366وتار

نەوتی هەکاری.. هۆکاری ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیایە لە باشووردا ؟!

7/11/2020 5:34:00 PM
پرۆفیسۆر: هاوڕێ مەنسوڕبەگ

لە ساڵی (2011)ەوە ئاگاداری هەوڵەکانی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیم کە لە ناوچەی ھەکاری لە باکووری کوردستان، بە پشتیوانی حکومەتی تورکیا خەریکی پشکنین و لێکۆڵینەوە و گەڕانن بە دوای نەوتدا. کۆمپانیاکە ئومێدی لە سەر ئەوە ھەڵچنیوە کە لێکچوونێکی زۆر لە نێوان جیۆلۆجیای ھەکاریی و جیۆلۆجیای کێڵگە تازە دۆزراوەکانی تاوکێ و شێخان و ئەتروشی ھەرێمی کوردستاندا هەیە . دەربارەی ئەوە سەرەداوی ورد خراونەتە بەردەستی حکومەتی ئەنقەرە. دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بە سەر ئەو پرۆسەیەدا، کۆمپانیای (Trillion Energy) وەک کۆمپانیای سەرکار، بە ئاشکرا باسی لەو چالاکییانەی خۆی کرد لەو بلۆکەدا و موژدەی هەبوونی نەوتی ڕاگەیاند.
لێرەدا پێم باشە ھەندێک سەرنج و بەرچاوڕوونی بڵاوبکەمەوە کە سەرجەمیان لێکدانەوە و شیکردنەوەی خۆمن:-

 1. هاوزەمانبوونی  ڕاگەیاندنی دۆزینەوەی نەوت لە ھەکاری و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەی سوپای تورکیا، تەنھا ڕێکەوتێک نییە، بەڵکو ڕەنگە ھەردوو پرۆسەکە تەواوکەری یەک بن.
 2. دوای گەیشتنی داتا جیۆلۆجییەکانی ئەو بلۆکەی هەکاری بە حکومەتی ئەنقەرە لە ساڵی ٢٠١١ دا و پەیدابوونی ئومێد لە بوونی نەوت لەو بلۆکەدا، ئەنقەرە نەرمی نواند و بیرۆکەی چارەسەری ئاشتیانە و دانوستاندنی لەگەڵ پەکەکەدا بردە قۆناغێکی کرداری و لە ساڵی ٢٠١٣ دا ھەوڵەکان بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی لە تورکیادا بە فەرمی چڕ کرانەوە. حکومەتی ھەرێم و سەکردایەتی سیاسیش لە باشووردا ڕۆڵی بەرچاویان بینی لە دانانی بەردی بناغەی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیادا.
 3. دوای شکستھێنانی پرۆسەی ئاشتی (کە ئێرە ، شوێنی باسکردنی هۆکارەکانی نییە)، حکومەتی تورکیا بیری لە چارەسەری سەربازی کردەوە، کە ڕەنگە ھۆکاری سەرەکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییە، لێدانی پەکەکە بێت لە قوڵایی ستراتیجیی باشووری کوردستان و مەبەست لێی بچڕاندنی ھێڵەکانی پەیوەندی و لۆجیستی و سەربازی بێت بۆ ئەو ھێزانەی نزیکن لە سنووری تورکیا و دوورخستنەوەی پەکەکە بێت لە بلۆکی ھەکاری. چونکە بوونی نەوت بە بێ زامنکردنی دۆخێکی ئارامی درێژخایەنی پتەو و خۆڕاگر، ھیچ جەدوایەکی ئابووری نییە و ھیچ کۆمپانیایەک سەدان ملیۆن دۆلار لە ناوچەیەکی نائارام و ناسەقامگیردا ناخاتە ناو پرۆژەیەک. 
 4. بەشێک لە میدیا کوردییەکان بە کرچ و کاڵی و ڕووکەشانە باس لە دۆزینەوەی نەوتێکی زۆر دەکەن لە ھەکاری لە باکووری کوردستان. دۆخە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە بە پێی بنەما زانستییەکانی زەویناسی، ھەرچەند ئاماژەی بەھێزی جیۆلۆجیش هەبن بۆ بوونی نەوت لە ناوچەیەکدا، بەڵام هێشتاش هەر لە خانەی ئاماژە دەمێننەوە و سەنگی مەحەکی مەسەلەکە ئەوەیە کە ( تا بیر ھەڵنەکەنرێت و نەوت بەرھەم نەھێنرێت.. ناتوانرێ جاڕی دۆزینەوەی نەوت بدرێت).  
ھەندێک لە کۆمپانیاکان گەمەیەکی زیرەکانە دەکەن و لێدوانی ناکام و پێشوەختە دەدەن کە گوایە ئاماژەی بەھێزیان دەستکەوتووە بۆ بوونی نەوت، لە کاتێکدا مەرامی ئەوان  ڕیکلامکردنێکی بازرگانییە لە پێناو بەرزکردنەوەی بەهای پشکەکانیان و فرۆشتنی پشکی نوێ. جگە لەوەی مۆرفینێکیش لە  پشکدارە کۆنەکان دەدەن تا پشوویان درێژ بێت. بۆیە هیچ دوور نییە ئەو لێدوانانە حکومەتی ئەنقەرەشی فریودابێت و بەر لە پێگەیینی تەواوی پرۆسەکە، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنەکان کردبێت.
 5. زەویناسانی  کۆمپانیای (Trillion Energy) دڵگەرمن بە دراوسێبوونی بلۆکی ھەکاری لەگەڵ چەند کێڵگەیەکی بەرهەمدار و گرنگی ھەرێمی کوردستان، بەڵام خۆیان لە قەرەی ئەو باسە نادەن کە هەر نزیکی ئەو بلۆکەی ھەکاری، لەمدیو سنووردا بلۆكی (سندی- ئامێد‌ی) هەیە.. ئەو بلۆکەی كۆمپانیای (پێرێنكۆ)ی فەرەنسی لە ساڵی ٢٠١٢ دا بەرەنگاری زەبرێکی کوشندە کردەوە، کاتێک بیرێکی لە سەر چیای مەتین ھەڵکەند و جگە لە نائومێدی، ھیچی نەدۆزییەوە. چونکە تا ئێستا لە بلۆکی هەکاریدا هیچ بیرێک هەڵنەکەنراوە تا بە ڕوونی بزانین ئایا نەوتی هەیە یان نا؟! 
 6. لە ڕووی جیۆپۆلەتیکدا، جارێکیان یەکێک لە سەرکردە ناودارەکانی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل گوتی "ئەوەی پێی وابێت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیر دەبێت.. ساویلکەیە" بۆیە ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێین، بە بێ بەرقەراربوونی ئاشتی، مەحاڵە ئەو بلۆکەی کە تیایدا تورکیا بەدوای نەوتدا دەگەڕێت، ئارامی و ئاسایش بەخۆیەوە ببینیت. لە ڕووی جیۆلۆجیشەوە جارێکیان دیپلۆماتێکی تورکی، بە دەم ھەڵکێشانی ھەناسەیەکی ساردەوە بە ڕۆژنامەنووسانی گوتبوو: "نەفرەت لە زەویناسان، نەفرەت لە ئینگلیز، چونکە ڕێک لەو شوێنەی نەوت بوونی نامێنێ، لەوێدا ھێڵێکیان کێشاوە و ناویان ناوە  (سنووری تورکیا)"
 با چاوەڕێ بین و بزانین لە ئایندەدا، لە نێوان ھەڵسەنگاندنی سەرۆکەکەی ئێکسۆن مۆبیل و دیپلۆماتەکەی تورکیادا، کامیان باڵادەست دەبن؟!
پرۆفیسۆر: هاوڕێ مەنسوڕبەگ

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن