هەواڵ

پرنسیپی هونەری مۆسیقا

04:58 - 18/08/2019 68 جار خوێندراوەتەوە

سەڵاح رەوف- هۆڵەندا

زۆرن کە هەردەم بەدوای پارویەکی بێ ئەرک و خەوتنێکی خۆڕاییەوەن، لایان گرنگ نییە بەری کام دار و بەرهەمی کام توانایە، خۆیانی لێدەکەنە خاوەن و لە سایەیدا دەژیین، گرنک ئەوەیە ویستەکانی ئەوان بەلاشە بێت، وا دەزانن ئەوەی بۆ ئەوان دەشێ بۆ کەسانی تر ناشێ، گەر واش نەبێ، ئەوا دەچێتە سنووری لێ خوێندن و پسکەپسک لێیان، دەشێ گەر کارێک کرا رەزامەندی ئەوانی لەسەر بێ و لەژێر رێنمایی و هاوکاری ئەوان بێت، گەر لێشی نەزانن، گوایە ئەوکارەی هەندێ کەس دەیکەن مافی تاکە کەس نییەو دەشێ بە بڕیاری کۆنفرانسێک، یا کۆنگرەیەک رێگەیان پێبدرێ، بەڵام بە مەرجێ خۆیان لە سەرووی لیستی بڕیاردەرانی کۆنفرانس یان کۆنگرەکە بن، گرنگ نییە خۆیان چیان کردووە و توانایان چەندە، گرنگ ئەوەیە خۆیان پێشڕەوبن.

لە هەموو دنیادا کۆنفرانس یان کۆنگرە بەپێی پێویست لە ساتی بوونی پێویستیەکدا دەبەسترێ بۆ برەودان بە کارێکی ئەنجامدراو لە لایەن تاکە کەسێ یان چەند کەسێکەوە ئەنجامدرابێ، یان لەبەر گرنگی شیتەڵکردنی کاری پەیوەنددار بەو کۆنفرانسە. 

تاکە کۆنفرانس لە رۆژهەڵاتی ناوین، کۆنفرانسی مۆسیقای عەرەبی بوو، کە ئەویش هەر لەسەر داوای لەو جۆرە کەسانە بوو، بۆیە ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە روویداو زانیاریان لەبارەوە دەبیستین، کۆتاییەکەی  چۆن دەستیان پێکرد هە راواش ماڵئاواییان لێکرد، هەردوو کۆنگرەکەی تریان بەهەمان دەرد چوو، چونکە کەس لە بابەتەکانی پێشوو زیاتر شتێکی نوێی پێنەبوو، کۆنگرەکەیان تەنها بە سەرفکردنی هەزارەها جنێهی میسری و بۆ رۆژانەی بەشداربوان پارەی نووستنی ئوتیلەکەیان، گردبوونەوەکەیان نەیتوانی تاکە وشەیەک لە داهێنانەکانی زەریاب و فارابی لەق بکات، جگە لە هێنانی چەند ناوێکی نوێ  بە بۆچونێکی دوور لە زانست. ئاشکرایە ئەوەی بەهرەمەندانی وەکو سەلیم الحلو، یان سامی شەوا، یان عەبدولڕحمان الجبقجی بۆ مۆسیقای عەرەبییان کردووە، بە دەیان گۆنگرەی ئوتێل بەلاش نایەتە بەرهەم، هەرچەندە ئەو بۆچونانەی ئەوانیش زۆر جیاواز نەبوون لە بۆچونەکانی زەریاب و فارابی، بەڵام دەتوانین بڵێین بەتایبەتی بۆچوونەکانی عەبدولڕحمان الجبقجی تۆزێ لە سەر‌قاڵیی و جەنجاڵی بەناو تیۆرەکانی زەریاب و فارابی کەم کردووەتەوە. هیچ نەبێ ناوی حەوت دەنگە مۆسیقایەکەی وەکو مۆسیقای جیهانی لێکرد کە هەر ئۆکتاڤێک حەوت دەنگە، لای زەریاب و فارابی دوو ئۆکتاڤ بکاتە ٤٨ دەنگ و لەسەر بنەمای چارەکە دەنگیی ناونراون، لە ساتێکدا لە مۆسیقای هەموو جیهاندا، پلەدەنگی چارەکە دەنگی نییە، بچوکترین میانە  نیو میانەیە و پاشان سێ چارەکە میانە و میانەی تەواو،  هەر چەندە بۆچوونەکانی زەریاب و فارابیش لە بۆچوونی(هۆگباڵدی بەلجیکی ٨٤٠-٩٣٠) و (جیدۆاریدزۆی ئیتالی ٩٩١ -١٠٣٣) زیاتر نەبوون کە بریتیبوون لە دۆزینەوی نۆتەکانی مۆسیقاو پلیکانەی مۆسیقا و مۆدەکانی مۆسیقای کەنیسە. 

 تا ئێستاش عەرەب و دانیشتوانی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر هەمان بۆچوونی ئەوان دەڕۆن، رۆژ بە رۆژ گرێکوێرەکە ئاڵۆزتر دەبێت، لای ئەورووپاییەکان ئەم سەرلێشێواویەی مۆد و پەیژەکانی مۆسیقای کەنیسە، بەردەوام بوو تا ئەو کودەتا گەورەیەی کە مۆسیقازانی فرەنسی(جان فیلیپ رامۆ ١٦٨٣-١٧٦٤) بە دۆزینەوەی بنەما شاراوەکانی ناو تیۆری مۆسیقای جیهانیی، بە تایبەتی لەنێو تیۆرەکانی مۆسیقای کەنیسەدا نەبوون، کە هەرە گرنگەکەیان بریتیبوون لە بنیاتنانی پەیژەی تێکڕای(السلم المعدل-  Diatonic Scale) و پەیژەی کرۆماتیک و (بازنەی پینجی- Quints Circle) و چەسپاندنی رابەری پەیژەی مۆسیقا، کە بەهوی دۆزینەوەی ئەم بنەما زانستیانە کە پڕاوپڕ پێچەوانەی تیۆرەکانی مۆسیقای کەنیسە بوون، بۆیە رامۆ ناچار بوو سەری خۆی هەڵگرێ و تا دوا ساتەکانی ژیانی لە وڵاتی ئیتاڵیا بژی. بە چەند ساڵێک دوای ئەو دۆزینەوەیە، مۆسیقازانی جیهانیی(یۆهان سبستیان باخ-١٦٨٥-١٧٥٠) کە هاوتەمەنی رامۆ بوو، لەسەر بنەماکانی رامۆ (پەیژەی دیاتۆنی- السلم المعدل) بە تەواوی سەپاند بەسەر مۆسیقای ئەورووپیداو کار لەسەر بازنەی پێنجی سەروخوارکرا.

لەهەمووشی گرنگتر لە بۆچوونەکانی رامۆ، دۆزینەوەی رابەرەکانی سەر پلیکانی مۆسیقایە کە بریتین لە: 
١. رابەری کلیلی مۆسیقا: هەرسێ جۆرەکە واتا کلیلی (سۆل) و کلیلی (دۆ) و کلیلی (فا) و بەکارهێنانیان بەپێی جۆری دەنگ، مرۆڤی یان ئامێری مۆسیقا.
٢. رابەری پەیژە کە بە هۆیانەوە جۆری پەیژە مۆسیقاییەکان دەناسرێنەوە (تا ئێستاش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەواشەییەکەی تیۆرەکانی زەریاب و فارابیەوە بەڕێوەدەچێ).
٣. رابەری ڕیتم، کە بەهۆیەوە جۆری ریتمی مۆسیقاکە دەستنیشان دەکرێ.

ئەمانەی کە باسمان کرد، بەتایبەتی خاڵی دووهەم لە مۆسیقای رۆژهەڵاتییدا بوونی نییە، کە مەرجێکی سەرەکییە بۆ بنیاتنانی مۆسیقا بەشێوەی زانستی، زۆربەی هونەرمەندەکانی خۆمان لە هەوڵی پەیڕەوکردنی ئەو بنەما سەرەکیانەن کە لە مۆسیقای جیهانیدا هەیە، بەتایبەتی خاڵی دووهەم کە بریتییە لە بەکاربردنی رابەری پەیژە بە شێوازە زانستییەکەی، بەڵام بەداخەوە هەندێک تا ئێستاش پاشکۆی نەتەوەکانی دەوروپشتن، کە ئەوانیش گوێ لە مشتی بنەما تیۆرییەکانی زەریاب و فارابین، من رام وایە بەم نزیکانە ئێمەی کورد دەبێ خۆمان لە دەست بنەما نازانستییەکانی زەریاب و فارابی و گوێ لە مشتەکانیان رزگار بکەین!. 

 ئەو شۆڕشە گەورەیەی لە دوای ئەو بەهرە کاریانەی کە رامۆی فرەنسی کردی و پاشان سەپاندنی، بیرۆکەکە لەلایەن (باخ) ەوە بووە هۆی بنیادنان و فراوان بوونی ئاستی داڕشتنی فۆرمە نوێکانی مۆسیقا لای ئەوروپیەکان، بە شێوەیەکی زۆر زانستیانە.

ئەمانەی باس کران، هەموویان کاری تاکە کەسین و هیچیان پێویستییان بەوە نییە کە کارەکانیان لەژێر سایەی خەڵکی تردا بڕوامەندبن، گەر کۆنگرەیەکیش بۆ ئەو بابەتانە گیرابێت، ئەوا بە پەرۆشیی کەسانی زاناو خاوەن بڕوانامەی بەهرەمەندانە، یان لایەنی دەسەڵاتداری دڵسۆزی نەتەوە، کە هەست بە بوونی کارێکی شیاوی زانستی بکات  بە ئەنجام گەیەنراوە، یان بە پێزی ئەوکارانە خۆیان بوونەتە جێی پەسەندی دانشگاو مەڵبەندە پسپۆرەکانی ئەو بابەتانە. 

ئێمەی نەتەوەی کورد، دەبوایە زۆر لە مێژەوە خۆمان لەو تەنگوچەڵەمەیەی دەوروپشتمان دووربخستایەتەوە، نەک ببینە پاڵپشت بۆیان، کۆکردنەوەی بەرهەم و ئاوازە رەسەنەکانی نەتەوەکەمان، پێویستی بە کۆنگرەی مۆسیقا نییە، ئەو کارە سەرەتا بە کاری تاکەکەسی، یان چەند کەسیك دەست پێ دەکات، هەروەها هەندێ مەڵبەندی تر هەیە کە ئەو کارانە دەکەن، وەزارەتی رۆشنبیری و ئنستوتی کەلەپووری کوردی. 

دەستنیشانکردن و رووماڵ کردنی مۆرکی رەسەنی نەتەوایەتی، پێویستی بە زانستییەکی قووڵ و پڕ هەیە، ئەوەی کە بەم کارە هەڵدەستێ، جگە لە توانای خۆڕسک، پێویستی بە تواناو زانستی کەسانی تریش هەیە، لە ئەورووپا کەم کەس هەیە بە مۆرکی رەسەنی نەتەوەکەی ئاشنا نەبێت، چونکە لەلایەن زانایانیانەوە روماڵێکی ئاسانکاریی وای بۆ کراوە، کە زۆر زوو بۆ ئاستی هەموو تەمەنەکانی مرۆڤەکانیان ئاشنا دەبێت.

 لای خۆمان هەندێ کەسی بەناو مۆسیقازان هەیە، کە خۆی لە تۆپکی زانستی مۆسیقادا هەژمار دەکا، بۆ نموونە تا ئێستا نەیانتوانیوە دوو دێڕی بەپێز لەسەر مۆرکی رەسەنی هونەری ساز و ئاوازی نەتەوەکەمان بنووسن، هەرچەندە ئاشکرایە کە رادەی زانین بە دوو جۆر دەردەکەوێ، یەکەمیان نووسین، دووەمیان باس کردن، زۆر کەم لە هونەرمەندانی ئێمە خاوەنی ئەو دوو توانایەن، بەڵام مەخابن  هەندێ کەس  خاوەنی بلیمەتییەکی ترن، ئەویش: گەر کەسێک کارێکی ئەنجامدا، گەر زۆر رەحمی پێبکەن ئەوا دەڵێن ئەو کارە دەبوایە لەژێر سایەی کۆنگرەیەکی نەتەوەیدا ئەنجام بدرایە، یان دەڵێن هەندێ کەس تازە بەتازە باس لە ناسنامەی رەسەنی کوردیی دەکەن، گوایە خۆیان لەوسەری هاتوونەتەوە، هەرچەندە خۆشیان نە بە نووسین و نە بە باس کردن رۆژێک لەو بابەتە نەدواون، ئەوەش گەورەترین بەڵگەیە بۆ بێ ئاگاییان، گەر وا نییە خۆشحاڵین کە بیروڕاو سەرنجیان بزانین، جا بە نووسین بێت یان بە باس کردن، لەبەر ئەوە ئەمە پێویستییەکی نەتەوەییە، گرنگ نییە ئاستی باسەکەیان چۆنە، گرنگ ئەوەیە بیروڕایان بخەنەروو، تا نەوەکانی نەتەوەکەمان کەڵکی لێوەربگرن، چۆن لە هەموو جیهاندا گەورە تا بچوک، بە مۆرکی رەسەنی نەتەوەکەی خۆیان ئاشنان، نەک لە مۆسیقا، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی ژیانی نەتەوەییان، من لێرەوە بە دەنگی زوڵاڵ هاوار دەکەم، پاش ئەو هەموو نەهامەتییەی نەتەوەکەمان لە پارچە پارچە بوونی وڵاتەکەمان و نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، هونەرەکەشمان هەر لە سایەی ئەو دەسەڵاتانەدا ماوەتەوە، هەمان تەنگوچەڵەمەی مۆسیقای دراوسێکانمان شانی ئێمەی کوردیشی گرتووە، دەڵێم ساتی ئەوە هاتووە هەرکەسە و لە ئاستی خۆیەوە هەست بە بیری نەتەوەیی بکات و مۆرکە رەسەنەکانی هەموو بوارەکانی نەتەوەکەمان یاداشت بکەن، ئێستا کاری نووسین و بڵاوکردنەوە زۆر لە ساتە پێشووەکان ئاسانترە، من بیرمە لە ساڵەکانی حەفتاکاندا بە دەست و نووسینی خۆمان، کتێبمان چاپ دەکرد، لەبەر ئەوەی چاپی نووسینی نۆتەی مۆسیقا لە وڵاتەکەماندا نەبوو. ئێستا کارەکە ئەوەندە ئاسانە، جگە لە توانای نووسین و باس کردن، پێویستت بە هیچ هیلاک بوونێکی تر نییە، بۆیە داواکارم لە هونەرمەندان و هونەردۆستان (جگە لە مشەخۆرەکان) کە خۆیان دوور نەگرن لە بواری ئاشناکردنی پێناسەی هونەرەکەمان بە خودی نەتەوەکەمان و دەوروپشت و بگرە جیهانیش، گەر شارەزاییان لێی هەیە، بە پێچەوانەشەوە با بارتەنگی بۆ کەسانی تر بنیاد نەنێن و لێپرسینەوەی مێژووییان نەخەنە پاڵ، کە تاکڕەوییان کردووە، خۆشیان هەلی ئەم ژیانە لە دەست خۆیان نەدەن، گەر توانادارن، هەوڵ بدەن شانبەشانی برا هونەرمەندەکانی تریان پێناسەکردن و ناساندنی مۆرک و شیوازی هونەری کوردیمان بخەنە دوتوێی نووسین و باسکردن، ئیتر بەس بە تەنها بە چەند وشەیەک، کە جگە لە پیشاندانی بێ توانایی خۆیان هیچی تری لێ بەدەست نایەت، گوایا ئەمە ئەرکی کۆنگرەیەکی نەتەوەییە (کۆنگرەی ئوتێل بەلاش) نەک کاری تاکەکەسی، کە لە راستیدا پێچەوانەکەی راستە، ئەو کارانە لە کاری تاکەکەسییەوە دەستپێدەکات، دواتر دەبێتە کاری دەستگایەک، پاشان زانکۆیەک، بۆ پیناسەکردنیشی کۆک بوونی رای سەرجەمی هونەرمەندان و رۆشنبیران دەبێتە کاری وەزارەتێکی پەیوەست بەو کارە.

هەرچەندە ئاشکرایە هەموو سەرەتایەک بێ هەڵەو بێ کەموکوڕی نابێ، گرنگ ئەوەیە هەموو هەوڵ بدەین دەست لەناو دەست، بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی دەوڵەمەند و  زانستیانە، بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی هونەری نەتەوەکەمان، بە گرنگی دەزانم کە ئەم نووسینەم ببێتە تەوەرێک و قسەی لە سەر بکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن