1157وتار

دژ بە دیدی نادیالێکتیک-بوونی بوونی کوردیی

12/14/2019 10:00:00 AM
هاوار بەرزنجى

دەسپێک

١
پرسی سەرەکیی ئەم تێکستە، وەستانە لەسەر کۆمەڵێک چەمکی نێو دونیای فەلسەفە و، لەوێشەوە، پەلکێشانیانە بۆ خوێندنەوەی بوونی کوردیی. لێرەوە دەیەوێت هیگڵ بهێنیتە نێو دونیای شەرق و، بوونی کوردی پێ بخوێنێتەوە. تێکستەکە دەیەوێت بوونێکی دیالێکتیکییانە بە بوونی کوردیی ببەخشێت، وە دژ بەو دیدە بووەستێتەوە کە بوونی کوردی پێ نادیالێکتیکییە! لەوێشەوە، پەلدەهاوێژێت بۆ پەیوەندی نێوان کورد و شۆڕش، کورد و شاخ. شاخ وەکو پەیوەندی ڤێرتیکاڵ. کورد-بوون، پێش سیاسەتکردن، بینیی کورد، وەکو کێشەیەکی فەلسەفیی. کورد وەکو بوونێک کە قەدەری هەبوونی بەرکەوتووە، هاوشێوەی مۆنادێکی لایبنیتسیی، دازاینێکی فڕێدراوی ناو مەملەکەتی شەرق. ڕۆح و خودایەک بۆ ئەم دازاینە. 
دەکرێت تێکستەکە وەکو چەند فراگمێنتێک چاوی لێ بکرێت، هاوشێوەی چەند مۆنادێکی سەربەخۆ لە ڕۆڵی بەشدا، کە لە ئاستی گشتدا، وەزیفەیەکی تریان لەسەر شانە. تێکستەکە لە سەروبەندی ئەم دۆخانەی دواییدا فۆرمەلە بووە کە بەسەر کورد و شەرق و جیهاندا تێدەرپەڕێت. کە ڕەنگە ئەمە یەکەمین ئەزموونی من بێت لەو بارەیەوە. تۆوێک لەنێو مندایە و لە سەروبەندی چەکەرەکردندایە. تۆوێک هاوشێوەی مۆنادێکی مەملەکەتی خودای ناو مۆنادۆلۆژیا. ئایا ئەم مۆنادە پەلدەکێشێت بۆ تاکی ئاکاریی کانتیی و، لەوێوە بۆ تاکی نێو نەتەوەی فیختە و هیگڵ؟ جارێ خۆیشم نازانم و، دەبێت چاوەڕوانی ئەو کوونەپەپووە بم کە لە کۆتایی و تاریکایی شەودا دەدات لە شەققەی باڵ.
من هەمیشە لە باسکردن و نوسین لەسەر مەسەلەی کوردبوون خۆمم پاراستووە و بە دەگمەن نەبێت، قسەم لەبارەوە نەکردووە. ئەمە جگەلەوەی کە ئەگەر قسەیەکیش هەبووبێت، لای دۆست و هاوڕێکانم بووە و، زیاتر گفتوگۆیەکی “ژێرلێویی” و مەحرەمانە بووە. سەرباری ئەوەی کە من زۆرجار خۆم لە وەستان لە پەراوێزەکاندا بەدوور گرتووە و، لەو ناوچانەدا خۆم قەتیس ناکەم. لێرەدا ئەوەیم مەبەستە، بە چڕتڕ، کورتتر دای دەڕێژمەوە. پرۆژەی وەستان لەسەر مەسەلەیەکی وەکو کوردبوون پرۆژەی داهاتووی ژیانی منە، پڕۆژەیەک دوور، بەڵام حەتمیی؛ چونکە ئەوەی ئێستا بۆمن گرنگە مەسەلەی تری فەلسەفیی و زانستیین کە کاتی خۆمم بۆ تەرخان کردوون.

دیالێکتیک و بوونی کوردیی

٢
گرنگترین کڵاوڕۆژنەیەک کە بمەوێت لەڕێیەوە بڕۆمە ناو باسەکەوە. دیالێکتیکە. وە من لێرەوە، دەست دەکەم بەو گەشتەی کە بڕیارە بوونی کوردی پێ بخوێنمەوە. گرنگترین خاڵێک کە دەبێت لەڕێیەوە دەست پێ بکەین، ئەوەیە کە بزانین “کۆیلەی هیگڵیی کۆیلەیەکی نێگەتیڤ نییە!”. هەرکەس سەروکاری لەگەڵ فەلسەفەی هیگڵدا هەبووبێت، دەزانێت کە کۆیلەی هیگڵیی، دوو خەسڵەتی زۆر گرنگی تێدایە:
١. پاسیڤ نییە
٢. نێگەتیڤ نییە، بەو مانایەی کۆیلەبوون “عەیب و عار” بێت.
کۆیلە-بوون(Knecht) و سەیید-بوون(Herr) بۆ هیگڵ، زیاتر دوو چەمکی دیالێکتیکیین تا دوو مرۆڤ. بیرمان نەچێت، ئێمە لە فینۆمینۆلۆژیادا زیاتر لە هەرێمی ئاگاییداین و هێشتا پێمان نەناوەتە نێو مێژووەوە.

٣
ئەگەر بوونی کورد لە سەیروورە و مەنزوومە دیالێکتیکییەکەدا جێی نەبێتەوە، کەواتە دەرە دیالێکتیکە. واتە هیگڵ لێرەدا شتێکی ئەوتۆ یارمەتییمان نادات. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، داخۆ وایە؟ هەر بەراستی دیالێکتیکی هیگڵیی هیچ شتێکی بۆ کورد پێ نییە؟ تۆ بڵێیت شتێک لە بوونی کوردییدا نەبێت، کە بتوانرێت وەکو تێز وەربگیرێت و، پاشان ئەنتی تێزی بۆ دروست ببێت؟!
بەڕای من خاڵی گرنگ و جەوهەریی پەلکێشانی بوونی کوردە بۆ نێو دیالێکتیک. هەرکە بوونی کورد، بوو بە بوونێکی دیالێکتیکیی، ئیتر دەرگیربوون لەگەڵیدا ئاسان دەبێت. بەڵام کێشەکە هەر ئەمە نییە، کورد بوونێکی سەییدانەی نەبووە، هەتا دیالێکتیکییانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. وە لە بەرامبەریشدا، نەیویستووە کۆیلەی هیچ سەردارێک بێت. بەڵام ئایا نەویستنی دۆخی کۆیلەبوون مانای وایە ئەو بوونە ئیتر بوونێکی کۆیلە ئاسا نییە؟! بۆ مەگەر هیچ کۆیلەیەک بە ویستی خۆی کۆیلایەتیی و ژێردەستەیی هەڵدەبژێرت؟!

٤
بەڵام ڕەنگە مێژوو شتێکی ترمان پێ بڵێت لە چاوی ئەوانی ترەوە. بیرمان نەچێت، بۆ یەکەمینجار لەڕێی هیگڵەوە، بوونی ئەوانی تر(the others) جێگای بایەخ پێدان دەبێت. ڕەنگە ئێمە لە چاوی ئەوانی ترەوە، مامەڵەیەکی کۆیلە ئاسامان لەگەڵدا کرابێت. بوونێک کە لە ساتێک لە ساتەکانی مێژوو، ئازادییەکەی بەزۆر لێوەرگیراوە و کراوە بە کۆیلە، بۆیە دەبێت کارێک بکات، ئەم ئازادییە سروشتییە زەوتکراوە بەدەست بھێنێتەوە. خاڵی چوونە نێو دیالێکتیک، لێرەوەیەوە، کۆیلەیەک کە دەیەوێت ئازادی زەوتکراوی خۆی بەدەست بھێنێتەوە بەبێ ئەوەی بیەوێت بوونی ئەوانی تر بسڕێتەوە.
ئەلێکساندر کۆژێڤ، لە شەرحی کۆیلە و سەرداری هیگڵدا، باس لەو ئومێدە دەکات کە هیگڵ لەسەر کۆیلەی هەڵدەچنێت. کۆیلە دەرگیری پلەیەکی لەگەڵ ئۆبژەدا هەیە و، تێکشێنەری سفت و سەختییەکانی سروشتە. کۆیلەی هیگڵیی، بە کۆیلەیی لە دایک نابێت، ساتێکی نێو مێژووی ئاگاییە کە کردوویەتی بە کۆیلە. ئەو کۆیلەیەکی موتڵەق نییە و، لە ناخی هەر کۆیلەیەکی هیگڵییدا، سەردارێک خەوتووە.

٥
لەپێناو مۆنادێکی کوردیی. دیالێکتیکێک ئەم مۆنادە هەڵکشێنێت بەرەو لوتکە. بەرەو ئەو بوونەی ببات، کە دەبێت هەبێت. هەرکاتێک مۆنادی کوردیی، ڕێی کەوتە نێو گۆڕەپانی نەفییەوە، ئەوکات باس کردن لە تاکی ئەخلاقیی و بوونی نەتەوەیی دێتە ئاراوە.
بانگەشەی ئەوەی کە کورد بوونێکی دەرە سیستەمیانەی هەیە، هێندەی کێشەکە گەورەتر دەکات، چارەسەر نییە. دەبێت لەناو مێژوودا، ساتێکی مێژوویی هەبێت کە بتوانێت کورد بخاتە نێو سیستەمەوە، بانگەشەی دەرە-سیستەم-بوون دادی بوونی کوردیی نادات!

لەبارەی شۆڕش و جەنگەوە

٦
دەبێت شۆڕش بە ئاکچواڵبوونی ئەوە بێت کە عەقڵ ئایدیاڵی بۆ کردووە، شۆڕشیش بەپۆتێنشاڵیتە ئازادیی لە خۆیدا هەڵبگرتێت. ئازادیی و شۆڕش دووانەیەکی لێکدانەبڕاون، عەقڵیش حاکمی هەردووکیان. خاڵێک کە لە بەهاری شەرقییدا بوونی نییە، نەبوونی ڕۆحێکی نەفییکەرە پۆتێنشاڵی ئازادیی لەخۆیدا هەڵگرتبێت. ئەوەی لێرەدا غائیبە، نەبوونی دیالێکتیکە، دیالێکتیک بەو مانایەی ئەوانەی دواتر کە دێن، دەوڵەمەندبن بە هەموو هەنگاوەکانی پێشوو. ئەو ڕۆحەی لێرەدا خۆی مانیفێست دەکات، خەمی ئازادیی نییە. شکۆی شەرقیی، شکۆی عەقڵ و لۆجیک نییە، شکۆی ڕۆحێکی سەرگەردانە، بە تەمەنی خۆی، ڕۆژێک ڕێی نەکەوتووە ناو نیشتمانی ئازادییەوە.
ڕۆژهەڵات ڕۆحێکی نییە بەسەر پشتی ئەسپەوە بێت و، مژدەی هاتنی دونیایەکی نوێی پێ بدات. رۆحی شەرقیی، ڕۆحێکە خەفەکراو، ڕۆحێکە توانای بەرزکردنەوەی هیچ شتێکی نییە، ناتوانێت هیچ شتێک لە خۆیدا هەڵبگرێت. ئایینەکانی ڕۆژهەڵات، ڕۆحیان لە خۆیاندا حەپس کردووە و ناهێڵن پێ بێنێتە نێو مەیدانی فەلسەفەوە. دەبێت ڕۆح تەراتێن بکات. دەبێت هیگڵ بۆ شەرق بهێنینەوە. ئەو دەبێت لێرە و لە ئێستادا بێت.

٧
هەموو ئەمانە تێدەپەڕن. شەو هەرچەند تاریک بێت، ڕۆژێک هەر لە ڕۆژاڤاوە هەڵدێت. ئەمانە دۆخی ڕاگوزرەن. گرنگ ئاکتی دوای ئەمەیە. لایەنی باشی ئەم دۆخە ئەوەیە، کە شڵەژێنەری ڕۆحی کوردییە،  جەنگ وەکو داینەمۆ و سێنتێز، یەکخەری ئاه و ناڵەی بوونێکە، بە نێوی کورد. ڕۆحی تاکی نەتەوەکان لەڕێی جەنگەوە بێدار دەبێتەوە. ڕەنگە لە مێژوودا، هیچ کاتێک تاکی کوردیی، بەئەندازەی ئەمجارە، ئاوا یەک هەڵوێست و یەک ئاگا نەبووە بەرامبەر تاکی پارچەکانی تر. 

٨
کێشەی کورد، خودی خۆیەتی، مۆنادی کوردیی پێویستی بە دەستکاریی هەیە. کێشەکە لەنێو مۆنادەکەدایە، نەک شوێنێکی تر. ئەگەر مۆنادەکە وەکو پۆتێنشاڵی ئەوەی کە دواتر دێت و دەبێت بە ئاکچواڵ، تۆوی ئازادیی هەڵگرتبێت، دیالێکتیکی جوزء و کول ببێت بە وەحدەتێکی ئاکاریی بوونی نەتەوەیی، ئیتر کارتێکەریی دەرەکیی ڕۆڵی نابێت. ئەوانی تر، جوگرافیا و، دۆخی ئابووریی، هۆکاری دووەمن، لاوەکیین. ئەگەر بوونێک، لە جەوهەرییدا، ئازادیی هەڵنەگرتبێت، خەمێکی قووڵی نەتەوەیی تێدا نەبێت، ئەوانەشی هەبێت، نایکات و نایگەیەنێت بە هیچ. دەبێت کوردبوون لە دۆخی بەزەیی-پێدا-هاتنەوەدا بهێنرێتە دەرەوە و، بیهێنرێتە ژێر ڕکێفی بیرکردنەوەیەکی عەقڵانییەوە. بەزەیی پێدا هاتنەوە، دادی سەیروورەی کوردیی نادات. نەتەوە لەسەر بنەمای سۆزداریی دروست نابێت، سۆز و گرێبەستی سۆزداریی ئاکتی دووەمە؛ پێشمەرج نییە، دەرەنجامە. دەبێت گریانەکان ڕابگیرێن، فرمێسکەکان بخورێنەوە. لەباتی گریان، بیرکردنەوە، لەباتی فرمێسک ڕشتن، ئاکتی عەقڵانیی.

پەیوەندی کورد و چیا
٩
ڕامیار مەحمود لە کۆپلە شیعرێکی نوێیدا، بە ناوی “شەڕڤان”ەوە دەنووسێت:

دەریا تەختە
باشتر هەر نەمان بوو
شاخەکان فێریان کردین بە شاقوڵی بژین
ئەمە وای کرد ماوەیەکی زۆر ئاگاداری
داگیرکردنی ئاسۆیی زەوی نەبین...

ئەم شیعرە بۆمن زۆر گرنگە بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان شاخ و بوونی کورد. دیالێکتیکی شاخ و کورد، شایەن بەوەیە لێکۆڵینەوەی گرنگی لەسەر بکرێت. ڕەنگە هۆکاری ئەوەی کورد زۆرجار دەرە-دیالێکتیک بووە، هەر ئەم شاقووڵیی-بوونەی بووبێت. لە کاتێکدا دیالێکتیک زیاتر پێویستی بە پەیوەندیی ئاسۆییانە هەیە و، دەبێت ڕووداوەکان لەنێو هێڵێکی ئاسۆییدا ڕوو بدەن. ئاوفهێبوونگی(Aufhebung) هیگڵیی پێ ئاکتە پێکەوە، سێ ئاکتی یەک لەدوای یەک(نەفیکردن، پاراستن، بەرزکردنەوە). نەفیکردن و پاراستن دوو ئاکتی ئاسۆیی دیالێکتیکیین، ئاکتی سێیەم دەبێت بە بەرزکردنەوە کە تەنها ئەمیان شاقووڵییە و، بەبێ ئەو دووانەی پێشتر بەرزکردنەوە هیچ مانایەکی نامێنێت.
واز لە شاخەکان بهێنن، شاخەکان بۆ دۆخی سەرەتایی مرۆڤەکان، شاخەکان هیچیان بۆ ئێمە پێ ناکرێت، ئەگەر نەبن بە مەیدانی تەجەللای ڕۆحی کوردیی. دەبێت سروشت بفەلسەفێنرێت، عەقڵ سروشت بەڕێوە ببات؛ سروشتی سفت و سەخت، هیچ شتێکی بۆ بوونی کوردیی پێ ناکرێت.

لەبری کۆتایی

١٠
دەکرێت ڕۆحی یارسانەکان، بکرێتە دەسکەلایەکی تری ئەو گایستە هیگڵییەی کە قەرارە کوردی پێ بخوێنرێتەوە. ئەگەر هیگڵ ڕەخنەی ڕۆحی شەرقی دەکات، چونکە هیچ تەکامول و بەرەو پێشچوونێکی تێدا نییە، مانای ئەوەیە، هیگڵ ئاگاداری ئەو ڕۆحە نییە کە لای یارسانەکە و، لە کۆتاییدا دەگات بە دوا قۆناغی تەواکۆیی خۆی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن