82 کوردستان

شرۆڤەیەك: بەغداد کێشە سیاسییەکانی لەگەڵ هەرێم گۆڕیوە بۆ "شەڕی تەکنۆکراتی و مەرجدارکردنی دارایی"

01:24 - 23/06/2026

زەمەن - هەواڵ

خانەی هزریی كوردستان لە پەیپەرێکی شیکاریی نوێدا، ئاراستە و ستراتیژەکانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی عێراق بە سەرۆکایەتیی "عەلی زەیدی" بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان خستووەتە ژێر وردبینیی. پەیپەرەکە چەند زانیارییەك دەربارەی دۆسیەکانی نەوت، مووچە، ئاسایش و کارتێکەرە نێودەوڵەتییەکان دەخاتەڕوو کە داهاتووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد دیاری دەکەن.

لە پەیپەرەكەدا كە "د. یاسین تەها" نووسیویەتی و ماڵپەڕی خانەكە (پێنووس) بڵاویكردووەتەوە ئەم دەرەنجامانەی خوارەوە ئاماژەیان پێكراوە: 

١. کابینەی زەیدی؛ تێپەڕاندنی قۆناغی جەنگ بە دیپلۆماسییەتی نیازپاکی

 پەیپەرەکە ئاماژە بەوە دەکات کە عەلی زەیدی، وەک کاندیدێکی سازان لە ناو ڕەوشی شڵۆقی ماڵی شیعی و پاش هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەستبەکاربوو. بەپێی شیکاریی توێژەران، ئەم کابینەیە زیاتر وەک "پێداویستییەکی فریاگوزاری" بۆ تێپەڕاندنی لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا-ئێران لە ناوچەکەدا سەرپێ خراوە. هەرچەندە سەردانە سەرەتاییەکانی زەیدی بۆ هەولێر و سلێمانی وەک "دیپلۆماسییەتی نیازپاکی" لێکدراونەتەوە، بەڵام جەوهەری کێشەکان هێشتا بەستراوەن بە جیاوازیی خوێندنەوە بۆ دەقە دەستوورییەکان.

٢. دۆسیەی نەوت؛ پراگماتیزم لە ژێر سێبەری قەیرانی هورمزدا

 لێکۆڵینەوەکە تیشک دەخاتە سەر وەرچەرخانێکی ناچاری لە دیدگای ئابووریی بەغداددا. دوای بڕیاری زەیدی بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، دەرکەوتووە کە کێشەی داخستنی گەرووی هورمز بەهۆی جەنگەوە، بەغدادی ناچار کردووە پەرە بە "پراگماتیزمی ئابووری" بدات لەگەڵ هەولێر بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە داراییەکانی، ئەمەش مۆدێلێکی نوێی لە "هاوبەشیی ناچاری" لە دۆسیەی نەوتدا دروستدەكات. 

٣. پرسی مووچە؛ داکشانی داهاتەکان و "مەرجدارکردنی دارایی"

 لەم تەوەرەیەدا، پەیپەرەکە پشت بە داتا نوێیەکانی "یەکەی توێژینەوەی وزە لە واشنتۆن" دەبەستێت و ئاشکرای دەکات کە هەناردەی نەوتی عێراق بە ڕێژەیەکی بێپێشینە و توند کە گەیشتووەتە %٩٦ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دابزیوە، و داهاتی مانگانە لە ٧ ملیار دۆلارەوە بۆ ئاستێکی مەترسیدار داکشاوە.

بەپێی شیکارییەکە، ئەم ڕاستییە ئابوورییە وایکردووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ پەیڕەوی سیستمێک بکات کە توێژینەوەکە ناوی ناوە "مەرجدارکردنی دارایی؛ واتە بەستنەوەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە سێ مەرج و جێبەجێکردنی سیستمی گومرگیی نێودەوڵەتیی (ASYCUDA)، کە چاودێریی لۆجستی توند دەخاتە سەر داهاتی نانەوتیی هەرێم بە مەبەستی کەمکردنەوەی پانتایی مانۆڕی دارایی سەربەخۆی هەولێر.

٤. دۆسیەی ئاسایش؛ شانە سێبەرەکان و داهاتووی پێشمەرگە

 لەسەر ئاستی ئەمنی، پەیپەرەكە کێشەی فرەفەرماندەیی پێشمەرگە و فشارەکانی هێزە شیعییەکان بۆ ڕێکخستنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەخاتە ڕوو. هاوكات، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، پەیپەرەکە ئاشکرای دەکات کە سوپای پاسدارانی ئێران شانەی نهێنیی نوێی لە عێراقدا چاندووە کە لە دەرەوەی فەرماندەیی گروپە ناسراوەکان کار دەکەن؛ ئەمەش وا دەکات کە بەڵێنەکانی بەغداد بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم لە بەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەدا بن.

٥. کارتێکەرە دەرەکییەکان؛ سێ کۆڵەکەکەی تۆم باراک

 پەیپەرەکە بە شیکردنەوەی ڕۆڵی "تۆم باراک"، نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ دۆسیەی عێراق کۆتایی دێت. لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە کە گوتاری نوێی واشنتۆن بەرامبەر کابینەی زەیدی لەسەر سێ پایە وەستاوە:
1. قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
2. قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا.
3. پشتگیریکردنی مۆدێلی عێراقێکی فیدراڵی یەکگرتوو بە مەرجی بەهێزبوونی دامەزراوەکانی بەغداد.

دەرەنجامی سەرەکی: گۆڕانی شێوازی شەڕەکە

پەیپەرەكەی "خانەی هزریی كوردستان" دەگاتە ئەو بڕوایە ستراتیژییەی کە سیاسەتی نوێی بەغداد بەرامبەر هەرێم، بریتییە لە گواستنەوە لە “دانوستاندنی سیاسیی کراوە” بۆ “بەڕێوەبردنی تەکنۆکراتی و دامەزراوەییانەی ناكۆكییەكان”. لەم واقیعە نوێیەدا، بەغداد کێشە مێژوویی و دەستوورییە گەورەکان دەگۆڕێت بۆ دۆسیەی وشک و وردی کارگێڕی، دارایی و گومرگی، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو ڕێگەیەوە هاوسەنگیی هێز بە لای خۆیدا بشکێنێتەوە.

لینکی توژینەوەکە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن