وتار

ئەرکی سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەکانی ناوخۆ و تەندروستی چی یە لەم کاتەدا ؟!

6/2/2020 3:49:00 PM 138 جار خوێندراوەتەوە
بابان جەعفەر

بەرێوەبەری پلاندانانە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندرووستی سلێمانی، رایگەیاند: لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵێک بڕیاری هەڵە دراون کە وایکرد خەڵکی متمانەی بە دامودەزگا تەندروستیەکان نەمێنێت، داواش لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەێم دەکات، بەو هۆیەوە لێپرسینەوە  لە وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی بکات، ئەم وتانە لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا هاوشانی دەیان وتە و گومانە لای خەڵک و دامەزراوەکانی هەرێم، لەسەر بەرزبوونەوەی ژمارەکانی توش بوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێی یاساش پەرلەمان بەرزترین دامەزراوەی چاودێری و یاسایی هەرێمە، کەواتە ئەرکی سەرەکی پەرلەمان، چاودێری ئەو دۆخە بکات و رای درووستی دیراسەکراو بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات، ئەگەر کۆبوونەوەی پەرلەمان و بانگهیشتی وەزیران بۆ دانیشتنی پەرلەمان لەم دۆخەی ئێستای پەرلەماندا نەگونجاو بێت، خۆ دەکرێت لیژنەکان هەندێک کاری پەیڕەوی بکەن، لیژنەکانی پەرلەمان بەهۆی گرنگی کارەکانیانەوە بە (دڵی پەرلەمان) ناسراون، لیژنە مەتبەخی هەموو کارەکانی پەرلەمانە، کەچی لەم بارودۆخە هەستیارەدا، بەپێی هەواڵی لیژنەکان لە پێگەی فەرمی پەرلەمان، لیژنەی ناوخۆ دوای کۆبوونەوەی لە (13/4/2020) ئەنجامداوە، لیژنەی تەندروستیش دواکۆبوونەوەى لە (18/5/2020) ئەنجامداوە، ئەمەش نا چالاکیی لیژنەکان و پەیرەو نەکردنی ئەرکە سەرەکییەکانیانە، بۆیە ئەرکی هەریەک لە (سەرۆکی پەرلەمان، جێگرەکەی، یان سەرۆکی لیژنەکان، یان (١/٣) سێ یەکی ئەندامانی لیژنەی ناوخۆ و تەندروستیە) ، ئەم هەنگاوانە بنێن:
1- بەگوێرەی بڕگەی سێ لە ماددەی (30) سبەینێ (2/6/2020) یەکێک لەوانەی ناومان هێناون ئەرکیانە بانگهێشتی کۆبوونەوەیەی لیژنە ناوبراوەکان بکەن، بۆ رۆژی (3/6/2020)، چونکە هەموو کۆبوونەوەیەک دوای 24 کاتژمێر لە بانگهێشت کردنی ئەنجام دەدرێت.
2- هەر سبەی، بەگوێرەی بڕگەی یەکەم لە ماددەی (42) لیژنەی ناوبراوان، دەتوانن داوا لە سەرۆکی پەرلەمان بکەن، بانگهیشتی وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی بکات بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی لیژنەکان، وەزیر دەبێت لەماوەی (3) رۆژدا ئامادەبێت، لیژنەکان بە گوێرەی بڕگەی دووەمی هەمان ماددە، دەتوانن داوا لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان بکەن، بانگھێشتی هەر چوار پارێزگار و بەرێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاکان بکەن، بۆ گفتوگۆ و گوێگرتن لە کێشەکانیان لە رۆژی ئامادەبوونی وەزیرانی ناوبراو، لە کۆبوونەویە لیژنە.  
3- لیژنەکان دەتوانن بۆ کۆبوونەوەی رۆژی (3/6/2020) ، بە گوێرەی ماددەی (40) دانیشتنی گوێ لە یەکگرتن (جلسات استماع) سازبکەن، بە میوانداری پزیشکان و خەڵکانی تایبەتمەند بکەن بۆ لیژنەکانیان، بۆ وەرگرتنی زانیاری و ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکان و تێگەیشتن لەو ئاڵۆزییەی هەیە، وە ئامادەکردنی راپۆرتێک بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوبراو لەگەڵ پارێزگار و بەڕێوەبەرانی تەندروستی. 
4- ئەرکی هەردوو لیژنەیە سەرۆکایەتی پەرلەمان و رای گشتی لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوە و دیدارانە، ئاگاداربکاتەوە، جا رایەکە هەرچی بێت. 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement