وتار

كازمی؛ ئاڵنگاری، هێزی، سیناریۆكانی چارەنوسی

8/1/2020 5:41:00 PM 50 جار خوێندراوەتەوە
د.رعد رفعە محەمەد



كازمی وێنەیەكی لی كوان یۆ، یەكەم سەرۆك وەزیرانی سەنگافورەی لە ژورەكەی خۆی داناوە؛ ئەمەش نیشانەی سەرسامیەتی بەوكەسایەتیە ونیازی شوێنپێ هەڵگرتنی پرۆسەی چاكسازیە لەو كەسە. لەدور مەوداش، هەوڵی بەسەنگافورەپێكردنی عێراقە لە پێشكەوتن وخۆشگوزەرانی نەك دوبارەكردنەوەی نمونەی لوبنانی پەرتەوازە وكۆنتڕۆڵكراو لەلایەن ملیشیاكانەوە.
لە ئێستادا كازمی ستراتیژیەتی چاكسازی نەك شۆرش پەیڕەو دەكات. هەروەها سیاسەتی هاوسەنگی نێوان هێزەكان بەكاردێنێ.
نەرمی لە گۆڕانكاری وقۆناغ بەقۆناغ پەیڕەو دەكات تا ئەوكاتەی پایەكانی سوپا و هەواڵگری و دژەتیرۆر ودەسەڵاتی دادوەری سەقامگیردەبن وملیشیاكان لاواز دەكات لەرووی ئابوری وسەربازی وپێگەی جەماوەری. (گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمریكی، ریناد مەنسور).

ئالانگاریەكانی بەردەم كازمی:
1- چەكی دەستی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران كە ژمارەیان بە وردی نەزانراوە بەڵام نزیك (45000) چەكدارە.
2- پشكپشكێنەی تایفی وحزبی.
3- ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاكوبێگەردی پێشوەخت ودور لە دەستێوەردانی حزب وملیشیاكان.
4- ئاشكراكردن ودادگایی كردنی بكوژانی خۆپیشاندەران.
5- دۆزینەوە وئازادكردنی خۆپیشاندەرە رفێنراوەكان.
6- كۆڕۆنا ولێكەوتە ئابوریەكانی.
7- جەنگی داعش.
8- دژایەتیكردنی حزب ومیلیشیاكانی حزبولڵای غێراقی ومالكی وقەیس خەزعەلی وفالح فەیاز بۆ كازمی.
9- گومانی خۆپیشاندەران بە بەڵێنەكانی كازمی.
10- مافیاكانی وەزارەتەكان كە دەسەڵات وپێگەیان هەیە وحزبەكان پاڵپشتیانن.
11- دژایەتی كردنی گەندەڵی وگەندەڵكاران.
12- كازمی 2 تاقیكردنەوەی شكستخواردوی هەیە بۆ سەروەربونی یاسا وبونی چەك تەنها لە دەست دەوڵەت، ئەویش:
- گرتنی ملیشیاكانی سەئروالله لە بەسڕە كاتێك تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردو دواتر ئازادی كردن.
- گرتنی 14 چەكدار كاتێك موشەكی كاتیوشایان لەدەستگیرابوو، بەڵام كازمی 13 كەسیانی ئازاد كرد.
13- كات لە قازانجی كازمی نیە؛ چونكە لەلایەك حزب وملیشیا چەكدارەكان چیتر چاوەڕێی كردارەكانی كازمی ناكەن وبەپێچەوانە، لەوانیە پەرچەكردار وپیلانیگێری لێ ئەنجامدەن. لەلایەكی تریش، خۆپیشاندەران ئۆقرەیان نامێنێت كە چاكسازی گەورە وریشەیی وبەرچاو نەبینن ولە ئەنجامدا ئەوانیش هەڵدەگەڕێنەوە دژی كازمی.

فاكتەرە بەهێزەكانی كازمی:
1- پشتگیری ئەمریكا وبەریتانیا وسعودیە وئیمارات وتارادەیەكیش توركیا وقەتەر.
2- پشتیوانی سەرۆك كۆمار وعەبادی وعەلاوی وحەكیم.
3- پشتیوانی سیستانی.
4- هەبونی ناكۆكی لە نێوان گروپە چەكدارەكانی ملیشیا شیعەكان، بەجۆریك هەندێكیان راستەوخۆ فەرمان لە سیستانی وەردەگرن بۆ پشتیوانی كازمی.
5- پشتگیری زۆرێكی شەقام لە چاكسازیەكانی كازمی وزۆر فشار نەخستنە سەری.
6- بێ لایەنی ودوودڵی سەدر لە دژایەتیكردنی كازمی.
7- لاوازبونی دبلۆماسی وئابوری ئێران.
8- هێوربونەوەی گرژیەكانی نێوان ئەمریكا وئێران ئەگەر بەبڕێكی كەمیش بێت.

سیناریۆكانی چارەنوسی كازمی:

یەكەم: حزب وملیشیا شیعەكان، كارتی قەیرانی ئابوری وسەقامگیری ئەمنی وخزمەتگوزاریەكانی وەك ئاو وكارەبا وكاری وەزارەتەكان قوڵتر وزەقتر دەكەنەوە وبەكاریدەهێنن دژی كازمی ولەئەنجامدا فشاری جەماوەری وپروپاگەندەی میدیایی وبزركردن وكوشتنی چاڵاكوان وخۆپیشاندەران ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی كازمی دەست لەكاربكێشێتەوە.
دووەم: ئەگەر سیناریۆیی یەكەم سەری نەگرت، فشارە جەماوەری وسیاسیەكانی سەری زیاد دەكەن ونەیارەكانی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە كوردی وسونیەكان دروست دەكەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی متمانە لە كازمی لەپەرلەمانی عێراق.
سێیەم: ئەگەر سیناریۆی یەكەم ودووەم سەری نەگرت، نەیارەكانی هەوڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی زۆر پێش وەخت دەكەن بۆ رێگاگرتن لە چاكسازیەكانی كازمی وفریای هیچ نەكەوێت.
چوارەم: ئەگەر ئەمانەی سەرەوە هیچیان سەری نەگرت، نەیارەكانی هەوڵی تیرۆر ولەناوبردنی كازمی دەدەن.
پێنجەم: دروستكردنی پشێویی وشەڕی ناوخۆیی نێوان ملیشیاكانی سەربە ئێران وهێزەكانی دەوڵەتی عێراق وسیستانی.
شەشەم: لاوازكردنی بەرەی خۆپیشاندەران وچاكسازی وكازمی لەلایەن حزب وملیشیا شیعە وكورد وسونەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی مانگی حوزەیەرانی 2021 بەچەندین شێوازی جودای وەك: تەزویر وساختە، فشارخستنە سەر دەنگدەر، كڕینی دەنگ، كاندیدكردنی پاڵێوراوی بەهێزی هۆز وعەشیرەتەكان، دروستكردنی هاوپەیمانی سیاسی پیش وپاش هەڵبژاردنەكان.
حەفتەم: ئەگەر هیچ لەم سیناریۆیانە سەری نەگرت، ئەوا كازمی بەسەركەوتویی ئامانجەكانی خۆی دەپێكێت وسەركەوتو دەبێت لە قۆناغی یەكەمی بەدامەزراوەیی كردنی دامەزراوەكانی عێراق وبنیاتنانی دەوڵەتی هاونیشتمانی ودور نیە كازمی هاوپەیمانی بكات لەگەڵ چەند كەس ولایەنێكی شیعە وكورد وسونە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی مانگی حوزەیرانی 2021.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement