وتار

هەڵای پۆشاکی ژنان و گریانی تەنافەکەی سالم

10/28/2020 12:26:00 PM 129 جار خوێندراوەتەوە
زمناکۆ ئیسماعیل

پڕۆژەی (مێینە)، ی کچە هونەرکار (تارا عەبدوڵڵا)، کە لە رۆژی دوو شەممە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ لە شاڕێی سالم نمایشیکرد، نە پیسکاری ژینگە بوو، نە تەنافی جلی ژنان، نە بیرە نەوت و قاچاخی جگەرەو تلیاک و دەرمان بوو،هەتا ئەو هونەرکارە خۆی پێدەوڵەمەند بکات، نەخۆ گەورەکردن و دروستکردنی کەیسە بەمەبەستیچون بۆ ئەوروپا، تەنانەت لەفۆڕمە هونەرییەکەشدا ناچێتە نێو چوارچێوەی تابلۆ، وەک کۆمەڵێک میدیاو چەناڵ لەهەواڵەکانیاندا نوسیبویان، بەڵکو لەسادەترین پێناسەیدا پڕۆژەیە، (پڕۆژەی روتکردنەوەی بیرکردنەوەی تاکی کوردە).
پاش نمایشکردنی پڕۆژەی (مێینە) ییتارا عەبدوڵڵا، لەنێو سۆسیال میدیا هەڵایەکی کۆمەڵایەتی ناوەتەوە، هەندێک ناویانناوە تەنافی پۆشاکی ژنان، هەندێکی دیکە وەک سوکایەتی بۆ ژن ناوزەدیانکردوە، هەندێکی دیکەش وەک پیسکاری ژینگەو تێکدانی سیمای شار، هەندێکیش وەک پڕۆژەی خۆدەرخەرو بازرگانیکردن ناویانهێناوە، بەڵام بینینی زۆرینەی ئەو کەسانەو تێگەیشتنیان بۆ ئەو پڕۆژەیە لاوازە، دەکرێت ئەوانیش لەو پێناسە بچوکە بهێنینە دەرو ووردتر لەپڕۆژەکە بنۆڕن، تارا بە ٩٩ هەزارو ٦٧٨ پارچە لەپۆشاکی ئەو مێینانەی توندوتیژییان بەراوبەرکراوە، ئەو پڕۆژەیەی دروستکردوە، کەسانێک پرسییویانە چۆن ئەو هەموو کەسە توندوتیژی بەراوبەرکراوە؟!، بێگومان نەخێر، بەلاتانەوە نەنگی نەبێت کە زۆرینەی قسەکاران لەسەر ئەو پڕۆیەژە، هەتا ئێستا نەیانزانیوە کە توندوتیژی بەس کوشتن و لێدان نییە، بەڵکو لەچوارچێوەی سەرجەم رێکخراوەکانی کارکردن بۆ مێینە لەهەرێمی کوردستان، کەیسەکانی توندوتیژییان بەم جۆرانەی خوارەوە ئاماژە پێکردوە، (زۆرلێكردنبۆ بەشودان، هاوسەرگیریژنبەژن،بەشوودانیگەورە بەبچوك،بەشودانلەبریخوێن، تەڵاقدانیبەزۆر، بڕینیپەیوەندیمێینە لەبنەماڵەکەی، زۆرلێكردنیمێردلەژنەكەیلەسەرلەشفرۆشی، خەتەنەكردنیمێینە، ناچاركردنیمێینە بەمەبەستی کارکردن بەبێ رەزامەندی خێزان، ناچاركردنیمێینەلەسەركاركردن،دەرۆزەپێكردن بەمێینە،وازهێنانی مێینەلەخوێندن لەژێر فشار، خۆكوشتنی مێینەبەكاریگەریتوندوتیژیخێزان، لێدان لەمێینە لەلایەن تاکەکانی خێزان، لاقەکردنی مێینە، لاقەکردنی هاوژین بەزۆر، کوشتن لەسەر ناموس،توندوتیژی لەکاتی دەستگیرانبوندا، هاوسەرگیری زۆرە ملێ، خواردن پێدانی زۆرە ملێ، توندوتیژی لەسەر جیاوازی رەگەزی منداڵ، تێزاب پیاداکردن، بەکارهێنانی پێگەی کارکردن بەمەبەستی دەستدرێژی بۆ سەر مێینە، منداڵخستنەوەی بەزۆر، دەستدرێژی لەکاتی ژووانی خۆشەویستی، توندوتیژی دژ بەمێینە لەنێو فەرمانگەو داوودەزگاکان، توندوتیژی دژ بەمێینە لەنێو کەرتی تایبەت، سنوردارکردنی ئازادی جوڵانەوەکان، توندوتیژی بەدوادا کەوتن (سێکسی کۆم)،ھەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵ بێوەژن، بەکارهێنانی مێینە لەبواری جادوگەری, توندوتیژی لەلایەن دەوڵەتو دەزگا ئەمنییەکان بەراوبەر بەمێینە، نەزۆککردنی زۆرەملێ و لەباربردنی منداڵ بەزۆر، سوتاندنی لاشەیمێینە، توندوتیژی دژی مێینەی کۆچبارو پەنابار، توندوتیژی و دەستدرێژی و تەحەڕوشکردن لەنێو تۆڕەکانی ئینتەرنێت).
ئێستا کەشێوازەکانی توندوتیژیمان ناسی، دەبێت لەخۆمان بپرسین، ئایە ئەو هەموو توندوتیژییە بونی هەیە؟!، ئەگەر بە وویژدانەوە وەڵام بدەینەوە دەبێت بڵێین، بێگومان بەڵێ، کەواتەدەبێت ئەو راستییە بەبەرچاو بگرین و بزانین، کۆی گشتی ئەوانەی شۆکبونی خۆیان بۆ سەر ئەو ژمارە زۆرەی توندوتیژی پڕۆژەی (مێینەی)، تارا عەبدوڵڵا دەربڕیوە، زانیارییان کەمە دەربارەی توندوتیژی، لەو ڕوانگەش ناکرێت لەسەر بوارێک قسە بکەن کە زانیارییان لەسەری کەمبێت یاخود نەبێت، ناکرێت هەڵایەکی کۆمەڵایەتی بنرێتەوە لەسەر گۆتارگەلێکی ناڕاڤەکراوی کۆمەڵایەتی، کە وەک ڤایرۆس لەنێوماندا دەژی و دەرونی هەموانی پوچکردوە.
بەدیوێکی دیکەشدا، زۆرینەی ئەوکەسانەی لەبری رەخنەی دروست و هاوسەنگ،بەتانەی جۆر بەجۆر و بەنوسینی (تەشهیرو تەخوین)، هەڵایەکی نارێک و پەشێویان لەسەر ئەو پڕۆژەیە ناوەتەوە، ناتوانن دەنگێکی دیکەی ئازاد ببیستن و رێگریش دەکەنلەدەربڕینی ئەو جۆرە دەنگانە، ئەمەش بۆ خۆی توندئاژۆییە بۆ سەر مێینەیەکی دیکەی ئەم کۆمەڵگایە، کوشتنی دەنگی ئەو مێینانەیە کە پۆشاکەکانیان هەڵواسترابوو، ئەو مێینانەی کە گەرەکیانبوو، لەڕێگای فۆڕمێکی دیکە، داخوازییەکانیان بگات بەگوێی رەگەزی بەراوبەریان.
ئێستا دەبێت بپرسین، تۆ کە لەپەیامی ئەو پڕۆژەیە تێناگەیت، دەبێت لەکەسانی شارەزای بوارەکە ببرسیت و بڵێیت "واتای ئەو پەڕۆو پۆشاکە هەڵواسراوانە چییە؟!"، رەنگە چاوی زۆرینە،لەڕوی شکڵ و شێوەو قەبارەی بینین، بەتەنها پەڕۆو پۆشاکەکان ببینیت، بەڵام قەبارەو بارستایی پەیامی پشت ئەو پەڕۆو پۆشاکە، (روتکردنەوە و ڕوتپیشاندانی بیرکردنەوەی تاکی کوردە)، روتکردنەوە لەچوارچێوەی پوچپیشاندانی بیرکردنەوەی زۆرینەی کوردە دەرهەق بە رەوشی مێینە لەنێو ئەم کۆمەڵگایە). لەمەش بەدواوە پڕۆژەی مێینە، دەرخەری ئەم چەند ئامانجە بوو.
یەکهەم: زۆری توندوتیژییەکان بەراوبەر بە مێینە لەفۆڕمێکی جیاواز بەسەرکەوتویی نمایشکرا، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە مێینەی کورد لەبەردەم کەڵبەی گورگدا سەما بەژیانی دەکات.
دوهەم: دروستکردنی هەڵای سۆسیال میدیا، لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی بەبێ هەبونی زانیاری، لەسەر بابەتی پەیوەندیدار بەو هەڵایە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە تاکی ئێمە، فێری ئەوەیە لەسەر هەموو شتێک دەپەیڤێت.
سێهەم: قەبوڵنەکردنی دەربڕینە جیاوازەکان و گوێنەگرتن بۆ هەبونی دەنگی جیاواز، ئەمەش دەرخەری لاوازی ئاستی رۆشنبیری تاکی کوردە، دەرخەری ئەوەیە زۆرینەی تاکی کورد، بەتەنها روکەشی دەرەوەیان سواغی هاوچەرخ و مۆدێرنیتە دراوە، بەڵکو ناوەو بیرکردنەوەیان لەبەردەم مەترسی هەڵچونی توندئاژۆبوندا گەمەی جۆر بەجۆر دەکات.
چوارهەم و کۆتا دەرخەر: تاکی کود بوە بەتاکێکی هەڵچوی بەرپەرچەکردار، لەڕوی دەرونی، مرۆڤی هەڵچوی بەرپەرچە کردار، ئامادەی بیرکردنەوە نییە، بەڵکو ئامادەکراوە بۆ ئەوەی بەرپەرچی هەرشتێک، هەرگۆتارێک، هەرهاوکێشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بداتەوە کە خودی خۆی بەدڵی نییە.
لەبیرمان نەچێت، پڕۆژەی مێینە ئامانجی پێکا، تەنافی پۆشاکەکان لەشەقامی سالم لابرا، بەڵام بۆ هەمیشە لەمێشکی مرۆڤگەلێکی پوچگەرای کورددا دەمێنێتەوە، کە بەشێوەیەکی نەزانی و دوور لە زانیاری، بەرپەرچی پڕۆژەکەیدایەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement