فشارەکانی سەر کوردستان و هاوکێشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
4/16/2022 1:09:00 PM
د.مەیادە نەجار
ئاماژەکان بۆ ئەوە
دەچن کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم وەچەرخانێکی گرنگ و قۆناغێکی گەورەدایە،
ئەگەر عێڕاق خاڵی دەستپێکی گۆڕانەکەش نەبێت، ئەوە خاڵی یەکلاکەرەوە و چەقی گۆڕانکاریە،
ئەو گۆڕانە پەیوەندی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوکێشەی سیاسی و هێز و ئابوریە لە
ناوچەکەدا.
گۆڕانکاریەکان لە
دوو جەمسەری گرنگی ناوچەکە دەستیان پێکردووە کە گرنگترین خاڵی سەر ئاوە گەرمەکانی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن، یەمەن لە سەر دەریای عەرەب و دەریای سوور، هەروەها
لوبنان و سوریا لە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، کە کاریگەری هەردووکیان بۆ سەر عێڕاق
شۆڕدەبێتەوە، ئەویش خۆی لە پاشەکشێ پێکردنی ئێران دەبینێتەوە، لە یەمەن پڕۆسەیەکی
نوێ و شێوازی حوکمڕانیەکی نوێ بە پاڵپشتیەکی بەهێزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دروست
بووە، لە لوبنانیش ئەو حکومەتەی بارمەتەی ئێران بوو لە رێگای حیزبوللاوە رۆژ بە رۆژ
زیاتر لە بەریەک هەڵدەوەشێتەوە و خەریکە لوبنان وەک دەوڵەتێکی مایەپوچ بکەوێتە دەرەوەی
هەژمارەکان و دەرفەت بۆ دۆستە دێرینەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە نوێیەکانی ئیسڕائیل
دروست دەبێت و بەهێزەوە بگەڕێنەوە لوبنان، ئەوە سەرنجمان بۆ خاڵێک دەبات کە سەرۆکی
پێشووی ئەمریکا تڕەمپ لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا رایگەیاند کە
دەبێ کلک و دەستەکانی ئێران ببڕدرێ و ناچار بکرێ بگەڕێتەوە ناو سنوورەکانی خۆی.
لە گەڵ هاتنە سەر
کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فشارەکان لە سەر قەوارەی دەستوری
کوردستان زۆرتر و توندتر بوونە، ئەو فشارانە لە سەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکین، کە هەردووکیان
تەواوکەری یەکترن، زادەی یەک سەرچاوەن، چەند فشارەکان زۆرتر بن و هەوڵی ئەوە بدرێ
قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان سازش بکات و مل بۆ داواکاری لایەنێک دابنێ، ئەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان مکوڕتر دەبێت لە دەستگرتن بەو ستراتیژیەتەی لە یەکەم رۆژی
راگەیاندنی کارنامەکەی کە بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافە دەستوریەکانی خەڵکی
کوردستان نابێت و سازش لە سەر ئەو مافانە ناکرێ بە هەر نرخ و رێگایەک بێت.
ئەو هەڵوێستەی
حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە سەر زاری سەرۆکەکەی لە چەندین بۆنەوە دووپات کراوەتەوە،
خەریکە هەرێمی کوردستان وەک دیفاکتۆیەکی قبوڵکراو لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و جێگیرکراو
لە دەستوری هەمیشەیی عێڕاقدا، بەهێزەوە دەگەڕێتەوە ناو هاوکێشە هەرێمایەتیەکان و لە
دەرگایەکی گەورەتر و بە رێگایەکی کاریگەرتر بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان تێکەڵ
بە بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکاتەوە، لە رێگای زیاتر گەشەدان بە سیاسەتی
ئابوری سەربەخۆ و هەناردەکردنی غازی سروشتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان.
ئەو هەنگاوەی
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی ئیقلیمی و لە رێگای هەمان هێزی ئیقلیمیەوە و
بە بەکارهێنانی دامەزراوە فیدڕالیەکانی عێڕاق و هاندانی هێزێکی ناوخۆیی کوردستانی
بە هەموو توانایێکەوە کار بۆ پەکخستنی ئەو کارە دەکەن، سەرەتا بە بەکارهێنانی
دادگای فیدڕالی بە دەرچوونی لە مادە دەستوریەکان و پێشێلکردنی دەستور و مافە دەستوریەکانی
خەڵکی کوردستان، دواتر بە موشەکباران کردنی هەولێری پایتەختی کوردستان و ئێستاش بە
باسکردن لە رادەست کردنەوەی دەڤەری سلێمانی بە سامانی ژێر زەوی و سەر زەویەوە بە بەغدا
و لە رێگای بەغداشەوە بە میلیشیایانەی پاسەوانی بەرژەوەندیەکانی هێزێکی دەرەکین. بەڵام
ئەوەی دیارە، ئەو هەوڵەش وەک ئەوانەی دیکە سەرکەوتو نابێت لە راگرتنی پێشکەوتن و گەشەکردنی
هەرێمی کوردستان، چونکە ئیرادەی خەڵکی کوردستان و پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵدایە.