435وتار

وڵاتێک لە قەیران

11/10/2021 9:56:00 AM
د.مەیادە نەجار

 عێراق بەدرێژایی مێژووی دامەزراندنی سەقامگیری بەخۆیەوە نەدیوە، هەمیشە ململانێی و ناكۆكی بەشێكی سەرەكی بووە لەرەوشی دەسەڵاتی سیاسی لەم وڵاتەدا، تەنانەت زۆربەی پادشا و سەرۆكەكانی یان تیرۆركراون یان بەشێوەیەكی نادیار كوژراون .


لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق لە ساڵی 2003دا ، ڕەوشی عێراق گۆڕانكاری بەسەرداهات، بەڵام جارێكی تر بەم رووداوەی چەند رۆژی رابردوو كاتێك هەوڵی (تیرۆركردنی مستەفا كازمی)درا جاریكی تر عێراق كەوتەوە نێو گیژاوێك لەنائارامی و ناسەقامگیری  سیاسی . 


وڵاتێك لە قەیران
بلاوبوونەوەی هێزی چەكدار گەورەترین و مەترسیدارترین قەیرانی بۆ عێراق خولقاندووە، دوو ساڵە بە ئاشكرا گروپە چەكدارەكان هەڕەشە لە كازمی دەكەن و حكومەتیش نەیتوانیوە هیچیان بەرامبەر بكات، ئەمجارە ئەو گروپانە وەك گوشارێك و بەكارهێنانی كارتێك لەهەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتدا ئەم كارەیان ئەنجامدا، چونكە هەریەك لە فەتح و عەسائیبی ئەهلی حەق و حیزبوڵای عیراقی خاوەنی سەدان هەزار هیزی چەكدارن و زۆر  بەئاسانی دەتوانن كارێكی لەو شێوەیە ئەنجام بدەن،  چونكە بۆ ئەوان ئاسان  نیە دەستبەرداری ئەو هەموو ئیمتیازاتەبن كەئیستا بەهۆی شكستیان لەهەلبژاردنەكان لەدەستیان داوە .


نامەیەكی هەڕەشە ئامێز
لەدوای چوونی قەیس خەزعەلی بۆناو خۆپیشاندەران بەئاشكرا هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی لەحكومەت و هێزەكانی ئەمریكا کرد ئیتر نامەیەكی هەڕەشە ئامیز ئاڕاستەی كازمی و حكومەتەكەی كرا، راستەوخۆ بۆ شەوی دواتر پەلاماری مالی كازمی درا،  هەر زوو گروپە چەكدارەكان دوای رووداوەكەش ئەوەیان خستەڕوو لایەنی سێییەم كردویەتی ، بەڵام ئایە حكومەتی عێراق دەتوانێت كۆنترۆڵی سەدان هەزار چەكداری نایاسایی بكات ، ئەگەر نەیكات ئاشكرایە دۆخەكە بەرەو خراپی زیاتر دەڕوات.

چونكە ئەو میلیشییانە چەكداری دەرەوەی یاسان و كەس ناتوانێت ڕێگریان لێبكات ، ئاساییە دوای ئەم پەلامارە هەرەشە لەدادوەرەكان بكەن، بەمەش كاریگەری لەسەر دواكەوتنی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دروست بكەن، بۆیە ناتوانرێت چاوەروانی ئایندەیەكی باش لەعێراق بكرێت لەبەرئەوەی یەكەمجارە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە راستەوخۆ بەفرۆكەی بێ فرۆکەوان لەسەرۆك وەزیرانی عیراق بدرێت ، ئەمە بێجگە لەوەی لێدان لەماڵی سەرۆك وەزیران، لێدانە لەشكۆی دەوڵەت و  دەركەوتنی سەرەتایەكی پر لەتەنگژەی تائیفی مەترسیدارە .


لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەم رووداوە دەستپێكی تووندبوونەوەی ململانێی  نیوان هێزە هەرێمیەكان بەهیزتر دەكات، بەمەش عیراق زیاتر بەرەو گێژاوێكی نائارامی دەڕوات، بەڵام لەكۆتایدا دەرگا بۆ ئەمریكا و ولاتانی كەنداو زیاتر كرایەوە نفوزی ئیران بنبڕ بكەن یان هەژموونی ئێرانیەكان کەم بکەنەوە .


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن