عێراق دوای ئه‌مریكا پرسیاری ئاینده
7/30/2021 9:52:00 AM
عەلی کەریم
زنجیره و هه‌نگاوه كۆن و ئاراكانی دایه‌لۆگی ستراتیژی ئه‌مریكا-عێراق ، هه‌رچۆن و هه‌رچه‌ند بن و له‌كوێ و له‌لایه‌ن كێ به‌رێوه‌بچن ، دوو پرسیاری ئاینده‌ساز ئاماده‌ن ،و وه‌ڵامیان چاره‌نوسی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مریكا و عێراق ، یا ووردتر راده‌ی گرنگی عێراق له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادا ده‌نوێنن.
پرسیاری یه‌كه‌م ، ئاخۆ ئه‌مریكا له‌عێراق ده‌كشێته‌وه بەتەواوی و دەستبەرداری هەموو ئەو نرخ و تێچونە گەورە مرۆیی و دارایی و سیاسیە دەبێ کە بۆ عێراقی خەرج کردوە ؟ پرسیاری دوه‌میش له‌حاڵه‌تی نه‌مانی ته‌واوی ئه‌مریكا له‌عێراق ،ده‌سه‌ڵاتی عێراق به‌هه‌رێمیشه‌وه به‌رگه‌ی لێكه‌وته و كاریگه‌ریه‌كان ده‌گرن یاخود نا ؟
سه‌باره‌ت به‌پرسیاری یه‌كه‌م یاخود پرسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق ، ده‌كرێ رای جیاواز هه‌بێت ، به‌ڵام به‌خوێندنه‌وه‌ی گوتار و روانگه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر هه‌ر چوار ئاستی دروستكردنی بریار و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه بریتین له :هه‌ڵوێستی فه‌رمی- كۆشكی سپی ، ده‌سته‌بژێر و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه - ئه‌زموندار و توێژه‌ر و پسپۆران ، روانگه‌ی ده‌زگای سه‌بازی و هه‌واڵگری - پنتاگۆن و سی ئای ئه‌ی ، هه‌روه‌ها جه‌ماوه‌ر - رای گشتی ، له‌وه ناچێ ئه‌مریكا چی دیكه بیه‌وێ عێراق وه‌ك لوتكه‌ی كاره له‌پێشینه‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست بمێنێته‌وه.
به‌مه‌ش ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌عێراق به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و راسته‌وخۆ ده‌كرێ ئه‌گه‌ره لاوازه‌كه بێت، واته ئه‌گه‌ری پشتگوێ خستن یان (ناوگۆركێ ) و (ئهركگۆركێ)ی هێزه سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌گه‌ره به‌هێزه‌كه بێت به‌ڵام چۆن و كه‌ی ؟ ئه‌وه‌ش پرسیاره و وه‌ڵامه‌كه‌ی په‌یوه‌سته به‌كۆمه‌ڵێ هاوكێشه‌ی دیكه‌وه.
رۆشنه ئەمریکا وەک سوپەرپاوەرێک کەبەرژەوەندیەکی جیهانی هەیە بەمەش ئامادەبونێکی سیاسی و سەربازی جیهانی هەیە . له‌دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه ، و به‌تایبه‌تتریش له‌دوای سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر یه‌كێتی سوڤیه‌تی پێشودا و كۆتایی هاتنی بلۆكی رۆژهه‌ڵات ، و یه‌كلابونه‌وه‌ی دنیا بۆ ئه‌مریكا ، ئه‌مریكا له‌سه‌رجه‌م ئه‌و شوێن و پێگانه‌ی لێی بوه وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه.
گه‌ر سه‌یری نمونه‌كانی یابان، ئه‌ڵمانیا ، كۆریای باشوور، وڵاتانی كه‌نداو ، عێراق ...هتد بكرێ زیاتر له‌و راستیه ده‌گه‌ین . به‌ڵام نمونه‌ی ئه‌فغانستان، پرسیارێكی تایبه‌ته و ده‌كرێ ئاماژه‌یه‌ك بێ بۆ بیركردنه‌وه‌یه‌كی تازه لای دروستكه‌رانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه كه پێویست ناكات بۆ هه‌میشه و له‌هه‌موو شوێنكاتێك ئه‌مریكا پۆلیسی جیهان بێت.
له‌راستیدا بێ ئومێدیه‌كی گه‌وره هه‌یه له‌لای ئه‌مریكیه‌كان و هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش له ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌رمی عێراق ، به‌وه‌ی نه‌یان توانیوه لانی كه‌می پابه‌ندبونه‌كانیان هه‌م به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا و دنیا و هه‌م به‌رامبه‌ر گه‌لی عێراق پیاده بكه‌ن به‌دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی وئازادی و ئاسایش و خزمه‌تگوزاریه‌كان ، روبه‌رووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌لكاران ، پاراستنی سه‌روه‌ری و هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت به چه‌ككردنی میلیشیاكان و سه‌پاندنی یاسا به‌سه‌ر هه‌موان ، و دۆزینه‌وه و سزادانی بكوژانی خۆپیشانده‌ران ...هتد.
ئه‌م شكسته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقیش پاڵنه‌رێكى سه‌ره‌كیه بۆ گه‌ڵاڵه بوونی ئه‌و روانگه و هه‌ڵوێسته (پشتگوێ خستن و نه‌مانی له پێشینه‌یی بۆ عێراق له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه) لای ئه‌مریكیه‌كان . ئه‌مه‌ش له‌پاڵ كۆمه‌ڵێ هۆكارو پاڵنه‌ری دیكه تایبه‌ت به‌خودی ئه‌مریكا ، و دۆخی هه‌رێمی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ،و ململانێ جیهانیه‌كان دوای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی به‌هێزی دوو زلهێز روسیا له رووی سه‌ربازی و چین له رووی ئابووری .
له‌خوێندنه‌وه‌ی ئێمه‌دا ئه‌مریكا هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری عێراق به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه نابێت به‌ته‌واوی به‌لام رێكخستنه‌وه‌یه‌ك بۆ شێواز و قه‌باره‌ی مانه‌وه و ئاماده‌یی هێزه ئاشكرا سه‌ربازیه‌كانی ده‌كات له‌عێراق. به‌گشتیش له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه سه‌رده‌می جه‌نگی درۆن و ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازی سمارته ، هێز ، رۆل ، ئامانج ، قه‌باره ، شوێن و كاتی هێزی سه‌ربازی گۆرانی بنه‌ره‌تی به‌سه‌ردا هاتوه . لێره‌وه نه‌ك مانه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی ئه‌مریكا له عێراق به‌شێوه‌ی ئێستا به‌ڵكو پاڵپشتی و گرنگی دانی ئه‌مریكا به‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان له رووی سه‌ربازی و سیاسیه‌وه زۆر گرنگ و ئاینده سازه . به‌تێگه‌یشتنی ئێمه نه‌مانی ئه‌مریكا به ته‌واوی له‌عێراق،
عێراقیه‌كان ده‌خاته به‌رده‌م ئه‌گه‌ره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش یان هاوشێوه‌یه‌كی دی و سواربوونی شه‌پۆلی ناره‌زایی و بێ مافی خه‌ڵكی عێراق، هه‌روه‌ها ئەگەری سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین جۆر له جه‌نگی ناوخۆ له‌وانه جه‌نگی ناوخۆی شیعه - شیعه ، شیعه - سونه ، كورد -عه‌ره‌ب ، حه‌شدی شعبی – پێشمه‌رگه ، گروپه چه‌كداریه جۆراوجۆره‌كان ...هتد، كه ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ سه‌رده‌كێشێ بۆ داگیركاری ولاتانی هه‌رێمی به‌تایبه‌ت به‌ناوی پاراستنی كه‌مینه‌ی توركمان ،و پاراستنی شوێنه پیرۆزه‌كانی شیعه ...هتد .
ئه‌مه بۆ رووده‌دات ؟
زۆر به‌ساده‌یی چه‌ندین هۆكار و راستی هه‌ن كه ئهودهرهنجامهیان لا دروستكردوین :
• له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێشه جۆراوجۆره سیاسی و كارگێری و ئابووری و نه‌ژادی و مه‌زهه‌بیه‌كانی عێراق چاره‌نه‌كراون و بهقولتر و فراوانتر له‌جاران به‌رده‌وامن .
• هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق نمونه‌یه‌كی زۆر خراپی ده‌وڵه‌تداریان پێشكه‌ش كردوه كه گه‌نده‌ڵی و شكستی به‌رده‌وام ناسنامه‌یه‌تی و گه‌لی عێراق زۆر لێیان توره و بێزاره .
• هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ململانێ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌سه‌ر خاكی عێراق یهكلادهبنهوه .
• هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه سه‌ربازیه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌تایبه‌ت سوپا و هێزه ئه‌منیه‌كان زۆر له لاوازترن بتوانن ئه‌ركی ده‌وڵه‌تداریان پیاده بكه‌ن.
• هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت چه‌ك و پاره‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ پشتیوانی و ده‌ستێوه‌ردانی هه‌رێمی به‌ئاشكرا و فراوانی هه‌یه .
• هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق به‌ده‌یه‌ها گروپی چهكدارو میلیشیای چاوسوور و باخه‌ل پری حه‌رام ،به‌ناونیشانی جۆراوجۆر هه‌یه .
• هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توركیا شه‌ری په‌كه‌كه له عێراق ده‌كات ، ئێران شه‌ری مجاهیدین و به‌رهه‌ڵستكاران و ئیسرئیل و ئه‌مریكیه‌كان له‌عێراق ده‌كات ، ئه‌مریكا شه‌ری داعش و میلیشیا شیعیه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی له‌عێراق ده‌كات ...
• هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كلتورێكی نادیموكراسی زۆر دواكه‌توو له‌هه‌موو عێراق هه‌یه كه به‌رهه‌می مماره‌سه‌ی سیاسه‌تێكی خوێناوی ، و قهومچێتیهكی بێ بنه‌ما، و مهزههبگهرایهكی توندره‌وانه‌یه! كلتورێك پره له‌خوێن و بێ به‌لێنی و قۆڵبرین و عه‌شیره‌تگه‌رایی! هه‌موو ددان ده‌سوون له هه‌موو ، هه‌موو چه‌كدارن و هه‌مووش چه‌قۆ تیژ ده‌كه‌ن و هه‌ره‌شه ده‌كه‌ن له‌یه‌كتر! هه‌مووش خۆیان به‌سته‌ملێكراو ده‌زانن و هه‌مووش سته‌مكارن به‌شێوازی جیاجیا ! هه‌مووش بۆ بچوكترین ده‌رفه‌ت ده‌گه‌رێن بۆ زیادكردنی سه‌رمایه‌ی ناشه‌رعی و چه‌وساندنه‌وه و كۆتاكردنی به‌رامبه‌ر! ئه‌وه‌ی له‌بیری كه‌س نه‌بێت دروستكردنی نیشتمانه بۆ به‌دبه‌خترین مرۆڤه‌كانی سه‌رزه‌وی كه "عێراقیه‌كانن"!
له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه نه‌مانی ئه‌مریكا و ده‌ستبه‌رداری ته‌واوی له عێراق ، واته قۆناغی پۆست عێراق ، به‌ڵام به‌سه‌ر زه‌ریایه‌ك خوێندا. لەبەرامبەردا به‌خوێندنه‌وه‌ی هاوكێشه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئه‌مه رونادات ، چونكه تا ئێستا بریاری ئه‌مریكا و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیش وایه كه ماشێنی "عێراق به‌یه‌كپارچه‌یی به‌رده‌وام بێت " گه‌رچی له‌سه‌ر ویلیش بێت و به‌بیاباندا بروات.