تێكڕاى ته‌مه‌ن لە هەرێم بۆ ٧٥ ساڵ بەرزبووەتەوە
10:17 - 15/08/2019
زەمەن: سه‌رچین ساڵح
ئاماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن تێكڕاى ته‌مه‌ن له هه‌رێمى كوردستاندا له هه‌ڵكشاندایه به‌راورد به ساڵانى ڕابردوو، هۆشیارى ته‌ندروستى‌و بایه‌خدان به منداڵ له رووى ته‌ندروستیه‌وه هۆكارى سه‌ره‌كى بەرزبوونه‌وه‌ى رێژه‌كه‌یه.
به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى پلاندانانى هه‌رێم رێژه‌ى ئاستى تێكڕاى ته‌مه‌ن له هه‌رێمى كوردستاندا. له 10 ساڵى رابردوودا له هه‌ڵكشاندابووه. به‌شێوه‌یه‌ك له ساڵى 2009 تێكڕاى ته‌مه‌ن 74.2 ساڵ بووه، ساڵى 2016 به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ 75.1، له‌مساڵدا 75.3 پێشبینى ده‌كرێت ساڵى داهاتوو 75.4 بێ. ئێستاش به تێكڕاى هه‌ر كه‌سێك زیاتر له 75 ساڵ تەمه‌ن ده‌كات.
به‌رزبونه‌وه‌ى ئاستى تێكڕاى ته‌مه‌ن له هه‌رێمى كوردستان له‌كاتێكدایه، تێكڕاى ته‌مه‌ن له ساڵانى رابردوودا له عێراق له ئاستێكى نزمدا بووه. ئێستاش جیاوازیه‌كى زۆر له تێكڕاى ته‌مه‌ن هه‌یه له نێوان عێراق‌و هه‌رێمى كوردستاندا.
به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق له ساڵى 1960 تێكڕاى ته‌مه‌ن له عێراق دا 48.03 بووه، ساڵ له‌دواى ساڵ رێژه‌كه به‌ره‌و زیادبوون رۆشتووه. ساڵى 1997 گه‌یشتووه‌ته 71.04، له‌و ساڵه به‌دواوه به‌رەو دابه‌زین رۆشتووه. ساڵى 2009 تێكڕاى ته‌مه‌ن 68.73، له ئامارى ساڵى 2013 به‌رزبووه‌ته‌وه 69.47.
مه‌حمود عوسمان به‌ڕێوه‌به‌رى ئامارى سلێمانى به“زه‌مه‌ن”ى وت: “به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى تێكڕاى ته‌مه‌ن به‌زۆرى بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه هۆشیارى ته‌ندروستى زیادى كردووه، به‌تایبه‌ت ژنان پێش ئه‌وه‌ى منداڵه‌كه‌ى له‌دایك ببێ، چه‌ند جارێك سه‌ردانى پزیشک ده‌كات، دواى له‌دایكبوونیشى تا ته‌مه‌نى پێنج ساڵیى له‌ژێر چاودێرى‌و سه‌ردانى پزیشکدایه، ئه‌مه‌ش واده‌كات دووربن له نه‌خۆشی‌و له‌ناوچوون، له‌به‌رئه‌وه‌ى له ساڵانى زوودا به‌شێكى زۆرى كه‌مى ئاستى تێكڕاى ته‌مه‌ن به‌هۆى نه‌خۆشییه کوشندەكانه‌وه بووه كه به‌زۆرى توشی منداڵ بووه“.
وتیشى: “ئه‌و نه‌خۆشییه مه‌ترسیدارانه‌ى كه پێشتر هه‌بوون وەک مه‌لاریاو ئیفلیجى و كۆكه‌ڕه‌شه، بەهۆی هەبوونی خزمه‌تگوزارییه‌وە تاڕادەیەکی زۆر نەماون و کەرتی تەندروستی له‌ئاستێكى باشدایه. ئه‌وانه‌یشى ته‌مه‌نیان ده‌كه‌وێته سه‌رو 60 ساڵه‌وه خزمه‌تێكى باشی ته‌ندروستى خۆیان كردووه، به‌راورد به وڵاتانى ده‌وروبه‌رمان ئاستى تێكڕاى ته‌مه‌ن له هه‌رێم زۆرباشه“.
به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، ساڵانه له هه‌رێمى كوردستاندا زیاتر له 160 هه‌زار منداڵ له‌دایك ده‌بن. له به‌رامبه‌ردا زیاتر له هه‌شت هه‌زار كه‌س گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
ڕێژه‌ى گه‌شه‌كردن له هه‌رێمى كوردستاندا 2.8%ــە ئه‌مه‌ش نزیکە له‌گه‌ڵ ستانداردى جیهانیی كه بۆ عێراق دانراوه ئەویش 3% ــە.
هۆکارەکانی مردن
سەرباری زیادبوونی هۆشیاریی تەندروستی و زیادبوونی تێکڕای تەمەن، بەڵام چەند هۆکارێک هەن کە وادەکەن رێژەی مردن لە کوردستان زیاتر بکەن لەوانە: رووداوه‌كانى هاتوچۆ.
ئەو رووداوانە رۆژانە روودەدەن لەسەر شەقام و رێگا سەرەکییەکاندا، هۆكارى كه‌مبوونه‌وه‌ى تێكڕاى ته‌مه‌نن له هه‌رێمدا. به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌رێم، له ماوه‌ی 15 ساڵی ڕابردوودا له‌هه‌رێمی كوردستان 10 هه‌زار كه‌س به‌ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ گیانیان له‌ده‌ستداوه واتا له ساڵێكدا 766 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه.
خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به “زه‌مه‌ن”ى وت: “به‌راورد به وڵاتانى ناوچه‌كه، رێژه‌ی مردن بە رووداوەکانی هاتوچۆ زۆر ترسناک نییە‌و پێشكه‌وتن هاتووەتە ئاراوە به‌راورد به‌ساڵانى رابردوو. به‌ڵام له‌ئاست وڵاتانى ئه‌وروپادا نییه“.
وتیشى: “شه‌ڕو جه‌نگ له‌ناوچه‌كه‌و رووداوه‌كانى هاتووچۆ، كاریگه‌رى نه‌رێنیان هه‌بووه له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى تێكڕاى ته‌مه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ى لەم رووداوانەدا ئەوانەی گیان لە دەستدەدەن زۆربه‌یان لە چینى گه‌نجان‌و منداڵانن، ئەمانە تێكڕاى ته‌مه‌ن كه‌م ده‌كه‌نه‌وه“.