کێ دژی پڕۆژە یاسای چاکسازییە؟
12:12 - 09/09/2019
ئیبراهیم عەلی
زەمەن – هەولێر
یاسای چاکسازیی له هه‌رێمی كوردستان كه یه‌كێك بوو له‌خاڵه هه‌ره گرنگه‌كانی رێکەوتنی نێوان هه‌ریه‌ك له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ. بڕیار وابوو له دوو مانگی یه‌كه‌می ده‌ستبه‌كار بوونی كابینەدا ئه‌م یاسایه بنێردرێتە پەرلەمان و تێپه‌ڕێنرێ. به‌ڵام تائێستا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی یاساكه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان نه‌كراوه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ كه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه لیژنە‌یه‌كی باڵای بۆ پێكهێنراوه تا پێداچوونه‌وه به پرۆژه یاساکه‌دا بكات.
به‌پێی زانیارییه‌كانی “زه‌مه‌ن”، پرۆژه یاسای چاکسازیی ئێستا له‌لایه‌ن لیژنە‌یه‌كی باڵاوه پێداچوونه‌وه‌ی پێدا ده‌كرێت. بەپاساوی زیانگەیاندن بە “قووتی پێشمەرگە دێرینەکان” فراکسیۆنی یەکێتی زۆر کۆک نییە لەگەڵ هەندێ بڕگە و مادەی پڕۆژە یاساکەدا.
ئیرادەی بەهێز هەیە
ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رباره‌ی ناوه‌ڕۆكی پرۆژه یاساكه‌و هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه یاسایه دەڵێت: پرۆژه یاسای چاکسازیی یه‌كێكه له پرۆژه زۆر باشه‌كان و پشتگیری ده‌كه‌ن.
خۆشناو بۆ “زەمەن” وتی: “له خولی رابردوودا به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و كێشه‌ی زۆره‌وه، پرۆژه یاساكه وه‌ستا. به‌ڵام له‌م خوله‌دا ئیراده‌یه‌كی به‌هێز هه‌یه بۆ په‌سه‌ندكردن و تێپەڕاندنی. بۆیە ده‌بێ هه‌موو په‌رله‌مانتاران له‌سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان پشتگیری له‌و پرۆژه یاسایه بكه‌ن تا له كابینه‌ی نوێ‌دا، گه‌نده‌ڵی بنەبڕبكرێت، چونکە ئه‌م پرۆژه یاسایه هیچ بندیوارێك ناهێڵێ و داهاتێكی زۆریش بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه”.
دەنگی هەیەو رەنگی نییە
په‌رله‌مانتارێكی فراکسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی کە لەم خولەدا رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینن، سەبارەت بەو پڕۆژە یاسایە دەڵێت: ئاگاداری ناوەڕۆکەکەی نین، تەنیا بیستوویانە پڕۆژە یاسای چاکسازیی هەیە.
موسلیم عه‌بدوڵڵا قه‌سرێ، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ بۆ “زەمەن” وتی: “ئه‌م پرۆژه یاسایه هی خولی پێشووه، له‌م خولەدا تائێستا نه‌هاتووه‌ته به‌رده‌ستی ئێمه. هەروەها له په‌رله‌مان هیچ باسوخواسێكی ئه‌و پرۆژه‌یه نه‌كراوه. به‌ڵام هه‌ر كات پرۆژه‌كه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆ په‌رله‌مان نێردرا ئێمه‌ش بۆچوونی خۆمانی له‌سه‌ر ده‌رده‌بڕین”.
جگه له‌وه‌ش په‌رله‌مانی كوردستان ده‌یه‌وێت به‌ر له‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر یاسای چاکسازیی، له‌ڕێی ده‌ركردنی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان، هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندی ئێمتیازاته‌كانی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران بپارێزێت. به‌تایبه‌ت له‌شێوازی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران.
ئەوانەی پێشووش دێنەوە بەرباس
سه‌رۆكا‌یەتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لیژنە‌ی باڵاكه‌ی خۆی سه‌رپشككردووه له‌وه‌رگرتنی بۆچوون و پێشنیازی هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌نێویشیاندا داوای ته‌واوی ئه‌و پرۆژانه كراوه كه له چه‌ند ساڵی رابردوودا له‌باره‌ی چاکسازیییه‌وه پێشكه‌ش كراون.
به‌پێی زانیارییه‌كانی “زه‌مه‌ن” ئه‌و بایۆمه‌ترییه‌ی كه له‌لایه‌ن كابینه‌ی پێشوو ئه‌نجامدرابوو، ئێستا له‌لایه‌ن كابینه‌ی نوێوە قبوڵكراو نییه‌و جێگه‌ی گومانه. به‌پێی زانیارییه‌كانی “زه‌مه‌ن” سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌یه‌كێك له‌كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا وتوویه‌تی: ئه‌و بایۆمه‌ترییه نه‌یتوانیوه رێگری بكات له موچه‌خۆری بندیوار‌و دوو موچه‌یی، بۆیه ده‌بێ ئه‌و لیژنە‌یه پێداچوونه‌وه‌ی ورد به‌و بایۆمه‌تریەشدا بكاتەوە.
لەساڵی 2008ه‌وه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له 42 جۆر ده‌رماڵه‌ی به فه‌رمانبه‌ران داوه، به‌ڵام به‌پێی پرۆژه یاسای چاکسازیی، ته‌واوی ئه‌و ده‌رماڵانه جارێكی دیكه پێداچوونه‌وه‌یان پێدا ده‌كرێت و خه‌رجكردنی ده‌رماڵه‌ی تایبه‌ت له‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
ته‌نیا كارمه‌ندی شایسته‌و ئه‌وانه‌ی به‌فیعلی له دامەزراوە حکومییەکاندا كارده‌كه‌ن ئه‌و ده‌رماڵانه وه‌رده‌گرن، نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران بگرێته‌وه. له‌م حاڵه‌ته‌شدا به‌شێكی زۆری ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕدرێ ته‌نیا ئه‌وانه نه‌بێ كه ساڵی 2008 له په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری له‌سه‌ر دراوه.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێ، له پێدانی ده‌رماڵه به‌فه‌رمانبه‌ران هاوشێوه‌ی به‌غدابێ و ئه‌و كه‌سانه‌شی به‌شێوه‌یه‌كی ناشایسته وه‌ری ده‌گرن، ده‌رماڵه‌كانیان ببڕدرێت.
به‌پێی پرۆژه یاسای چاکسازیی هیچ كه‌س نابێ دوو جۆر ده‌رماڵه وه‌ربگرێ، بۆ نموونه هه‌ندێك توێژ له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دوو جۆر ده‌رماڵه وه‌رده‌گرن، وه‌كو ده‌رماڵه‌ی ترسناكی و جۆرێكی دیكه‌ی دەر‌ماڵه‌ی تایبه‌ت كه له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه بۆی بڕدراوه‌ته‌وه. بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆژه یاسایه جێبه‌جێ بكرێت به‌شێك له‌و كارمه‌ندانه زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.
پڕۆژەی خۆمانە
به‌پێی پرۆژه یاساكه ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی خانه‌نشینكراون، خانه‌نشینكردنه‌كه‌یان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. ئێستا هه‌وڵێك هه‌یه خانه‌نشینی ئه‌و كه‌سانه هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه، به‌ڵكو موچه‌كانیان كه‌م بكرێته‌وه.
كاروان گه‌زنه‌یی، په‌رله‌مانتاری فراکسیۆنی یه‌كێتی کە دەوترێ ناڕاستەوخۆ دژی هەندێ بڕگەو مادەی پڕۆژە یاسای چاکسازین دەڵێت: تائێستا دەقی پرۆژه یاساكه‌یان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌و نازانن ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی چیه.
گەزنەیی بۆ “زەمەن” وتی: “فراکسیۆنی یه‌كێتی دژی چاکسازیی نییەو له‌بنه‌ڕه‌تیشدا ئه‌و پرۆژه‌یه هی كادرانی یه‌كێتیە کە کابینەی پێشوو قوباد تاڵه‌بانی و دكتۆر ئامانج ره‌حیم ئه‌و پرۆژه‌یەیان پێشكه‌شكردووه. ئیتر چۆن دژایه‌تی ئه‌و پرۆژه‌یه ده‌كه‌ین؟”.
کاروان گەزنەیی دەشڵێت: ئێمه نازانین كابینه‌ی نوێ چۆن ده‌ستكاری ئه‌و یاسایه ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسایه دژی مووچه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌كان بێ به‌دڵنیاییه‌وه دژی پرۆژه یاساكه ده‌وه‌ستینه‌وه‌و نامانه‌وێ به‌ناوی چاکسازیییه‌وه قوتی خه‌ڵك ببڕین”.