لە ساڵیادی "یەڵماز گوینای"
08:42 - 09/09/2019
کامەران سوبحان
تەمووزی ئەمساڵ، لە ژێر درەختە بەرزەکانی "گۆڕستانی پێر لەشیز" لە پاریس بەدەم خوێندنەوەی کێلی گۆڕەکانەوە، چەندین کیلۆمەترمان بڕی، ئەو پێش نیووەڕۆیە تا بێ تیشکی خۆر و گەرمای ئەو رۆژەی پاریس، بە تین تر دەبوو. بێ ئەوەی بێزاربین سووربووین لەسەر ئەوەی سەردانی گۆرەکانیان بکەین و چەپکە گوڵی پێزانینیان پێشکەش بکەین. پێشتر چەندینجار هاتبوومە پاریس و سەردانی گڵکۆی ئەو دوو مرۆڤەم نەکردبوو، کە لە ناو "کتێب و شاشەی تیڤی"یەکانەوە ساڵانێکە دەیانناسم و خۆشمدەوێن. "یەڵماز گوینای و ئەحمەد کایا".
لە پێشمانەوە د. هەردی مێد بە تیشێرتێکی زەرد، قژێکی ڕەشی پڕەوە دەڕوات و خولیایەتی زووتر، لەو گۆڕستانە گەورەیەدا، گۆڕەکەی "یەڵماز گوینای" بدۆزێتەوە. ماوەیەک ڕۆیشتین پاش هیلایەکییەکی زۆر ئەوسا دۆزیمانە.! ئاخر دۆزینەوەی گۆڕی کەسێ لەو گۆڕستانەدا وا ئاسان نییە، چونکە زیاتر لەدوو سەد ساڵە "گۆڕستانی پێر لەشیز" لە پاریسا درووستکراوەو جوگرافیایەکی زۆر گەورەی پاریسی داگیرکردووە.
لەبەردەم گۆڕی "یەڵماز گوینای"داین."د. هەردی مێد و ئەمیر محەمەد و من"هەرسێکمان بێدەنگییەکی قوڵ دایگرتووین. چەند خولەکێ لەسەر گۆرەکەی ماینەوە. بەهەمان بێدەنگیی جێمان هێشت. لەم شارەی ئێمە سەردانی گوینای"مان کرد. لە ئێوارەیەکی وەک ئەم ئێوارەدا و لە ٣٤ ساڵ لەمەوبەردا ٩-٩-١٩٨٤ پاش بەشداریکردن لە (400)فیلمی سینەمایی و دەرهێنانی(18)فیلمی بەناوبانگ و وەرگرتنی(17)خەڵاتی سینەمایی جیهانیی و بەسەربردنی نزیكەی(20)ساڵی تەمەنی، لەناو زیندانەكانی توركیادا و هەڵهاتنی بۆ پاریس، چاوەکانی داخست و مرد. لەساتی مردنییەوە، ئەم ماڵە بچوکەی لە"گۆڕستانی پێر لەشیز" لە پاریس هەیە و ساڵانە هەزاران هەواداری فیلم و سینەما سەردانی دەکەن.