734 کوردستان

سەرۆکە لادراوەکانى ئامەد و مێردین و وان بۆ “زەمەن” دەدوێن

07:43 - 02/09/2019

زەمەن: هێمن حەسەن

حکومەتى تورکیا سێ شارەوانى گەورەى لە کورد سەندەوەو هەڕەشەى سەندنەوەى سەرجەم شارەوانییەکانى تریش دەکات، لەبەرامبەریشدا هەدەپە هۆشدارى دەدات لە تێکچوونى دۆخى تورکیا.

بەرەبەیانى ١٩ى ئەم مانگە بە بڕیارى وەزارەتى ناوخۆى تورکیا، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بینای هەرسێ شارەوانى گەورەى (ئامەد، مێردین، وان) و دەرگاى شارەوانیان شکاند، سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانیش ئاگادار کرانەوە کە چیتر نەچنە سەرکارەکانیان.

ئەو سەرۆک شارەوانیانەى دوورخراونەتەوە بریتین لە عەدنان سەلچوك میزراكلی سەرۆک شارەوانى ئامەد، ئەحمەد تورك سەرۆكی شارەوانی مێردین، بەدیعە ئۆزگۆكچە سەرۆك شارەوانی وان. لە شوێنى ئەوان لەسەر سیستمی قەیوم، گوزەلئۆغڵو بۆ شارەوانى ئامەدو مستەفا یامان بۆ شارەوانى مێردین و محەمەد ئەمین بیلمەز بۆ شارەوانى وان دانران.

بەپێى بەڵگەنامەیەک کە میدیاکانى تورکیا ئاشکرایان کردووە، چەند رۆژێک دوای هەڵبژاردنى ٣١ى ئازار، وەزارەتى ناوخۆى تورکیا پلانى دوورخستنەوەى سێ گەورە شارەوانى ئامەدو وان و مێردینى داڕشتووەو دۆسێشى بۆ هەر سێ سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکە کردووەتەوە.

هەدەپە لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى باکوورى کوردستان لە ٥%ى دەنگەکانى بەدەستهێنابوو کە دەیکردە ٦٧ سەرۆك شارەوانی. ئامەد ٦٣%، سەرۆك شارەوانیی مێردین ٥٦% و سەرۆك شارەوانیی وان ٥٣%ی دەنگەكانى باکوورى کوردستانیان بەدەستهێنابوو.

عەدنان سەلچوك میزراكلی سەرۆک شارەوانى ئامەد بە “زەمەن”ى راگەیاند، سەرچاوەى بڕیارو ئیرادەى دەوڵەتى ئەکەپەو مەهەپە، بڕیارى شەخسى و میزاجییە. کەى ویستیان بڕیار دەدەن و کەی ویستیان هەڵدەوەشێننەوە، ئەمە تورکیا بەرەو ئاڵۆزییەکى نادیار دەبات، کە رەنگە سەرى ئەردۆگانى فاشیست بخوات.

میزراكلی ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجى ئەردۆغان ئەوەیە قەیومەکان بسەپێنن تا پارەو سامانى گەل بۆ ئەوان تاڵان بکەن و شارەوانییەکانیان خستووەتە ژێر بارى قەرزێکى زۆرەوە. میزراکلی جەختیش دەکاتەوە، گەل مامەڵە لەگەڵ قەیومەکان ناکەن و بە چاوى تاڵانچى سەیریان دەکەن.

سەرۆک شارەوانى لەسەرکار لادراوی ئامەد رەتی دەکاتەوە، هیچ پەیوەندییەکیان بە پەکەکەوە هەبێ و پارەیان پێدابن، دەشڵێت: “با دادگا لێکۆڵینەوە بکات بزانێ تەنیا لیرەیەکیش دراوە بە پەکەکە. ئێمە لەگەڵ یاساین بڕیار لەو بارەیەوە بدات، بەڵام ئەکەپە پێش بڕیارى دادگا ئێمەیان لە پۆستەکە لادا بێ ئەوەى بەڵگەیەکیان هەبێ و لە دادگا بیسەلمێنن”.

بێجگە لە دوورخستنەوەى ئەو سەرۆک شارەوانییانە، نزیکەى ١٠٠ فەرمانبەرو کارمەندى شارەوانییەکان دەستگیرکراون و ٨٠٠ ئەندام و بەرپرس و هاوڵاتى کورد لەماوەى هەفتەى رابردوودا دەستگیر کراون.

هەرچەندە ئەمریکاو یەکێتى ئەوروپا نیگەرانى خۆیان لە بڕیارى دوورخستنەوەى سەرۆک شارەوانییەکانى هەدەپە دەربڕیوە، بەڵام بێجگە لە دەربڕینى نیگەرانى هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکەى حکومەتى تورکیا.

پاساوى وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بۆ دوورخستنەوەى سێ سەرۆک شارەوانیەکەى هەدەپە ئەوەیە، کە گوایە ئەوان پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەبووەو پارەى شارەوانییەکانیان بۆ پەکەکە ناردووە. هەروەها باسى لەوەشکردووە کە لەناو شارەوانییەکاندا چەک دۆزراوەتەوە، بەڵام بۆ هیچ کام لەو تۆمەتانە بەڵگەیان نەخستووەتەڕوو.
بەدیعە ئۆزگۆكچە، سەرۆكی شارەوانی وان، کە لە پۆستەکەى دوورخراوەتەوە، جەخت دەکاتەوە، لابردنیان لە سەرۆکایەتى شارەوانییەکان داگیرکارى و کودەتایەکى سیاسییەو پێشیوایە ئەو کودەتایە شارەوانییەکانى ترى هەدەپەو جەهەپەش دەگرێتەوە.
بەدیعە ئۆزگۆكچە بۆ “زەمەن” وتی: “ئەم بڕیارەى دەوڵەتى فاشیستى ئەردۆغان، هەڵوێستێکی دوژمنکارانەیە لە دژی ئیرادەی سیاسی گەلی کوردو کودەتایە بۆ ئەو شکستەى ئەردۆغان لە هەڵبژاردنى ٣١ى حوزەیران توشى بوو، ئێمە هەرگیز ئەو کودەتایە قبوڵ ناکەین کە دەنگى گەلمان بەدەستهێناوە”.
بەدیعە ئاماژە بەوەش دەکات، راى گشتى جیهان لەو داگیرکارییەى ئەردۆغان تێدەگەیەنن و شەو و رۆژ لەسەر شەقامەکان دەبن تا بڕیارەکە بە حکومەت هەڵدەوەشێننەوە. سەرۆکی لەکار لادراوی شارەوانی وان هۆشداریشیدا لەوەى ئەگەر بێدەنگی هەبێ بەرامبەر دوورخستنەوەى ئەو سێ سەرۆک شارەوانییە، ئەوا شارەوانییەکانى تریش دەگرێتەوە.
ساڵی ٢٠١٥ بە بڕیارى رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆی ١٠٠ شارەوانى، نزیکەى ٩٤ سەرۆک شارەوانى لە باكووری كوردستان لە پۆستەكانیان دوورخستەوەو ٨٣ سەرۆک شارەوانیشى دەستگیرکردو کەسانى سەر بە ئەکەپەى بەناوی قەیومەوە لە شوێنیان دانا.
وتەبێژى هەدەپە دەڵێت: دەوڵەتى ئەکەپە ئیرادەی گەل زەوت دەكات ئیرادەی سندوقی هەڵبژاردن قبوڵ ناكات، بۆ ئەوەش هەدەپە هەموو مافە دەستووریى و یاساییەکانى خۆى بەکاردەهێنێ بۆ رەتکردنەوەى ئەو بڕیارە ناڕەوایە.
گونای کوبلای وتەبێژى هەدەپە بە “زەمەن”ى وت: “ئەم بڕیارە تەنیا بۆ ئەو سێ شارەوانییە نابێ و ئەوانى تریش دەگرێتەوە. تەنانەت شارەوانییەکانى ئەستەنبوڵ و ئەنقەرەو شوێنەکانى تریش دەگرێتەوە ئەگەر هەموو هێزەکان پێکەوە رێگرى لەمە نەکەین. بۆیە ئەمە بە تەنیا كێشەی هەدەپەو گەلی كورد نییە، ئەوە كێشەی هاوبەشی هەموو گەلانی توركیاو هێزە دیموكراسییەكانە”.
وتەبێژى هەدەپە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەکەپە تۆڵەى شکستەکەى ٣١ى ئازار لە هەدەپە دەکاتەوە، چونکە بڕیارى گەل قبوڵ ناکات، بۆیە پێویستە لەو بڕیارە پاشگەز ببنەوەو دۆخەکە لەوە زیاتر ئاڵۆزتر نەکەن.
هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا پێنج ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێن، هەدەپە بە هاوپەیمانیەتى حەوت پارتی كوردی لە باكووری كوردستان، بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا ٦٧ شارەوانى بەدەستهێنا.
لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆككۆماری توركیا هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر هەدەپە سەرۆک شارەوانیەکانیش بەرێتەوە، ئەوان لێیان دەسەننەوەو قەیوم لە جێگەیان دادەنێن. هەرچەندە هەدەپە لەو کاتەدا ئەوەى تەنیا وەک ساردکردنەوەى خەڵک لە هەڵبژاردنەکان حساب دەکرد، بەڵام دەرکەوت قۆناغ قۆناغ جێبەجێی دەکات.
ئێستاش مەترسى لەسەر ٦٥ سەرۆک شارەوانى هەیە، کە لە هەدەپە بسەنرێتەوەو لەچەند رۆژى رابردووشدا وەزیرى ناوخۆى تورکیا رایگەیاند، چاودێرى شارەوانییەکانى تریش دەکەن و بڕیارى دوورخستنەوەیان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
حەمەد زیریگ، کە هاوسەرۆک شارەوانی جزیرە، ترسى ئەوەیە هەیە ئەویش لە پۆستەکەى دووربخرێتەوەو ئاماژە بە فشارو هەڕەشەیەکى زۆر دەکات لەسەرى. حەمەد زیریگ بە “زەمەن”ى وت: “بەدڵنیاییەوە مادام سەرۆکى سێ گەورە شارەوانى دوورخرانەوە شارەوانییەکانى تریش دەگرێتەوە، بەڵام نابێت رێگە بە کودەتایەکى لەو چەشنە بدەین پێویستە گەلى ئێمە خاوەندارییەتى لە نوێنەرەکانى بکات”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن