حیکمەتی گەڕانەوە بۆ بەغدا !
6/19/2020 4:27:00 PM
د.مەیادە نەجار
هەندێ پەڕلەمانی دژ بە کوردستان پرۆژەیەكی زۆر سەیرو سەمەرەیان ئامادە کردووە، كەخودی خۆیان باوەڕییان پێی نیە و زۆرباش دەزانن،پرۆژەكە بە مردوویی لە دایک بووە و هەرگیز بواری جێبەجێکردنی نیە،چونکە دژی دەستوور و خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی خەلکی کوردستانە.
دەكرێ بپرسین ئەگەر بەغدا نیازی هەیە موچە و شایستە داراییەكان بنیرێت، ئەوا چ حیكمەیتێكی تیدایە، خۆی دابەشی بكات، ئەوە ئەو پرسیارەیە كەزۆربەی دەستەلاتدرانی بەغداشی توشی سەرسوڕمان کردووە لەو داهێنانە خۆفرۆشیەی ئەو پەڕلەمانتارە کوردانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان ئامادەیان کردووە،کە درؽژکراوەی هەمان ئەو عەقلیەت و نەفسیەتە خۆ بەکەم زانی و جاشایەتیەیە کە پێشنیاری بڕینی بودجە و موچەیان بۆ مالیکی کرد،خۆفرۆشی و نەزانی هەندێك نوێنەرانی كورد عەرەبەکانیان تووشی شۆك كردووە، كەدەبینن هەندێك لەو پەرلەمانتارانە نەك نازانن ئەركەكەیان چیە بەڵكوو لەپێناوی خۆ دەرخستن و چوونەپێش پرۆژەی سەیرو سەرمەرە پێشكەش دەكەن کە لەگەل واقعی سیاسی و یاسایدا یەك ناگرێتەوە.
ئەگەر كەمێك لێی وردبینەوە دەبینین گواستنەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا، نەك كەمكردنەوەیە، بەڵكو لێدانێكی گەورەیە لە سەروەریی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوكات دەبێت ڕاژەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم بچێتە بەغدا، ئەمەش لەرووی دەستوری و یاساییەوە بابەتێكی رەتكراوەیە و پێشێلکردنی دەستووری هەمیشەییە.
ئەم هەنگاوە سەیرو سەمەرە و خۆ هەڕاجکردنە یەكەمجار نەبێت، چونكە پێشتر لەسەردەمی حەیدەر عەبادی نەیارانی كورد لەكاتی بودجەی ساڵی٢٠١٧ هەوڵێكی بێوچانیان بۆ هەمان بابەتی نادروست دا، ئامانجی سەرەكیش ئەوەبوو كە هەرێمی كوردستان وەك پاریزگایەكی ئاسایی عیراق مامەڵەی لەگەل بكرێت، هەرچەندە ئەوكاتیش چەند پەرلەمانتارێكی کورد بەبیانوی جیاواز هاوكارییان بوون، بەلام هەر زوو شكستییان هێنا، چونكە خودی بابەتەكە پێچەوانەی یاسایەوە بەغدا خۆی زۆرباش دەزانێت جێبەجی كردنی ئەو كارە پێشیلكردنی دەستوورە بەتایبەتی ماددەكانی ١٧ و ١٢١ ی دەستووری هەمیشەی عێراق.
لەم چوارچیوەیەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەم هەوڵەی ئەمجارەش نەزۆكە ، چونكە بەغدا نایەوێت خۆی تووشی كێشەیەكی دەستووری و یاسایی بكات و بەئاشكراو لەم كاتە هەستیارەدا دەستوور و یاسا پێشێل بكات، چونكە شپرزەی باری ئابوری و رەوشی ئالۆزی سیاسی عێراق لەئاستیكدایە رێگەی ئەوەی پێنادات كارێكی لەو جۆرە بكات، لەلایەكی دیکەوە هەرگیز پرۆژەیەکی لەو شێوەیە سەركەوتوو نابێت کە پاڵپشتی دەستووری نەبێت و هۆکاری یاسایی و باوەڕپێکراوی نەبؽت.
ئەوەی گرنگە ئەو پەرلەمانتارانەی کە بەداخەوە لەسەر کورد حیسابن ئەم كارە دەكەن، بەهانەیەکی زۆر لاواز و نالۆژیکیان و لە رێگایەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن كەدەتوانن موچەی فەرامانبەرانی هەریم مسۆگەر بكەن، بەلام حەقیقەتی بابەتەکە گەڕاندنەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانە بۆ خاڵی سفڕ، گریمان عێراق ئەو سەركێشیەی كرد و دەستوورو یاسای وڵاتی پێشیلكرد، جگە لەوەی ئەم كارەی دەبێتە هۆی نانبراوكردنی هەزاران فەرمانبەری کوردستان چونكە ئەو ژمارەیەی لە بەغدا هەیە، لە 2014ەشەوە یەك كەسی بۆ زیاد نەكراوە، واتا نزیكەی نیوەی موچەخۆرانی هەرێم نانبڕاو دەکرێن،لەهەمان کاتدا حکومەتی بەغدا بە پێشێلکردنی دەستوور دەکەوێتە دۆخێکی نەخواستراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە روبەڕوبوونەوەی دادگاشدا دۆڕانی مسۆگەرە،بۆیە ئەو کورد بۆرانەی کاریان دەستدۆیی کردنە بۆ نەیاران و ئەوانەش کە پێشنیاریان بۆ دەکەن دەزانن ناتوانن مێژوو بۆ دواوە بگەڕێنەوە و کوردستان و خەڵکەکەی لە مافە دەستووریەکانیان بێبەش بکەن.