2400وتار

شۆرشی گولانی پێشكەوتوخواز، چرایەك لە شەوەزەنگی تاریكیدا

5/27/2020 3:58:00 PM
د.مەیادە نەجار

شۆرشی گوڵانی پێشكەوتوخواز، ئەو چرا مەزنەبوو لەسەر دەستی مەرجەعی نەتەوەیمان (سەرۆك مەسعود بارزانی ) كۆتایی بەشەوەزەنگی تاریكی هێناو سەرلەنوێ مۆمی هیوای لەنێو رۆژگارە تاریكەكاندا داگیرساندەوە، وەلامێكی گورچبربوو بۆ نەیارانمان لەدوای پیلانە شومە‌كەی جەزائیر كەدوژمنانی كورد بەسەر كوردو شۆرشی ئەیلوولی مەزنیان هێنا و پاشان لەدوای ماوەیەكی كەم ئەو شۆڕشە مەزنە ‌بەرپا بوو، لەو سەردەم و كاتانەدا پێڕەوانی ڕێبازی  سەرۆك بارزانی نەمر توانیان سەربەرزانە بلێسەی ئاگڕی شۆڕشی گولان لەسەرجەم ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بەرز بكەنەوەو دژ بە داگیركەران راِپەڕن.
روحی كوردایەتی لە پیلانگێری نیودەوڵەتی بەهێزترە.
لەدوای سەركەوتنە بەردەوامەكانی هێزی پێشمەرگە لەشۆرشی ئەیلولی مەزن دا ، رۆژ لەدوای رۆژ دوژمنان تووشی شكست دەهاتن ، لەم كاتەدا نەیارانی كورد بۆ خۆ ڕزگاركردن لەشكستی یەكجارەكی سەڕەرای ناكۆكیان دژ بە شۆرشی مەزنی ئەیلول كەوتنە پیلانگیران ، لەجەزائیر بەئامادەبوونی هێزە نێودەوڵەتیەكان گەورەترین پیلانی نیودەوڵەتیان دژ بەمیللەتیێكی سیتەمدیدە گێرا،تەنانەت پیلانگیرانەكیان هیندە لەرزۆك و نامرۆڤانەبوو تا ئەمرۆش مێژووی مرۆڤایەتی خستۆتە ژیر پرسیارەوە، ئەوەبوو دوژمنان وایان دەزانی كارەكه یان سەركەوتووبووە، رۆژ لەدوای رۆژ لەدوای پیلانگێرە شومەكەی جەزائیر رژێمی بەعس هیندە لەخۆبایی بوو، چەندینجار لەرێگەی رۆژنامە و راگەیاندنەكانیەوە هەرەشەی لەناوبردنی كورد،سرینەوەی كەلتوور فەرهەنگی كوردی دەكرد، بەجۆرێك رژێم هەلمەتێكی بەرفروانی راگواستن و بەعەرەبكردن و لەناوبردنی فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی و داخستنی دامەزراوە ئەكادیمیەكان دەستپێكردبوو، تەنانەت هەندێكجار بەعسیەكان زۆر بێشەرمانە دەیانویست دارخورما لەسەر چیاكان دەروێنن وەك هەرەشەیەك لەسەر بەعەرەبكردنی چیاكانی كوردستان، بەلام شۆرشی گولان گڕی بلێسەی هەلگیرسایەوە بە دوژمنانی گوت خەیاڵتان خاوە كورد قەت نامرێت،وەلامێكی هیندە بەهێزی دانەوە  حكومەتی عێراقی تووشی شۆك كرد، لەلایەكی تریشەوە وەك نامەیەكی پر لەئاگرین وەهابوو بۆ پیلانگێڕانی هیزە هەرێمیەكان و هێزە نێودەوڵەتیەكان دژ بەكوردستان، تەنانەت لەدوای هەلگیرساندنەوەی شۆرش داگیركەرانی كوردستان تووشی شۆك هاتنو لەماوەیەكی كەمدا لەبەردەم نەبەردییەكانی هێزی پیشمەرگەی كوردستان چۆكیان دادا.
 هەر لەگەل ڕاگەیاندنی شۆرش لەسەر دەستی باوكی روحیمان (سەرۆك بارزانی نەمر)، لە (26ی گوڵان 1976ز) هەزاران كەس بەجۆش و خرۆشی كوردایەتیەوە پەیوەندیان بەشۆرشەوە كرد، بەمەش نەیاران زانیان روحی كوردایەتی زۆر لە پیلانگێری نیودەوڵەتی و هەرێمی بەهێزترە، بەمەش دەركەوت هەرگیز دوژمنان ناتوانن ئیرادەی ئازادیخوازانەی گەلەكەمان بوەستێنن، ئەگەر چی بۆ ماوەیەكی كاتی شۆرش وەستێنرا بەلام بەهەمان روحیەتی رۆژانی شۆرشی ئەیلول درێژە بە كاروانی خەبات و تێكۆشان دراو شۆرشی گولان بووە شۆرشی هەلسانەوەی نەتەوەیەك ، هەر ئەمەشە وایكردووە شۆرشی گولان بە وەچەرخانێكی گرنگ و مێژوویی لەبزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیدا دابنرێت.
مەرجەعی نەتەوەیی و پێشمەرگایەكی ماندوونەناس
هەر لەگەل یەكەم بلێسەی شۆرش مەرجەعی نەتەوەیمان( سەرۆك مەسعود بارزانی) وەك پێشمەرگەیەكی گیان لەسەردەستی نیشتیمان، وەك فەرماندەی مەیدانی كارامە خۆی گەیاندە ناوچەی سنوورییەكان و لەچیا سەركەشەكانەوە كەوتە رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و راستەوخۆ خۆی سەرپەرشتی بەرەكانی جەنگی دەكرد، سەڕەرای گوشاری زۆری حكومەتی عیراق و خاپووركردنی گوندەكانی كوردستان بەڵام لەكەمترین ماوەدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان خۆیان رێكخستەوە دەیان داستانی پالەوانانەیان لەسەرجەم ناوچەكانی كوردستان ئەنجامدا و سوپای عیراقیان تەفروتوونا كرد.
داستانی خواكورك
یەكێك لەو نەبەردیانەی  هەتا هەتایە جێگەی شانازییە لەمێژووی میللەتەكەماندا، داستانێكە بۆ هەتاهەتایی لەزهنی خەباتی تاكی كوردستانیدا دەمینیتەوە،  داستانی مەزنی خواكورك بوو، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەسەركردایەتی راستەوخۆی مەرجەعی نەتەوەیمان( سەرۆك مەسعود بارزانی)توانیان  لە دەڤەری خواكورك لەساڵی (1988) بۆ ماوەی (40) رۆژ بەرەنگاری سوپای عیراق و چەكدارە خۆفرۆشەكان ببنەوە ، لەم داستانەدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیان مێژوویەكی شەرەفمەندانە لەخەبات تۆمار بكەن، سوپای عیراقیان تیكوپێك شكان ، بەم داستانە توانیان بەدوژمنان بلین كەچیتر ناتوانن خاكی پیرۆزی كوردستان داگیربكەن.
شۆڕشی گوڵان، راپەڕینی بەهاری (1991)
مەرجە سەرجەم تاكەكانی كورد بەگشت ئایدیا جیاوازەكانەوە كەباسی راپەرینە مەزنەكەی بەهاری 1991 دەكەن، زۆرباش ئەوە بزانن كە راپەرین بەرهەمی شۆڕشی گوڵان بوو، چونكە لەرۆژانی شۆرشدا بەرنامەڕێژی بۆ راپەرین كرا و نەخشە بۆ ئازادكردنی تەواوی خاكی كوردستان ئامادەكرا، ئەگەر زیاتر شرۆڤە بكەین،  یەكەم  هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە(١٩-٥ /١٩٩٢) دواتر دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەركردنی بڕیارو دروشمی فیدرالی بۆ كوردستان سەرجەمیان بەرهەمی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتو خوازن.
لەكۆتایدا ئەركی سەرشانی سەرجەم كوردستانیە، بەپیرۆزییەوە لەم رۆژە مێژووییە بروانن چونكە شۆرشی گولانی پیشكەوتوخواز ناسنامەی كوردایەتی زیندووكردەوە، هەزاران سلاو لەگیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان و سەروەریان باوكی روحیمان (بارزانی نەمر) و كاكە ئیدریسی هەمیشە لەیاد.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن