نێچیرڤان بارزانی : هەڕەشەكەی ئێران دەستدرێژییەکی دووژمنکارانەی راستەوخۆیە
04:13 - 24/03/2026
زەمەن – هەواڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا
لەبارەی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەکە دەڵێت: "ئەم هێرشە، دەستدرێژییەکی
دووژمنکارانەی راستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی
بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە."
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، نێچیرڤان
بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە پەیامێکدا
لەبارەی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە رایگەیاند: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە
مووشەکییەى ئێران دەکەین کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی لە سنووری
سۆران بە ئامانج گرت و لە ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان شەهید و بریندار
بوون. پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
دەکەین و هاوخەمیانین، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری بووە. ئێمە پابەندین بە سیاسەتی تێوەنەگلان و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان، بە هیچ شێوەیەکیش هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ. بۆيه ئەم هێرشە، دەستدرێژییەکی دووژمنکارانەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە."
پێشتر، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوو هێرشی جیاواز دا، بارەگایەکی فیرقەی 7ی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فرقەی 5ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دووژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مرۆڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی 6 موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن."