سەرۆکی پەرلەمان و بەرەی حەوتی ئایار بەڵێنەکەیان دەپارێزن؟
5/30/2020 1:09:00 PM
بابان جەعفەر
هەڵسەنگاندی پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمای کارەکانی و ئەندامەکانی دەبێت، کارەکانی لە ئێستادا رووبەرڕووی رەخنەی زۆر بۆتەوە، چونکە خواستەکانی خەڵک لە دەرچوانی یاسا و چاودێریکردنی دامەزراوەکان بەدی نایەت، ویستی خەڵک لە شوێنێکە و پەرلەمان لە شوینێکی تر کار دەکات، ئەمەش تەنها پەیوەست نیە بە گرفت لە جۆرییەتی و توانای پەرلەمانتاران، بەڵکو پشکی گەورەی ئەو دۆخە پەیوەستە بە دنیا بینینی گروپە باڵا دەستەکانی ناو پارتە سیاسیەکانی کوردستان بۆ کاری پەرلەمان و شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێم، بەڵام ئەم راستیە ئەوە ناشارێتەوە کە ئەم خولەی پەرلەمان لە خولەکانی تر زیاتر گرفتاری گوتاری پۆپۆلیستی و دەبڵ مۆراڵى فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتاران بۆتەوە، جگە لە گرفتی نەشارەزایی لە کاری پەرلەمانی، کە لەم خولەدا زیاتر رەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە، ئەگەر ووردبینەوە لە هەڵویستی لایەنە ناڕازییەکانی لە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر (سۆران عومەر)، دەردەکەوێت باکۆت کردنی دانیشتنەکە هەڵبژاردەیەکی باش دیراسەکراو نەبوو، چونکە ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان و (53) پەرلەمانتارەکەی تر بەشداری دانیشتنەکەیان بکردایە، دەیانتوانی بە خاڵی پەیڕەوی ئەنجامی دانیشتنەکە بگۆڕن، چونکە لەو دانیشتنەدا هەریەک لە ماددەکانی (16) و(18)ی پەیڕەو ثێشێلکران کە تایبەتن، بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان و رێکارەکانی دانانی بەرنامەی کاری دانیشتنەکان، بەڵام بەشداری نەکردنی سەرۆک و ئەندامی (7) فراکسیۆنەکە زەمینەی سازان بۆ دەرچوانی بڕیارەکە، بەویستی یەک لایەنی سیاسی .
لە نوێترین پێشهاتیشدا لەسەر ئەو کەیسە، رۆژی (19/5/2020) پەرلەمانتار (سۆران عومەر)، داوایەکی پێشكەشی سەرۆکی پەرلەمان کردووە و داوا دەکات بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری هەڵبوەشێندرێتەوە، بەهۆی لە بەرچاو نەگرتنی مەرجی ڕواڵەتی (شکلی) لە بڕیاری ژمارە (4) لە (7/5/2020)، لەم رووەوە یاسا ناسان دوو جۆر رایان هەیە:
رای یەکەم: ( ) پێی وایە، لەسەر بنەماى ئەوەى دەستورمان نیە و دادگای دەستوریش نیە، رووبەرووى بۆشاییەکى یاسایى دەبینەوە لە پیادەکردنى چاودێرى بەسەر کاروبارى یاساکاریى پەرلەمان و تانە دان لێی، هەروەها یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێرەوی ناوخۆش هیچ جۆرە رێکارێکان دەستنیشان نەکردووە تا لە رێگەیەوە بریار بدرێت بە هەڵوىشاندنەوەى بریارەکە، سەبارەت بە ئەنجومەنى شوراى هەرێمیش، پێشتر جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەو بڕیارانەى لە پەرلەمانى کوردستان لە رێگەى دەنگدانەوە دەردەچن، دەچنە چوارچێوەى کاروبارى پەرلەمانى و ملکەچ نین بۆ چاودێرى قەزاى کارگێڕى، هەروەک بریارەکانیش ملکەچ نین بۆ تانە لێدان لەبەردەم دەسەڵاتى دادوەرى ئاسایى (القضاء العادی).
بۆیە تاکە رێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەى بریارێکى پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەى بریارەکەیە بە هەمان ئەو شێوەیەى کە بریارەکەى پێشترى پێدەرکراوە.
رای دووەم: پشت بەستە بە پێشێلی ماددەکانی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان، لە چەند ڕیکارێکی دانیشتنەکە و دەرچواندنی بریارەکە، کاتێک بەرنامەی کاری دانشتنی ژمارەی (3) لە (6/5/2020) بە واژووی دەستەی سەرۆکایەتی بڵاوکرایەوە، هیچ بڕگەیەکی سەبارەت بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانتاران تیادا نەبوو، بەڵام کاتێک بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە (4) لە (7/5/2020) راگەیەندرا، پێشلی بڕگەی یەک لە ماددەی (16)ی ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان و پێشلی برگەی یەکەم و دووەم لە ماددەی (47)ی سیستمی کاری پەرلەمانی کوردستان کرابوو، دواتر(جێگری سەرۆکی پەرلەمان)، بڕیاری ژمارە (4)ی لە (7/5/2020) واژووکرد، ئەمەش پێشێلێکی تر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمانە، کە لە ماددەی (18) ی پەیڕەوی ناوخۆدا بە چواردە خاڵ رێکخراوە و نوێنەرایەتیکردنی پەرلەمان و قسەکردن بە ناوییەوە یەکەم دەسەڵاتییەتی، کەواتە لایەنگرانی ئەم رایە، پێیان وایە ئەرکی سەرۆکی پەرلەمانە وەک جێبەجێکاری یاسا و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان، بڕیاری ژمارە (4) هەڵوەشێنێتەوە.
ئێستا سەرۆکی پەرلەمان، بەهۆی بەکارنەهێنانی دەسەڵاتەکانی لەکاتی خۆی و هەڵبژاردنی بێدەنگی، کەوتۆتە بەردەم دوو رێگە، یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی بریارەکە، بە یەکێک لەو شێوازانەی پێشنیارکراون. دووەم: شکاندنی بەڵێنەکەی بۆ گێرانەوەی شکۆ بۆ پەرلەمان و دەستکردنەوە بە دانیشتنەکانی پەرلەمان بەبێ نیشاندنی هەڵویست لەسەر پێشلکردنی دەسەڵاتەکانی و پەیڕەوی ناوخۆ، ئێستا پرسیار ئەوەی پێشبنی بکەین کام ڕێگە دەگرێتە بەر؟ ئاماژەکان پێمان دەڵێن پێناچێت سەرۆکی پەرلەمان سووربێت لەسەر بەدێهێنانی بەڵینەکەی، چونکە دوای وتارەکەی سەرۆکی حکومەت، دەربارەی بوونی (27) ملیار دۆلار قەرز لەسەر حکومەت، سەرۆکی پەرلەمان لەسەر لایەنی یاسایی قەرزەکان وتارێکی بڵاوکردەوە و لە بڕگەی کۆتایدا رایگەیاند:” تەنها ڕێگەش بۆ بەرقەراربوونی زەمینەی کاری هاوبەش، شەفاف کردنی کۆی دۆسیەکەیە بە ووردەکاریەکانیەوە، کە بێگومان دوای جەژن ئەبێت هەمووان پێکەوە کاری لەسەر بکەین”، دواتر لە (27)ی مانگ، واتە دوو رۆژ دوای وتارەی سەرۆکی پەرلەمان، (19) پەرلەمانتاری بەرەی حەوتی ئایاربەبێ فراکسیۆنەکانی (یەکێتی و گۆران)، یاداشتێکیتان واژووکردو بە پێی ماددەی (66) داوای ئامادەبوونی هەریەک لە (سەرۆکی و جێگری حکومەت و وەزیری دارایی) یان کرد، بەبێ ئەوەی پرسیار دابنێن لەسەر ئەنجامی هەڵویستی پێشوویان لەبارەی پێشلی پەیڕەوی ناوخۆ لە دانیشتی (7/5/2020)، کەواتە هەم سەرۆکی پەرلەمان نیازی هەیە بۆ لەبیرکردنی بەڵێنەکەی، هەم بەرەی بایکۆتیش خوازیاری دەستکردنەوەن بەدانیشتنەکانی پەرلەمان بە بەهانەی گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی قەرزەکانی سەر حکومەت، ئەمەش واتا بەردەوام بوونی کارەکانی پەرلەمان بە هەمان شێوازی رابردوو، کە کەس خۆزگەی بۆ ناخوازێت و خۆشیان بەردەوام گلەیی لێدەکەن .