فەرهاد پیرباڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە
01:02 - 20/09/2019
"زەمەن"
فەرهاد پیرباڵ، نوسەر و مامۆستای پێشووی زانکۆی سەڵاحەدین، دوای ئازداکردنی
پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لێبوردن لە
نێچیرڤان بارزانی دەکات و سوێندیش بە ڕۆژی ١٩/٩/٢٠١٩ دەخوات.
لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، فەرهاد پیرباڵ، کە
دکتۆرای لە وڵاتی فەڕەنسا تەواوکردووە و خاوەنی چەندین ڕۆمان و چیرۆک و شێعرە
نوسیویەتی "سڵاو
و وەفاداری و خۆشەویستیم بۆ هەموو لایەک. سوپاسی هەموو ئەو کەس و خۆشەویستانەم
دەکەم کە ڕۆڵیان هەبوو لە ئازاد کردنی مندا بە کەفالەت ، بە دادوەرە
بەڕێزەکانیشەوە کە بە شێوەیەکی قانونی مامەڵەیان لە گەڵ کەیسەکەم کرد، داوای لوتف
و بەخشین لە هەموو ئەو ئەزیزانەش دەکەم کە بوومە مایەی خەم و نیگەرانی بۆیان.".
فەرهاد پیرباڵ کە
چەندین کتێب و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕانی بڵاوکردووەتەوە، لەسەر سوتاندنی کتێبخانەیەک
و لەسەر سکاڵای ماڵی وەفایی دەستگیرکرا و ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە بە کەفالەت ئازادکرا.
ئەو نوسەرە لە فەیسبووک
لە درێژەی پەیامەکەیدا نوسیویەتی "لێرە دەمەوێ داوای لێبووردن لە جەنابی برای
خۆشەویست و پایەدارم کاک نێچیرڤان بارزانی بکەم هەروەها لە برای شیرینم کاک ڕەوان
بارزانی چونکە لە ماوەی ڕابردووی بێ قانونی لەهەرێم کۆنتڕۆڵی خۆمم
لە دەستدا و کۆمەڵێک قسە و ڕەفتاری نابەجێ و نا شایستەم دەربڕی بەرامبەر بە ماڵی
پیرۆزی بارزانیەکان ، کە ئەمەش پێچەوانەی ئەخلاقی بەرزی منە دوێنێش و ئەمڕۆش و تا
هەتایە ، بۆیە داوا دەکەم بە تایبەت خوشکە بەڕێزە بارزانییەکانیشم بە گەورەیی
خۆیان بمبەخشن".
ئەو مامۆستایەی پێشووی زانکۆ کە کلیپێکی گۆرانی هەیە و چەندین پێشانگای
شێوەکاری کردووەتەوە، هەروەها نوسیویەتی "لەم دۆخە تازە و ناسکەی کوردستاندا
هیوادارم هەرچی کێشە و گرفتێکم هەیەلە ڕێگای دادگا و قانوونەوە یەکلاببنەوە و ئەو
دەرگایانەی لێم داخرابوون بکرێنەوە. ئەمەش بۆیە هەموو کەس بۆی ئاشکرا بوو کە ئەم
حکومەتە نوێیەی جەنابی مەسرور بارزانی حکومەتی دادپەروەری و بەرەوچەسپاندنی قانونە
لە کوردستان،بۆیە بەڵێن دەدەم لەم ڕۆوە و قەسەم بە ڕۆژی 19/09/19 کە بە هیچ
شێوەیەک ڕەفتار و کردار و قسەی نابەجێ دووبارە نەکەمەوە بەرامبەر هیچ کەسێک
تەنانەت گەر تاوانباریش بێت چونکە قانون دەچەسپێت"