لە بەرپرسە گەندەڵە دەستگیرکراوەکانی عێراقدا کوردی تێدایە؟
02:37 - 28/06/2026
زەمەن_هەواڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشکرای دەکات، هیچ پەرلەمانتار و بەرپرسێکی کورد لە هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکارانی عێراق تێوەنەگلاوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، د. زیرەک زێباری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقئاشکرایکرد، هیچ پەرلەمانتار و بەرپرسێکی کورد لە بەغدا لە نێو ئەو کەسانەدا نییە کە بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیر کراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەموو ئەو بەرپرسانەی شەوی رابردوو دەستگیر کراون، لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون. هەروەها دەیان کەسی دیکەش فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و گەشتکردنیشیان لێ قەدەخە کراوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان باسی لەوەش کرد، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتی هەیە لە ماوەی پشووی یاسادانان پارێزبەندی لەسەر هەر پەرلەمانتارێک لاببات کە تۆمەتی گەندەڵیی لەسەر بێت، بۆیە ئەو پەرلەمانتارانەی شەوی رابردوو دەستگیر کراون، پێشتر بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیرابوو.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی حوزەیران، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگاکانی بەغدا، سەڵاحەدین، ئەنبار، نەینەوا و چەند ناوچەیەکی دیکە، کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی ئەنجام دا. تاوەکوو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ بەرپرسێکی حکوومەتی عێراق بە فەرمی لێدوانی لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنانە نەداوە.
عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن ناسراو بە "حووتی نەوت"، لە کۆتایی مانگی ئایاری 2026 بە تۆمەتی گەندەڵییەکی گەورە لەلایەن هێزێکی تایبەتەوە دەستگیر کرا. لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی یەکجار زۆری پارەدا گرت سەدان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلاری نەختینە بوون و بەشێکیان لە ژێر زەوی و لەناو باخەکانی شاردرابوونەوە. جگە لەوەش دەست بەسەر دەیان ڤێلا، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێکی زۆر زێڕدا گیرا.