وەبەرهێنان لە سێکتەری دیبلۆماسیدا!
6/12/2021 12:15:00 PM
کارۆخ خۆشناو
پرۆسەی وەبەرهێنان تەنها لە سێکتەری ئابوریدا
ناکرێت، بەڵکو لە سێکتەری سیاسی و دیبلۆماسیشدا دەکرێت، بگرە لەسەرتاسەری جیهاندا
ئەوە وەبەرهێنانی دیبلۆماسیە کەوا وەبەرهێنانی ئابوری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
بە مانایەکی تر، لە پاڵ گرنگیدان بە هێزی ڕەق
(هێزی سەربازی) پێویستە گرنگیەکی تەواو بدرێت بە هێزی نەرم (دیبلۆماسیەت) چونکە ئەم
دوو هێزە تەواو کەری یەکترن، بۆیە دەتوانین بڵێن هەر وڵاتێک ئەگەر بیەوێت لەسەر پێی
خۆی ڕابوەستێت، پێویستە گرنگیەکی هاوسەنگ بە هەردوو هێزەکە بدات، چونکە ئەم دوو هێزە
هاوشێوەی دوو باڵی باڵندەیەک گرنگن بۆ فڕین بە ئاسمانی نێودەوڵەتیدا.
لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێڕاق لە ساڵی (2003) و
بە دیاریکراوی لە دوای بە دەستوری بوونی هەرێم لە ساڵی (2005)، سەرکردایەتی سیاسی
کوردستان توانی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە وەبەرهێنان لە سێکتەری دیبلۆماسیدا ئەنجام
بدات، ئەنجامی ئەم وەبەرهێنانەش گواستنەوەی پرسی کورد بوو لە پرسێکی لۆکاڵی و ناوچەییەوە بۆ پرسێکی نێودەوڵەتی و جیهانی،
بۆیە دەبینین لە کۆشکی سپی و کۆشکی ئەلیزێ و کۆشکی شاهانە و کۆشکی کۆماری وڵاتانی
جیهان پێشوازی لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەکرێت.
لەم چوارچێوەیەدا هەنگاوەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێم
و جەنابی سەرۆکی حکومەت و جەنابی جێگری سەرۆکی حکومەت، نموونەی بەرچاون بۆ ئەنجامدانی
وەبەرهێنانێکی سەرکەوتوو لە سێکتەری دیبلۆماسیدا، وەک لەم چەند ڕۆژەدا بینیمان کۆمەڵێک
سەردانی فەرمی ئەنجام دراون، لەوانە سەردانی جەنابی سەرۆکی هەرێم بۆ ئیماڕات و هەروەها
بانگهێشتنامەی فەرمی جەنابیان بۆ سەردانیکردنی بەڕیتانیا و سەردانی جەنابی سەرۆکی
حکومەت بۆ ئەوڕوپا و بەلجیکا و یۆنان، هەروەها سەردانیکردنی چەندین جارەی جێگری سەرۆکی
حکومەت بۆ بەغدا، سێ نمونەی هەنوکەیی بەرچاو و گرنگن بۆ وەبەرهێنان لەسێکتەری دیبلۆماسی
(لەسەر ئاستی ناوخۆی عێڕاق و ناوچەکە و جیهان).
لە دەرەنجامی وەبەرهێنان لە هەردوو سێکتەری ڕەق
و نەرم دەبینین هەرێمی کوردستان (وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی) بووەتە ژمارەیەکی خوێندراوە
لە هاوکێشەکانی ئەم ناوچەیە، بۆیە دەکرێت بڵێین:
وەبەرهێنانی دیبلۆماسی بنەمای سەرەکی وەبەرهێنانی
هەموو سیکتەرەکانە (سیاسی، ئابوری، ئەمنی، تەندروستی و....هتد)
کەواتە وەبەرهێنانی دیبلۆماسی گرنگترین وەبەرهێنانە
و پێویستی بە لێهاتوویی دیبلۆماسی و حینکەی سیاسی هەیە، بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش
و بونیاتنانی پەیوەندیەکی بەهێز لەگەڵ وڵاتی بەرامبەر، ئەویش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی
هاوبەش، واتە بونیاتنانی پەیوەندیەکان لەسەر بنەمای پرنسیپی براوەی دولایەنە (Win win game) ئەمەش لە ڕێگای پیادەکردنی دیبلۆماسیەتی
هەوسەنگ دەکرێت.
لەم قۆناغەدا ڕوون
و ئاشکرایە کەوا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لەناو گۆڕەپانی یاریکردنی ناوچەکەدا
ئامادەگی بەرچاوی هەیە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بەرەوپێشچوونی دیبلۆماسیەتی کورد و تێگەیشتنی
کورد لە بنەماکانی یاریکردنی دیبلۆماسی (قواعد اللعبة الدبلوماسیة).
لەکۆتاییدا گرنگە ئێمەی کورد سودمان لە شکستەکانی
سەدەی بیست وەرگرتبێت، چونکە لەسەدەی ڕابردوو بەداخەوە کورد تەنها پشتی بە چیاکان
و هێزی ڕەق (هێزی سەربازی) بەستبوو، بێ ئەوەی بتوانێت (وەک پێویست) سود لە هێزی نەرم
و (دیبلۆماسیەت) وەربگرێت، بۆیە دەگوترا کورد ئەوەی لە شەڕدا بەدەستی دەهێنێت لەسەر
مێزی دانوستان دەیدۆڕێنێت، بەڵام خۆشبەختانە لە سەدەی (21)دا چیتر ئەم وتەیە لەسەر
کورد جێبەجێ نابێت، چونکە بەڵگەکان ئەوەمان پێدەڵێن کەوا کورد تا ڕادەیەکی باش شارەزای
بنەماکانی یاری دیبلۆماسی بووە، بە جۆرێک بووتە (ژمارەیەکی خوێندراوە) لە هاوکێشەکانی
ئەم ناوچەیە، بۆیە پێموایە چەندە گرنگە ئێمە گرنگی بە هێزی ڕەق (هێزی پێشمەرگە) بدەین،
ئەوەندەش گرنگە کەوا گرنگی بە هێزی (نەرم و دیبلۆماسیەت و لۆبیکردن) بدەین، پێویستە
ئەم ڕاستیەش بزانین کەوا وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمەریکا لە ڕێگای هێزی ڕەقەوە توانی
(دوو شەڕی گەرمی جیهانی و هەروەها شەڕی ساردی یەکیەتی سۆڤیەت) بباتەوە و بەم هۆیەوە
بووەتە سوپەر پاوەر و جڵەوگیر و تاک جەسەری هەموو جیهان، بەڵام مانەوەی لەپێگەی
تاک جەمسەری و (لوتکەی بەڕێوەبردنی جیهان)دا ڕاستەوخۆ بەندە بە وەبەرهێنانی ئەمەریکا
لە سێکتەری دیبلۆماسی و هێزی نەرمدا، هەر لەم پێناوەشدایە کەوا ساڵانە لە پاڵ دابینکردنی
بووجەیەکی زەبەلاح (750 ملیار دۆلار) بۆ پنتاگۆن و وەزارەتی بەرگری، بووجەیەکی تری
زەبەلاحیش دابنین دەکرێت (بە سەدان ملیار دۆلار) بۆ وەزارەتی دەرەوە تاکو وەبەرهێنان لە سێکتەری دیبلۆماسیدا بکات!
٭
(سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)