به‌و سه‌ربانانه‌ ده‌به‌خشی، ئه‌مه‌ بۆ زۆر له‌ به‌رهه‌مه‌كانی تریش گونجاوو له‌باره‌، بۆیه‌ به‌باشی ده‌زانم له‌ لایه‌ك وه‌ك یارمه‌تیدانێك بۆ جووتیاری كورد و به‌رده‌وام بوونی پڕۆسه‌ی پشتبه‌ستن به‌ به‌رهه‌می خۆماڵی، له‌لایه‌كی تر بۆ پاراستنی ته‌ندروستنی خۆمان و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و له‌قووتوونراوانه‌ی، كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ بۆمان دێت و كه‌س نازانێت چۆن به‌چ شێوه‌یه‌ك دروست كراون، ئه‌و كه‌لتووره‌ جوانه‌ زیندووبكه‌ینه‌وه‌، دیاره‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و به‌رهه‌مه‌ له‌قوتوونراوانه‌، له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ دێت، كه‌ خۆیان به‌ دوژمنی باوه‌كوشته‌ی كورد ده‌زانن و وه‌ك شه‌ڕێكی بایۆلۆژی هه‌موو گومانیكی خراپیان لێده‌كرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و كه‌لتووره‌ زیندوو بكه‌ینه‌وه‌و خۆمان فێربكه‌ین له‌ بازاڕیش تا به‌رهه‌مه‌ خۆماڵیه‌كان هه‌بێت به‌رهه‌می بیگانه‌ نه‌كڕین، با هه‌ر حكومه‌ت له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی و فشاری ده‌ره‌كی نه‌توانێت سنووره‌كان دابخات، ئه‌گه‌ر تۆ رۆشنبیری ئه‌وه‌ت هه‌بێت تا به‌رهه‌می خۆمانه‌ هه‌بێت به‌رهه‌می ده‌ره‌وه‌ نه‌كڕیت، ئه‌و كاته‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی ده‌ره‌وه‌، كه‌ به‌ر‌اوردكرنیان به‌ به‌رهه‌مه‌ خۆماڵیه‌كانه‌وه‌ زۆر خراپترن وبه‌هۆی دووری رێگاكان‌ زۆر دره‌نگتر ده‌گه‌نه‌ بازاڕه‌كان، هیچ به‌هایه‌كیان نامێنێت، گه‌لانی پێشكه‌وتوو تا به‌رهه‌می خۆیان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر گرانتریش بێت، به‌رهه‌می بێگانه‌ ناكڕن، ئه‌وان دروشمیكی جوانیان هه‌یه‌، ده‌ڵێن جووتیاری ئێمه‌ش مرۆڤه‌و ده‌بێت ژیان بكات و كار بكات، بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جووتیاری كوردیش ژیان بكات و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت، فه‌رموو هه‌رئێستا بڕۆ بازاڕو چه‌ند سنددوقێك ته‌ماته‌ بكڕه‌و خۆت بیكه‌ به‌ دۆشاوی ته‌ماته‌، كه‌ له‌هه‌موو رووێكه‌وه‌ تۆ قازانج ده‌كه‌ی جووتیارانی كوردیش قازانج ده‌كه‌ن، فه‌رموو له‌جیاتی گله‌یی، بڕیابده‌و خۆت كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement