خەمەکانی خەڵک و خەمەکانی سەرۆکی پەرلەمان
6/30/2020 2:49:00 PM
بابان جەعفەر
(1)
ئەمڕۆ پەرلەمان کوردستان دوای (52) رۆژ لە کەرەنتیەنی سیاسی کۆبووە، ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا (60) رۆژە مووچە لە هەرێمى کوردستان دابەشنەکراوە و حکومەتی هەرێم بە نا یاسایی رێژەی لە (21%) موووچەی بڕیوە بەبێ ئەوەی چارەنووسی ئەو لێ برێنەی روونکردبێتەوە، یان پرسی بە مەرجەعی یاسایی لە هەرێم کردبێت، ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا سنورەکان و هەر پنتێک لە هەرێمی کوردستان خوازراوی تورکیا و ئێران بێت بە فرۆکە یان تۆپ بۆردومان دەکرێت.
بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە دووخاڵ بوو، وەک بەشێک لە پەرلەمانتاران لە دانشتنەکە وتیان شەرم دەکەن بڵێن ئەندامی پەرلەمانن، چونکە دەیان گرفتی گەورە و دەیان بانگهێشت هەیە بۆ حکومەت لەسەر پرسەکانی (مووچە، خاڵە سنووریەکان، بوردومانی خاکی هەرێم، قەرزەکانی سەر حکومەت) کەچی بەرنامەی کاری پەرلەمان لە داوی (52) رۆژ کۆنەبوونەوە، هیچ یەکێک لەو پرسانەی تیادانەبوو.
(2)
رۆژی (14/6/2020) دوای (37) رۆژ بێدەنگی لە دەرچوونی بڕیاری ژمارە (4)ی ساڵی (2020) نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر کڵێشەی خۆی بڕیارێکی سەرۆکی پەرلەمانی بڵاوکردەوە لە بارەی نا یاسایی بوونی بڕیاری ژمارە (4)، ئەم بریارە چەند عەیبێکی شکڵی هەیە لەوانە (ئاڕاستەنەکردنی بڕیارەکە بۆ رۆژنامەی وەقایعی کوردستان، بڵاونەکردنەوی لە سایتی فەرمی پەرلەمان)، بەڵام رایگشتی پیێشوازی باشی لەم بڕیارەکرد، بەڵام رۆژی (28/6/2020) سەرۆکی دیوانی پەرلەمان، نوسراوی ئاگادارکردنەوەی ئاڕاستەی نوسینگەی سلێمانی کردووە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی پەرلەمانتار (سۆران عومەر) بۆ ئامادەبوونی لە بنکەی پۆلیس خانەقا، ئەم نوسراوە پێچەوانەی ئەو بریارەی بەرێز سەرۆکی پەرلەمانە و بێگومانیش بە ئاگاداری بەرێزیان ئەم کارەکراوە، ئیمەش لە ئینستتیوتی پەی ئەمرۆ (29/6/2020) بە یانێکمان بە ناونیشانی سەرۆک لە بریارەکەی خۆی پەشیمان بۆتەوە ! بڵاوکردەوە، لە دانیشتنەکەشدا چەند پەرلەمانتارێک خاڵی پەیڕەویان وەرگرت، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان بە کەمترین وشە و بەتوندی وەڵامی دایەوە و وتی حەزناکەت ئەو پرسە لێرە باسبکرێتەوە، دوای دانیشتنەکەش ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە و رایگەیاندووە: جەخت لهسهر ههڵوێستى پێشووى دهكاتهوه سهبارهت به ههڵوهشاندنهوهى بڕیارى ژماره (4) و رێکارەکەی دیوانیش بە ئیداری وەسف دەکات، دەشڵێت بڕیارەکە ئاڕاستهى سهرۆكایهتى ئهنجومهنى وهزیران كراوه به مهبهستى بڵاوكردنهوهى له ڕۆژنامهى وهقایعى كوردستان، بۆیە هەمان پرسیار دووبارە دەکەینەوە ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان بڕوای وایە بڕیارەکەی جێبەجێ بکات بۆچی تا ئێستا بڕیارەکە لە سایتی فەرمی پەرلەمان بڵاونەکراوەتەوە، بۆچی لەنوسراوەکەدا وێنەیەک ئاراستەی وەقایع نەکراوە، بۆچی سەرۆکی پەرلەمان لە پێگەی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتیش بڵاوینەکردەوە؟! بۆچی وەڵامی وتەکانی هێمن هەورامی نەدایەوە کە رۆژی (17/6/2020) لە کەناڵی ڕووداو، وتی: هەمووشت بە تەنسقکراوە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و ئاگاداری بەرنامەی کار و هەموو هەنگاوەکانە، پرسیاریشی کرد کە بۆچی لە ماوەی (38) رۆژی رابردوودا بەیانێکی درنەکردوو بڵی بڕیارەکە نا یاساییە؟
له كۆتایی راگەیەندراوەکەدا سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت:”دهمانهوێت ڕاى بگهیهنین كه دۆخى ههرێمى كوردستان به جۆرێكه كه ئیتر كوردستانیان له پهرلهمانى قبوڵ ناكهن، كه پرسە گرنگەکان نهكاته بهرنامهى كارى دانیشتنهكانى پەرلەمان، بۆیه پێمان وایه بابهتى ناكۆكى و یهكلایی كردنهوهى سیفهتى ئیلزامى بڕیارى ژماره (4) ى ساڵى 2020 و ههڵوهشاندنهوهكهى دهبێت به ڕێكارى یاسایی و ئیجرائى خۆیدا بڕوات و چیتر پهرلهمان و سهرۆكى پهرلهمان بهم بابهتهوه سهرقاڵ نهكرێت” ئیمەش لەم بەشەدا تەواو هاوڕای سەرۆکی پەرلەمانین کە دەبێت پەرلەمان سەرقاڵی پرسەکان خەڵک بێت، بەڵام لامان پرسیارە کێ پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمانی بە پرسی بچوکەوە سەرقاڵ کردووە؟ ئایە کێ فشاری لە سەرۆکی پەرلەمان کرد رۆژی (6/4/2020) وەڵامی نوسراوی دادگای بداتەوە و ڕێکارەکانی دانیشتنی هەڵگرتنی پارێزبەندی دەست پێبکات؟ کێ سەرۆکی پەرلەمانی ناچارکرد ئەمڕۆ قسە لەسەر بڕینی (21%) مووچە نەکرێت؟ کێ سەرۆکی پەرلەمانی ناچار کردووە لە ماوەی (10) مانگی رابردوودا دانیشتنێک لەسەر ئەو ئابڕووچوونەی لە دەروازە سنوریەکان هەیە ساز نەکەن؟
ئەو کارانەی سەرۆکی پەرلەمانی دەڵێت پێوەی سەرقاڵ دەبین ویستی هەموو خەڵکە و ئێمەش خوازیارین شکۆ بۆ پەرلەمان بگەڕێتەوە و پەرلەمان بەو پرسەکانی سەرقاڵبێت کە هێزی لەخەڵک بڕیوە، نەک پەرلەمان و رایگشتی بە پرسی بچوکەوە سەرقاڵبکەن.