1361وتار

ئاڵنگاریەکانی حکومەتەکەی برا گەورە

3/3/2020 11:52:00 AM
د.مەیادە نەجار


زیاتر لە شەش مانگە کابینەی نۆ بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی هاتۆتە سەرکار،پڕۆژەی چاکسازی بووە واقیع و ماوەیەکی کەمی ماوە بەرکار بکرێ،داهاتی ناوخۆیش لە 150ملیارەوە هەڵکشاوە بۆ 300ملیار،تەنها لە هەڵمەتی بڕینی کارەبای دزراوە و زێدەڕۆیی تێدا کراو تەنها لە هەولێر وەک پارێزگار رایەگەیاند لە ماوەی مانگێکدا نزیکەی ملیار و نیوێک دینار گەڕاوەتەوە،پرسی مۆنۆپۆل کردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و نەوت و گاز لە سەر کەسان و کۆمپانیای دیاریکراو بە جدی کار بۆ نەهێشتنی کراوە و کێشەی غازی چەند رۆژەی هەولێر و دهۆک دەرهاویشتەی ئەو هەنگاوە بوو کە حکومەت بەو ئاراستەیە هاوێشتی،هەموو ئەوانە کار و هەنگاوانە بە یەک ئاراستە و ئامانجە وەک سەرۆکی حکومەت لە کارنامەکەیا رایگەیاند:"هاولاتی میحوەری کارەکانمان دەبێت"٠

ئەو کابینەیە ئالنگاری زۆری لە پێشە، وەک باس دەکرێ هاتووتە سەر 26 ملیار قەرز کە بەهۆی بڕینی بودجە و موچەی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغداوە دروست بووە،هێشتاش مەترسیەکانی داعش کۆتاییان نەهاتووە مەترسیەکانی ماحش(میلیشیاکانی حەشدی شەعبی) کە لە دوای خیانەیی 16  ئۆکتۆبەر کەڵبەیان تیژ دەکەنەوە تا خراپتر لە داعش بە کوردستانیان بکەن،لەو دوانەش خراپتر کەسانێک هەنە کە لە پەنای ناوی رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕین بۆ بەرژەوەندی دەرەکی و لە دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان چڕنووک و کەڵبەیان لە هی دوژمنان تیژترە و هەر دەرفەتیان هەبێ گاز لە پاژنەی دەسکەوتەکان دەگرن و کار بۆ لاوازکردنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان دەکەن.

کاتێک پاشای ئوردن کە یەکێکە لە یاریکەرە سەرەکی و کاریگەرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆی و جێنشینەکەی لە پێشوازی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابن و دەربارەی ئایندەی ئەو ناوچەیە گرنگەی جیهان پرس و راوێژی لەگەڵ بکەن،چاوەڕوان کراوە ئەوانەی چاویان بەرایی نادا و ناخوازن بەهێزبوونەوەی هەرێمی کوردستان ببین بە هێنانەوەی هەندێک پرسی سواوە و بەباکردنەوەی کۆنە کا هەوڵبدەن لەو دەسکەوتە گرنگانەی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی کەم بکەنەوە.

قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و ئابوریەوە خەریکە پێگەی بەهێزی خۆی لە سەر نەخشەی وزەی جیهان و هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە وەردەگرێتەوە،لە بەرامبەریشدا دەبینین کە ئەو وڵات و لایەنانەی بۆ سڕینەوەی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان هاوپەیمانیەتیان دروست کردبوو ئەوە خەریکە هاوپەیمانیەتیەکەیان لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە و لە ناوخۆشیاندا بە دۆخێکدا کەوتوون کەس ئیرەییان پێ نابات.

ئالنگاریەکانی بەردەم کبینەکەی مەسرور بارزانی زۆرن و جدین،بەڵام هەنگاوەکانیش بە ئاراستەی دروست و بەهێزتربوونی کوردستان رژدترن و لە کۆتایشدا هەر راستەقینە و کاری باش و مرۆڤی باش دەیباتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن