412وتار

ھەنگاوی یەکەم؛ گۆڕینی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیرانە

1/24/2019 5:56:00 PM
د.رعد رفعە محەمەد


ئەوەی جێی سەرنجە، دوای پێکھێنان و تەواوبوونی کابینەی ھەشتەمی بنکە فراوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا دوای تێپەڕبوونی (١٠٠) رۆژ لە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وچەندین گێمی گفتوگۆی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم، نابیستین و نابینین کەس باسی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیران بکات نە بەچاک و نە بەخراپ -. لەکاتێکدا کە پێویست بوو حزبەکان – بەتایبەت حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات- پێش بەشداریکردنیان لە حکومەت مەرجی گۆڕینی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیرانیان ھەبوایە، چونکە ئەنجومەنی وەزیران ئامرازی سەرەکی جێبەجێکردنی بەڵێن وپرۆژەی حزبەکانە.


رەنگە پرسیارێکی جدیی لێرە بێتە پێش ئەویش پێداچوونەوەو ھەموارکردنەوەی پەیڕەوەکە بۆچی پێویستە؟! لێرەدا ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بۆ ئەم پێویستیە دەخەینەڕوو:
ئەم پەیڕەوەی ئێستا کاری پێدەکەن لە ساڵی ٢٠٠٦ نوسراوەتەوە، کە دەکاتە نزیکەی سێزدە ساڵ لەمەوبەر، دیارە لەو ماوەیەش گۆڕانکاری گەورەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە کوردستان روویداوەو بەڵکو ناوچەکەش و جیھانیش بێ بەش نەبوونە لەم گۆڕانکاریانە.

 

ئەم پەیڕەوە لە سەردەمی دوو ئیدارەیی زەقی یەکێتی و پارتی نوسراوەتەوەك کە بێگومان حکومەتی کابینەی ھەشتەم ھەرچەندە ھێشتا ھۆکارو ئاسەوارو بەرھەمەکانی ئەو دوو ئیدارەییەی پێوەدیارە، بەڵام تا رادەیەکی زۆر جودایە لە حکومەتەکانی پێشخۆی. دوو ئیدارەیی لە پەیڕەوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران زۆر بەزەقی دیاردەکەوێت لە ماددەی (٢٣) کە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی رادەسپێرێ بە دەرکردنی رێنمایی بۆ کارئاسانی جێبەجێکردنی پەیڕەوەکە.


ئەم پەیڕەوە زۆر بە لاستیکی و مەتاتی بەرپرسیارێتی و ماف و ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆک و جێگری سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی دیاریکردوە ھەروەکو لە ماددەکانی (٢-٦) بە روونی دیارە، کەچی زۆر بە تێروتەسەل و بەدرێژی باسی فەرمانگەو بەشە لاوەکیەکانی ھەیکەلی ئیداری ئەنجومەنی وەزیرانی کرد،وە ھەروەکو لە ماددەکانی (٨-١٨) دیارە.


بۆیە دەبێ حزبەکان پێداگیری لە گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران بکەن وھەستابان بە نوسینەوەی پەیڕەوێکی نوێ بگونجێت لەگەڵ قۆناغی ئێستای کوردستان و پرۆسەی چاکسازی ریشەیی و بەڵێن و گفتەکانی ھەڵبژاردنی حزبەکان. ئەگەر بەراوردێک بکەین دەبینین کوتلە عەرەبە سوننەکانی عێراق زۆر وریاترو وردترو دووربینترو خاوەن پڕۆژەی چاکسازی باشتر بوون –لەم رووەوە- لە ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان، چونکە ئەوان پێداگیریەکی سەرسەختیان کرد لە نوسینەوەی پەیڕەوێکی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، کە ئەجێنداو داواکاریەکانیان تێدا جێبەجێ بکرێت و بەشداری حکومەتەکەی عەبادیان نەکرد تاوەکو تەواو دڵنیاکرانەوە لە جێبەجێکردنی داواکانیان.


دواجار ھێشتا کاتەکە زۆر درەنگ نیە بۆ گۆڕینی ئەم پەیڕەوی ئێستاو نوسینەوەی پەیڕەوێکی نوێ کە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆبگرێت:
یەکەم: پێویستە ناوی پەیڕەوەکە لە (پەیڕەوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران) بگۆڕدرێت بۆ (پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران)، ئەمەش لەبەرئەوەی پەیڕەوەکە تەنھا بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران نانوسرێتەوە، بەڵکو گشت ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران دەگرێتەوە کە بریتین لە وەزیرەکان.


دووەم: بەرپرسیارێتی و ماف و ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆک و جێگری سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕوونی و راشکاوانە دیاری بکرێت و ئەوە روونبکرێتەوە کە ئایا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵات لەئەنجومەن وەردەگرێت یان بەپێچەوانەوە؟


سێیەم: دیاریکردنی نیسابی کۆبوونەوەکان و رێژەی ئامادەبووان وکۆبوونەوەی ئاسایی و نائاسایی و دەسەڵاتی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ داواکردنی کۆبوونەوەی نائاسایی و نەھێشتنەوەی ئەم بابەتانە بۆ عورف و ئارەزووی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وسەرۆکی دیوان.


چوارەم: دیاریکردنی مافی دەنگدان و روونکردنەوەی ھێزی دەنگدانی ئەنجومەن، واتە دەنگدان تەنھا بە زۆرینەیە یان تەوافقی حزبی رۆڵی ھەیە لە پرۆسەی دەنگدان لەکاتی یەکلاییکردنەوەی پرسە نیشتمانی و بابەتە ستراتیژیەکان. ئەوە زۆر بەڕوونی دیارە لە بڕگەی سێیەمی ماددەی (٧)ی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی ساڵی ٢٠١٤ کە پرسە ستراتیژیەکانی بەندکردوە بەدەنگی سێ لەسەر پێنجی ئامادەبووانی ئەنجومەن.


پێنجەم: راسپاردەی لیژنەکانی ئەنجومەنی وەزیران پێویستی بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت ھەیە بۆ پەسەندکردنی؟ یان تەنھا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە بڕیاری پەسەندکردنی بۆ دەرکات. ئەم پرسە بە ماددەی (١٢) و(١٣) پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق زۆر بەڕوونی چارەکراوە.


شەشەم: دیاریکردنی ژمارەو رێژەو پێداویستی و مەرجەکانی راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی ئەنجومەنی وەزیران، لە رابردوو و ئێستا دیاری نەکردنی ئەمانە بۆ دڵ رازیکردنی خەڵکانێکی زۆری حزبەکانە بەناوی راوێژکار، کە بۆتە مایەی بێکاری دەمامکدار لەناو دووەم بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەھەرێمی کوردستان کە بێگومان ئەمەش ناشرینترین جۆری گەندەڵی کارگێڕی و داراییە.
حەوتەم: پێویستە ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتی دەوری – وەرزی یان شەش مانگ جارێک- پێشکەش بکات لەگشت بوارەکان، ئەمەش بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ھاوڵاتیانی کوردستان ئاگاداری کارو چالاکی حکومەت ببن لەلایەک، لەلایەکی دیکە ئاگاداری کێشەو گرفتەکانی بن و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.


لە کۆتاییدا، دەکرێت لایەنەکان بۆ نووسینەوەی پەیڕەوی نوێی ئەنجومەنی وەزیران سود وەربگرن لە وڵاتانی پێشکەوتوو یاخود ئەو وڵاتانەی کە لەڕووی ئەزموونی حوکمڕانی لەئێمەوە نزیکن، چونکە ھەبوونی پەیِڕەوێکی باش یارمەتیدەری بە دامەزراوەیی کردنی حکومەت و پرۆسەی چاکسازی دەدات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن