28 کوردستان

ئەنجوومەنی وەزیران: داوا دەکەین گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بنبڕ بکرێت

01:19 - 25/11/2026

زەمەن - هەواڵ

ئەنجوومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە،  هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی لە هەمان کاتدا داوای جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە و وەک هەمیشە ئامادەیی خۆشی بۆ چارەسەرەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە، بۆیە ئەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەو راگەیاندراوە دەردەبڕێت کە بە ناوی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکرایەوە، چونکە پێشێلکارییەکی دەستووریی و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ باوەڕنەبوون بە سیستەمی فیدراڵی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ رژێمێکی ناوەندی و مەرکەزی کە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە. بۆیە بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە رەتدەکەینەوە کە دیارە پلانێکی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراوە لە دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان، بەردەوام پشتیوانیی هەر رێکارێک بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەر کارێکی نایاسایی و بەردەوامیش هاوکار و هاوئاهەنگ بووە و دەبێت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ نەهێشتن و سنووردانان بۆ هەر کارێکی نایاسایی. داواش دەکەین گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بنبڕ بکرێت.

ئەنجوومەنی وەزیران، جەخت دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان، بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی هەزاران شەهیدە و کەس خێری بە خەڵکی کوردستان نەکردووە، هەرێمی کوردستانیش رۆڵێکی کارا و کاریگەری لە هێنانەئارای سیستەمی فیدراڵی ئێستای عێراق هەبووە و خۆی بە خاوەنی دەزانێت و هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت کە تەنیا مووچە و بودجە و شایستەی دارایی نییە، بەڵکوو پرس و مافێکی سیاسی و دۆزی رەوای خەڵکی کوردستانە.

ئەنجوومەنی وەزیران، لە کاتێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستان و لەیەکتێگەیشتن و لە چوارچێوەی دەستوور، کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێن، داواش دەکات دەستووری هەمیشەیی عێراق، بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، کە هۆکاری چارەسەرنەبوونی کێشەکان، جێبەجێ نەكردنی دەستوورە، بە تایبەتی ماددەی 140ی دەستوور کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان نەنراوە.

هەروەها پێویستە بە پێی ماددەکانی دەستوور، ئەنجوومەنی فیدراڵی عێراق (مجلس الاتحاد العراقي) دروست بكرێت و دادگای باڵای فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور پێکبهێنرێتەوە بە شێوەیەک کە دەربڕی هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێت .

 ئەنجوومەنی وەزیران، سوپاسی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەن و هێز و سیاسییەکان و پێکهاتەکانی دەکات و داواش دەکات کە بەردەوامبن لە هەڵوێستی نیشتمانیان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و بەرگریکردنیان لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان. هەروەها داوا لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و حکوومەتی فیدراڵ دەکات بەردەوام بن لە رۆڵی نیشتمانییانەی خۆیان لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان .

ئەنجومەنی وەزیران، لە کاتێکدا پشتیوانی خۆی بۆ ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین دووپات دەکاتەوە. جەختیشی کردەوە هەر کەسێک دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و بنەما دەستوورییەکان و بەرژوەندییە نیشتمانییە باڵاکان کوردستان رەفتاربکات و خەڵک هان بدات بۆ ئاژاوەنانەوە و دژایەتەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن