427وتار

کۆرۆنا و کایەکانی زانست و ئایین و ئەخلاق

3/4/2020 7:43:00 PM
د.ئه‌نوه‌ر فه‌ره‌ج

زانست و کۆرۆنا
کاری ناسین و خۆپاراستن و چارەسەری ڤایرۆسەکە کاری کایەی زانستە، هەرکەس خۆی لەو راستیە دوور بگرێت لە وەهمدا دەژی، خۆی و خەڵکیش تووشی هەڵە دەکات. بێگومان هەردوو کایەی ئایین و ئەخلاقیش لێرەدا پشتیوانی کایەی زانستن و بە رێنماییەکانیان مرۆڤ ئاراستە دەکەن کە زانستیانە کار بکات، واتە ئەخلاقیبوون و ئاینداری لەم ئاستەدا بریتیە لە پابەندبوون بە رێنمایی زانستەوە.

ئایین و کۆرۆنا
کاری بەهێزکردنی لایەنی دەروونی و باوەڕبوون بە پێویستی پاراستنی جەستەو رۆح وەک ئەرکێکی ئایینی و پاراستنیان وەک ئەمانەتێکی پیرۆزی خودایی، باوەڕبوون بە حەتمیەتی گەڕان بۆ چارەسەرو دڵنیابوون لە هەبوونی چارەسەر، رۆڵی دوعاو پەیوەستبوون بە خوداو دڵنیابوون لە دەسەڵات و بەزەیی و حیکمەتی خودا ئەو هێزە دەروونی و ئەقڵیە گەورەیەن کە ئایین دەیبەخشێت بە مرۆڤ بۆ بەرەنگاربوونەوەیەکی بەهێزی کۆرۆناو هەر ناخۆشی و نەخۆشیەک بەگشتی. لێرەدا زانستی ئەزموونی و دەروونناسی بە توێژینەوە ئەم راستیانە دەسەلمێنن.

ئەخلاق و کۆرۆنا
مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە، ژیانی پێکەوەیی شناسی مرۆڤبوونمانە، بۆ رێکخستنی پەیوەندیەکانمان لە چوارچێوەی ئەرک و مافی بنەڕەتی و یەکسانی مرۆڤبوونمان پێویستمان بە ئەخلاقە، مامەڵەی ئەخلاقی دەتوانێت سنوورەکانی خۆپەرستی و چاوچنۆکی لە مرۆڤدۆستی و ئەواندۆستی جیادەکاتەوە، بە کورتی رێسای زێڕینی ئەخلاق رێنماییمان دەکات کە چیمان بۆ خۆمان پێخۆشە ئەوەشمان بۆ ئەوانیتر بوێت، چیمان بۆ خۆمان پێناخۆشە بۆ ئەوانیترمان نەوێت. لێرەدا ئەخلاق هاوئاهەنگ و سازە لەگەڵ هەردوو کایەی زانست و ئاییندا، بەڵکو یەکتر تەواوکەرن.

پوختە
بۆ پیادەکردنی ژیانێکی مرۆڤانەی دروست لە چوارچێوەی هەمەرەنگی و فرەیی و جیاوازیەکانی کۆمەڵگادا، پێویستمان بە هەر سێ کایەی زانست و ئایین و ئەخلاق هەیە، چەند هەڵەیە بەناوی ئایین و ئەخلاقەوە روو لە خورافە بکەین و زانست ژێرپێبخەین، ئەوەندەش هەڵەیە بەناوی زانستیبوونەوە رۆڵ و کاریگەری هەردوو کایەی ئایین و ئەخلاق فەرامۆش بکەین لەسەر دەروون و ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ.

بەداخەوە
وەک هەر بابەت و پێشهاتەکان تر، لە کۆمەڵگای ئێمەدا، لەبری چاوخستنە سەر خودی بابەتەکە و مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجام و پێشهاتەکان، چاومان لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانیەتی لە رێگەی یەکلاکردنەوەی بابەتی دەروونی و ئایدیۆلۆژی و کۆنەقینی خۆمان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن